راپەڕین، بەرهەمی یەكگرتن و هەستانەوە

09:24 - 2023-03-12
ئارێز عەبدوڵڵا
532 خوێندراوەتەوە

راپەڕین خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی و قۆناغی هەرە گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستانە، بۆیە هەمیشە شانازیی پێوەدەكەین و بەوپەڕی شكۆوە یادی دەكەینەوە. ئەگەر بۆنە نیشتمانییەكان بۆ گەلانی جیهان گرنگ و مێژوویی بن، ئەوا راپەڕین بۆ گەلی كوردستان زۆر مێژوویی و گرنگترە، چونكە لە هەلومەرجێكی هێندە دژوار و ناهەمواردا سەریهەڵدا، دەتوانین بڵێین: كورد بە راپەڕین سەری خۆی كڕیەوە.
دەتوانین بەم خاڵانەی لای خوارەوەش، بە پوختی گرنگی و بایەخە مێژووییەكەی دەربخەین:
یەكەم: هەلومەرج و دەرفەت
دوای ئەنفال و كیمیابارانكردن، گەلی كوردستان گەیشتە سەر لێواری قڕان، بەڵام كاتێك بە هۆكاری سیاسەتە فراوانخوازی و ملهوڕییەكانی سەدام حسێن، دەرفەتی هەستانەوە و دەستكردنەوە رەخسا، گەلەكەمان لەدەستی نەدا و بە باشترین شێوەش قۆستییەوە.
دووەم: بەشداریی گشتی
 بەشداریی تێكڕای خەڵك لە راپەڕین، تەواوی چینوتوێژەكانی یەكخستەوە و (نیشتمان و گەل) بوونەوە ناسنامەی سەرەكیی تاك بە تاكی گەلی كوردستان.
سێیەم: یەكانگیریی خەباتی شاخ و شار
یەكەمجار بوو لە مێژوودا بزووتنەوە چەكدارییە رزگاریخوازییەكەی گەلی كوردستان و خەڵكی شار و ئۆردوگا و گوندەكان بەو شێوە گشتگیرە یەكبگرن، یەك دەنگ و یەك دەست رووبەڕووی رژێمی داگیركەری بەغدا ببنەوە.
چوارەم: لێبووردنی گشتی
سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی، بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەركرد كە زووتر هاوكاریی رژێمی داگیركەری بەغدایان كردبوو. هەرچەندە ئەو لێبوردنە گشتییە بۆ كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی دەستی رژێم زۆر قورس بوو، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە مایەی یەكخستنەوەی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بوو لە مێژووی گەلەكەماندا.
پێنجەم: هەمەڕەنگیی راپەڕین
بەشداریكردنی هەموو حزب و رێكخراوە كوردستانییەكان لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی راست، لەپێناوی ئامانجە گشتییە نیشتمانییەكان، زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، چونكە هەموو لایەنەكان هەستیان بە بەرپرسیارێتیی قۆناغەكە «واتە قۆناغی رزگاریی نیشتمانی كرد» و لەو پێناوەشدا بەپێی توانا و هێزی خۆیان بەشداربوون. ئەوەش بۆ دوای راپەڕین بنەمای دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی بوو، بەڵام بەداخەوە زۆری نەبرد زەمینەی سەقامگیركردنی ئەو سیستمە لەباربرا.
شەشەم: بەرەی كوردستانی
ئەو بەرەیە پێش راپەڕین دامەزرابوو، بەڵام زۆر گرنگ بوو، چونكە راستەوخۆ رێبەرایەتی راپەڕینی كرد و لەدوای پاكردنەوەی شار و ئۆردوگا زۆرەملێكان، بۆشایی بەڕێوەبردنی؛ پڕكردەوە، دواتریش بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دا.
حەفتەم: پەرلەمان و حكومەت
دوو دەستكەوتی هەرە گەورەی راپەڕین بوون، چونكە لەسایەی راپەڕیندا گەلی كوردستان توانی پەرلەمانی خۆی هەڵبژێرێت و پەرلەمانیش حكومەت پێكبهێنێت. ئەو دوو دامەزراوە نیشتمانییە و بەگەڕخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەرییش نەك هەر كاروباری وڵاتیان بەڕێوەبرد، بەڵكو بوونەمایەی دڵنیایی و سەقامگیریی (بەدەر لەماوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ)، دواتریش هەرێمی كوردستان بەو دامەزراوانەوە رۆڵێكی سەرەكی لە پڕۆسێسی ئازادیی عیراق و رووخاندنی رژێمی سەدام، گێڕا.
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین: رۆژی سەربەخۆیی ئەمریكا بۆ ئەمریكییەكان، سەربەخۆیی چین بۆ چینییەكان، شۆڕشی فەرەنسا بۆ فەرەنسییەكان، رزگاریی جەزائیر بۆ جەزائیرییەكان چەند گرنگن، ئەو راپەڕینە شكۆدارەش بۆ گەلی كوردستان هێندە و پتریش.
لە كۆتاییدا پێویستە دانبەوەدابنێین، كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی راپەڕین و بەرەی كوردستانی رێبەرایەتی كرد، بەڵام لەناو بەرەی كوردستانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی سەرەكی لە پلانداڕشتن، هوشیار و ئامادەكردنی شانە چەكدارەكان، ئەندام و لایەنگرانی لە ناوەوە، ناردنە خوارەوەی هێزی پێشمەرگە و جۆشدانی خەڵك بە راگەیاندن؛ هەبوو، كەچی زۆر بەداخەوە ئێستا هەندێ كەس و لایەن، بەدەر لە دروشم، ئامانج، گیان و پرەنسیپەكانی راپەڕین، بە پیلان و پلان، خەڵكی چەواشەدەكەن و هەوڵدەدەن راستییە مێژووییەكان بشێوێنن، بەڵام مێژووی راپەڕین وەك خۆرە و بە بێژنگ بەری ناگیرێت.

وتارەکانی نوسەر