یەكێتی و پێگەی ژنان

09:57 - 2023-03-08
شەنگ شادمان
269 خوێندراوەتەوە

 هیچ حزبێك هێندەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هیچ سەركردەیەك هێندەی جەنابی سەرۆك مام جەلال گرنگی بە رۆڵ و پێگە و توانای ژن لە ناو حزبە كوردیییەکانی باشووری کوردستاندا نەداوە، بەشێوەیەك كە زەمینە خۆشكەر بوو بۆ هاتنەپێشەوەی ژنان لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و دەزگای دادوەریدا. 
هەڤاڵ مام جەلال هەمیشە لە بۆنە و رێوڕەسمەکاندا چ بە قسە و چ بە كردەوە گرنگیی بە پێگەی ژنان دەدا و تەئكیدی لەسەر بەشداریی چالاكانەی ژنان لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتی بواری سیاسەت و حزبایەتیدا دەكردەوە و بە كردەوەش ئەوەی سەلماند و تەنانەت لە بواری سەربازیشیدا گرنگی بە ژنان دەدا، بە شێوەیەك كە فەوجێكی تایبەتی بۆ ژنان لە ناو ریزەكانی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەدا پێكهێنا.
ئەوە مام بوو كە بۆ یەكەمجار بڕیاریدا ژنان وەك دادوەر دەست بەكاربن، ئەوە سەرۆک مام جەلال بوو كە رێژەی بەشداریكردنی ژنانی لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا بۆ 20 % كردە باو. ئەوە پێداگریی و داكۆكییەكانی جەنابیان بوو كە ژنان هەتا پلەی سەركردایەتی و تەنانەت مەكتەبی سیاسیش بەرزكرایەوە. ئەوە ماڵەكەی مام بوو كە دەرگاكەی بەڕووی ژناندا هەمیشە كراوەبوو و خۆی هەمیشە پێداگریی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە هەمیشە پشتیوان و یارمەتیدەری ژنان دەبێت. 
ئەوە سەرۆك مام جەلال بوو ئامادە نەبوو بڕیاری لە سێدارەدان بۆ هیچ كەسێك ئیمزا بكات، بەڵام ئامادەبوو بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو پیاوانە ئیمزا بكات كە ژن دەكوژن. بەڵی مام بەمشێوەیە بەرگریی لە مافەكانی ژنان دەكرد، چونكە بڕوای بە توانا و بەهرەكانی ژنان هەبوو، هەوڵی بۆ یەكسانی لە نێوان پیاوان و ژناندا دەدا و دەیویست ژنان وەك نیوەی كۆمەڵ چالاك و بەشداربن و تواناكانی خۆیان بۆ باشتركردنی كۆمەڵگە بخەنەگەڕ.
ئێستاش دوای كۆچی مام، سەرۆك بافڵ و كاك قوباد هەردووكیان پشتیوان و هاندەر و داكۆكیكاری مافەكانی ژنانن و بە رێچكەكەی جەنابی مامدا دەڕۆن. 
هەربۆیە پێویستە پاش ئەم هەموو پشتیوانی و داكۆكییە، ژنانی ناو ریزەكانی یەكێتی زیاتر هەوڵ بدەن بۆئەوەی پێگەی سیاسی و زانستی و كۆمەڵایەتی خۆیان بەرزبكەنەوە و چاویان لە ئاسۆیەكی روون بێت بۆئەوەی پلە و پۆستەکان بە شایستەیی و سەركەوتوویی ببڕن. 
سەرنج بدەن لە دوای رووخانی بەعسەوە، چوار سەركردەی كورد بوون بە سەرۆك كۆماری عیراق و چوار ژنی ناو ریزەكانی یەكێتی بوون بە خانمی یەكەمی عیراق و رۆڵیان هەبووە، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كورد بە گشتی و یەكێتی بە تایبەتی. بۆیە هەروەك د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «ژنان دەبێت لە ئایندەدا هەوڵ بدەن پۆستی گەورەی وەك پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت وەربگرن».
بەڵێ ئەوە یەكێتی بوو كە رێگەی خۆشكرد ژنان بتوانن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستبهێنن، ئێستا ژن هەیە پۆستی وەزارەت و سەرۆكی شارەوانی، سەرۆكی زانكۆ، بەڕێوەبەرایەتییەكانیان بەدەستە و بە باشی ئەركەكانییان جێبەجێ دەكەن و جێ دەستیان دیارە.
 پێویستە ئەوەش بوترێت ئەم هەموو سەركەوتنانەی کە ئێستا ژنان بەدەستیان هێناوە، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی و داكۆكییەكانی مام جەلال و هەوڵی ژنان خۆیان.

وتارەکانی نوسەر