كورسی پێكهاتەكان، كێشە یان چارەسەر؟

09:30 - 2024-02-25
شەنگ شادمان
157 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لەسەر سكاڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دادگای فیدراڵی عیراق لە 21 ی ئەم مانگەدا 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكانی لە پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە، رەنگدانەوەی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا.
هەندێك لەلایەنەكان بە تایبەتی توركمان، كلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن، بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری و بە پێچەوانەی دەستووری عیراقی دەزانن، لایەنەكانی دیكەش رێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن و بەگەڕانەوەی ماف بۆ پێكهاتەكانی دەزانن.
لەبارەی قانوونی بوون یان نەبوونی بڕیارەكە هیچ ناڵێم، چونكە من كەسێكی قانوونی نیم و بابەتەكە بۆ كەسانی قانوونی و شارەزا بەجێدێڵم، بەڵام لێرەدا پرسیارێك بۆ من هاتۆتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئایا بە راستی ئەو 11 كەسەی كە خۆیان بە نوێنەری پێكهاتەكان دەزانی نوێنەری پێكهاتەكان بوون یان نوێنەری لایەنێكی سیاسی (پارتی) بوون؟ ئەگەر نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بوون بۆچی هەمیشە دەنگیان لەپاڵ دەنگی پارتی بوو؟ بۆچی لە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان رۆڵی راستەقینەی خۆیان نەدەگێڕا؟ بۆچی بەڵێی پارتی، بەڵێی ئەوانیش بوو؟ بۆچی هەرچی پارتی وتبای نەخێر، ئەوانیش دەیانوت نەخێر. بۆیە پێموایە بەرلەوەی پێكهاتەكان گلەیی و گازەندە لە بڕیاری دادگا بگرن و تۆمەت ئاڕاستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەن، دەبێت گلەیی لە نوێنەرانی خۆیان بكەن ئەوكاتەی كە لەپەرلەمان بوون بە ناو نوێنەری پێكهاتەكان بوون و بە كردەوە لە گەڵ پارتی بوون. هەر ئەمەش وایكرد كە گومان لە لای حزبەكانی بەشداربوو لە پەرلەمان (جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان) دروست بێت كە ئەوان نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان نین و بەئاقاری پارتی هەنگاو دەنێن.
هەم جەنابی سەرۆك مام جەلال و هەم یەكێتی هەمیشە لەگەڵ مافی كەمینەكان و پێكهاتەكان بوون و پشتگیر و پاڵپشتیش بوون، بەڵام ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە دەبێت نوێنەری پێكهاتەكان، بە مانای راستەقینە نوێنەر بن و بەرگری لە مافی پێكهاتەكان بكەن، نەك بەرگری لە بەرژەوەندی حزبێك و لایەنێكی سیاسی، هەربۆیە هیوادارم لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان كە بتوانێت بەرگری لە مافەكانیان بكات هەڵبژێرن و هەرگیز نەبنە دەنگی حزبێكی دیكە و ئازادانە وسەربەستان رۆڵی خۆیان لەناو هۆڵی پەرلەماندا بگێڕن و لەبری ئەوەی كێشە بن، بەشێك لە چارەسەر بن، نەك ئەوەی لەهەر بڕیاردانێكدا لە بەرژەوەندی لایەنێكی تایبەت دەنگ بدەن. 

وتارەکانی نوسەر