یەکێتی مێژوویەک لە شانازی و شکۆ

09:56 - 2023-05-30
شوان شێخە قەرەنی
369 خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا هەورێكی رەش ئاسمانی باشووری کوردستانی تەنی بوو، کورد وەکو میللەت لەژێر ستەم و سەرکوتکردنێکی گەورەدا دەژیا و شۆڕشێکی دەیان هەزار پێشمەرگەیی رووی لە نشووستی کرد و هەر بە زیندوویی نێژرا، ئەو رۆژگارە باشووری کوردستان کەوتبووە ناو گێژاوێکەوە، کەس نەیدەزانی بەرەو کام چارەنووسی نادیار هەنگاو دەنێت، هەروەها بەهۆی رێگەی تەسلیم بوونەوە، کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا گوزەری دەکرد، خۆری هیوای کورد لە ئاوابوون بوو، لەم رۆژگارە ئەنگوستە چاوەدا، تروسکاییەکی هیوا لەلایەن کۆمەڵێک شۆڕەسواری نیشتمانەوە ئاهێکی بەبەر گەلەکەماندا کردەوە.
وەکو گڕکانێک بڵێسەی دا
لەو قۆناغە مێژووییە ناهەموار و ناجۆر و نائومێدییەدا، کە مۆڕاڵی داڕووخاو، هەستی نەتەوایەتی بێهودە بوو، بەرخودان و باوەڕبەخۆبوون ببوون بە سەربوردەی ماتەمی مەرگ و نشووستی و ئاش وێران و وڵاتەکەمان وەک ئاشی ئاو لێبڕاوی لێهاتبوو. لەم سەردەمەدا یەکێتی وەکو گڕکانێک بڵێسەی سەند و ئاوی بەبەر ئاشە وێرانەکەدا کردەوە.
ئەوێ رۆژێ چینە رۆشنبیرەکەی کورد لەژێر چەتری کارێزما و سەرکردەی مێژوویی رەوانشاد مام جەلال کۆبوونەوە و گڕیان لە شەوەزەنگی نائومێدی بەردا و تروسکەی هیوایان بۆ تاک بە تاکی کورد گێڕایەوە، بە بەرنامە و پلانی نوێ و مۆدێلێکی تری حزبایەتی هاتنەوە مەیدان و لەژێر چەتری رێکخراوێکی نیمچە بەرەیی هەموو دەنگ و رەنگ و ئاراستە جیاوازەکانی بیرکردنەوە کۆکرانەوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان پێکهێنا. 
سەرهەڵدان و دامەزراندنی یەکێتی، هەر زوو بوو بە جێگەی هیوا و رووگەی کوردستانی و ئازادیخوازان لە هەموو پارچەکانی تری کوردستانیش، بەشێوەیەکی خێرا یەکێتی توانی دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵک بەلای خۆیدا کەمەندکێش بکات، لە هەمان کاتدا بوو بە ژمارەیەکی حساب بۆکراو لە کوردستان و ناوچەکەدا، لەلایەن یار و نەیارەوە.

 

یەکێتی توانی دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵک بەلای خۆیدا کەمەندکێش بکات، لە هەمان کاتدا بوو بە ژمارەیەکی حساب بۆ کراو لە کوردستان و ناوچەکە و لەلای یار و نەیار

 

گرتنەبەری  هەموو رێگا و شێوازەکانی خەبات 
یەکێتی بۆ ناساندنی کورد و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس و هەروەها بۆ رزگاری و ئازادی کوردستان، هەموو رێگا و شێوازەکانی خەباتی گرتەبەر، لە ئاستی ناوخۆییدا لە پاڵ خەباتی چەکداریدا هەنگاوی گەورەی نا رووە و هۆشیاریی و رۆشنبیرکردنی کۆمەڵانی خەڵک، هەروەها ملی نا بە رژێمێکی خوێنمژی وەکو بەعس کە ژمارەیەکی دیاربوو لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و بەردوام بوو تا بۆ زبڵدانی مێژووی رەوانەکرد و کۆتایی بە حوکمی دیکتاتۆری رەفتار فاشیستی بەغدا هێنا، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش دۆزی کوردی ناساند.
ئاڵا سەوزەکەی لە لووتکەدا بهێڵرێتەوە
 لە یادی (48) ساڵەی دامەزراندنیدا خەبات و قوربانی و خوێنی شەهیدانی یەکێتی زیاتر دەخوازێت کە ئاڵا سەوزەکەی هەر لە لووتکەدا بێت و گەشاوە بێت، زامنی ئەوەش تەنها بە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ریفۆرمی راستەقینە دەکرێت، کە شایستەی مێژووی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و قوربانیی تێکۆشەرەکانی بێت، بەمەش گیانی مام و سەرجەم شەهیدان ئارام و ئاسوودە دەبێت.

بەرە و یادە مەزنەکەی حزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

وتارەکانی نوسەر