ئارێز عەبدوڵڵا
هەڵمەتی راگەياندنی پارتی لەسەر يەکێتی و سلێمانی گەيشتووەتە ئاستی ( شەلم، کوێرم، هيچ نابوێرم) ئەوە لە کاتێکدايە، کە هەمووی چەند رۆژێکی بۆ يەکەم دانيشتنی خولی نوێی پەرلەمان و ماوە دەستيش کراوە بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت!
ئايا ئەو بارودۆخە پێويستی بە ئارامی و رەخساندنی کەش و زەمينەی رێکەوتنە لەسەر ئايندەی وڵات يان تێکەڵکردنی دۆ و دۆشاو؟!
ئەو هەڵمەتە لە خۆڕا نييە، بەندە پێموايە دوو هۆکاری لە پشتەوەن:
يەکەم: ماوەيەکی زۆر بوو پارتی هەرچی دەويست و هەرچی دەيکرد بۆی دەچووە سەر، بەڵام ئێستا هەم يەکێتی و هەميش هەلومەرجەکان گۆڕاون، بۆيە هێشتا لەگەڵ ئەم دۆخە نوێيەدا رانەهاتووە و ئەنجاميش لەگەڵیدا ناگونجێ.
دووەم: هەرچەندە باسی يەک هەرێمی و يەک حکومەتی و يەک هێزی دەکات، بەڵام ئاشکرایە کە، ئەو هەموو يەکانەی بۆ يەک حزب و يەک کەس دەوێن. ديارە پاراستنی قەوارەی هەرێميش هەر تەنيا ئەرکی يەکێتی و پارتی نييە، بەڵکو ئەرکی نيشتيمانيی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر نيەتێکی شارەوەش لە پشتی ئەو هەموو دووبارەکردنەوەدا نييە، کێ باسی دوو هەرێمی و سێ هەرێمی کردوە تا ئەوەندە پێی لەسەر دابگرێ؟!
نايشارمەوە من هەست بە مەترسی دابەشکردنەوەی هەرێم دەکەم، چونکە ئەو ئاراستە سياسيە گشتيە و ئەو هەڵمەتە راگەياندنەی پارتی لەو هەلومەرجە ناسکەدا بە ئاگايی بێ يان بێ ئاگا وڵات بەرەو چارەنووسێکی نەخوازراو دەبەن.