ئیرادە هەوێنی خەباتە

10:00 - 2023-06-05
شەنگ شادمان
367 خوێندراوەتەوە

هەر بزووتنەوە و خەباتێك بەبێ بوونی ئیرادە چ بە شێوەی تاك وەك سەرۆك و چ گشتی وەك جەماوەر ئەگەر لە ئارادا نەبێت، ئەو خەبات و بزووتنەوەیە سەرناكەوێت و سەركەوتوو نابێت، چونكە ئیرادە جەوهەری خەبات و تێكۆشانە.
48  ساڵ لەمەوبەر پاش ئەوەی كە شۆڕشی ئەیلول بە هەر هۆیەك بێت تووشی داڕمان و هەرەس هات، هێشتا سێ مانگ بەسەر ئەو نسكۆیەدا تێنەپەڕی بوو كە ئیرادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش، ئەویش شۆڕشێكی نوێ بە دروشم و پلان و ستراتیژی نوێ دەستیپێكردووە.
 48 ساڵ لەمەوبەر کە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروستبوو، بێهیوایی و نائۆمێدی باڵی بەسەر ئاسمانی كوردەواریدا كێشا بوو و كەس بە تەمای ئەوە نەبوو كە جارێكی دیكە خەبات و تێكۆشان دەستپێبكاتەوە، لە دۆخێكی لەو جۆرەدا سەرۆك مام جەلال بە هاوڕێیەتی چەند شۆڕشگێرێكی دیكە خەباتی نوێیان لەژێر ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین دەستپێكردەوە، ئەوەش بە مانای ئیرادە و هیممەتی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەمان بوو. ئیرادە كە بە جەوهەری خەبات و بە شادەماری شۆڕش وەسف دەكرێت لەناو دڵ و دەروونی مام جەلال و هاوڕێكانیدا هەبوو. 
ئیرادە زۆرجار بە مانای ویست و داخوازی و توانایی و پایەداری و تەنانەت بڕیاردان و كردار دێت كە هەموو ئەوانەش لەناو یەكێتییدا هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا بینراوە و كاری پێكراوە و بەشێك لە پڕۆگرامی یەكێتی بووە و دەشبێت. 
هەر بۆیە ئەگەر مام و هاوڕێكانی ئیرادەیان بڵند بووبێت و خەباتیان دەستپێکردبێتەوە، ئەوا لە ئێستاشدا یەكێتی ئیرادەی بەکاردێنبێت كە هەر وەك پێشوو داكۆكیكارێكی سەرسەخت بێت بۆ مافەكانی نەتەوەكەمان لە هەر كام لە بەشەكانی كوردستان بێت و دەبێت بە هەمان ئیرادە رووبەڕووی گەندەڵی و ناهەقی و نایەكسانی ببێتەوە.
 هەر خەبات و بزوتنەوە و شۆڕشێك ئەگەر سەرەتا ئیرادە و دواتر پلان و ستراتیژ و تاكتیكی نەبێت بە كۆرپەیی لە دایك دەبێت و كورد وتەنی داری لار سێبەری لاری دەبێت. 
ئیرادە و بوێری و حیكمەتی جەنابی مام جەلال بوو كە شۆڕشی نوێی گەلەكەمان گەیشت بە ئێستا و هیوادارم لە داهاتووشدا بە حیكمەت و بەرنامەی یەكێتی، ئەو مافانەی گەلەكەمان بەدەستبێت کە هێشتا ماون و هەموو خەونەكانی كورد بەدیبێت. 

*لێپرسراوی كۆمیتەی شەشی  شێخ محێدین لە سلێمانی

وتارەکانی نوسەر