پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا!

10:25 - 2025-02-23
ئارێز عەبدوڵڵا
205 خوێندراوەتەوە

گریمان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا داوای شەڕ راگرتن و چەکدانانی کرد، ئایا دەوڵەت چ هەنگاوێک دەنێت؟

ئاشتی نەک هەر بۆ کوردی باکوور، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی تورکیا و سوریا و هەرێمی کوردستانیش زۆر پێویست و گرنگە، بەڵام ئەوەی دیارە تا ئێستا هەموو ئاماژەکانی دەوڵەتی تورک پێچەوانەی ئەو راستییەن، بۆیە ناکرێت بڵێین پرۆسەی ئاشتی کارایە، چونکە ئەوەی هەیە پرۆسەی ئاشتی نییە، بەڵکو هەوڵی دەستپێکردنە.

ئاشتی لە تورکیا لە نێوان پێشوازی و رەتکردنەوەی لەلایەن هەندێک لە سیاسییەکان

ئایا پرۆسەکە دەست پێدەکات؟
پێموایە هێشتا هەلومەرجەکان نەڕەخساون و کارێکی ئاسانیش نییە، نەک لەبەر ئەوەی زۆر سەختە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە دەجووڵێنەوە. 
ئاشکرایە پرۆسەکە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پەیوەندییەکیشی بە رۆژئاواوە هەیە، واتە ئەگەر ئەردۆغان دڵنیا بێتەوە لەوەی ترەمپ دەستبەرداری رۆژاوا نابێ و لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورپییەکانی دەستەبەری مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا دەکەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیاش بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی راستەوخۆ هەنگاوی جددی و خێرا دەنێ. 
تورکیا بۆ هەردوو ئەگەری دەستبەرداربوون و ئەگەری گۆڕانکارییەکانی داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پلانی داڕشتووە. لەلایەک هەوڵدەدات ئەزموونی رۆژاوا لە ناوببات و لەلایەکی دیکەش لە ترسی هاتنە پێشەوەی پێشهاتی تری نموونەی سوریا لە رێگای دەوڵەت باخچەلییەوە دستپێشخەرییەکی کرد. 
ئێستا چاوی دۆست و دوژمن لەسەر هەڵوێستی ترەمپە، ئایا دەست بەرداری رۆژاوا دەبێت؟
رەنگە نەبێ، چونکە بە هەموو پێوەرە لۆجیکییەکان چارەسەرکردنی پرسی کورد لەبەرژەوەندیی ئاشتیی ناوچەکە و سەقامگیریی نێو دەوڵەتییە، بەڵام بۆشی هەیە ئەردۆغان ئاراستەی سیاسی ترەمپ پێچەوانە بکاتەوە و باسی نیشتەجێکردنی کوردیش لە جێگایەکی دی بێتە گۆڕێ!
پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگی تورکیا بۆ رۆژاواش گرنگە، چونکە پاساو بۆ گوشارەکانی دەوڵەتی تورک نامێنێ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە پشتگیریکردنی کورد باری سووکتر دەبێت. ئەگەر دەست پێبکات گەلی رۆژاوا راستەوخۆ دەتوانێ گفتوگۆیەکی هاوسەنگ لەگەڵ شام بکات، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم تا ئەم ساتە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بە دوور دەزانم، چونکە:
- لێدوان و هەڕەشەکانی کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەتی تورک پێچەوانەی خواستی ئاشتی و دیالۆگی چارەسەرین.
- باسی پرسی ئاشتی یەکلایەنە دەبینرێت.
- تا ئێستا هیچ جۆرە ئامادەکاری و زەمینەسازییەکی دەوڵەت بۆ ئەو بابەتە نابینرێت.
- تا دێت گوشارەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەموو ئاستەکان (سەربازی، ئاسایش، سیاسی، دیپلۆماسی) لەسەر کورد گەورەتر دەبن.
- هیچ ناوبژیوانێک لە نێوان کورد و دەوڵەتدا نییە.
بە کوردی و بە کورتی، ئەوەی دیارە، تورکەکان داوای چەکدانان و تەسلیم بوون دەکەن و هیچی دی.
گریمان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا داوای شەڕ راگرتن و چەکدانانی کرد، ئایا دەوڵەت چ هەنگاوێک دەنێت؟ 
با وای دابنێین لەپێناوی ئاشتیدا، پەکەکە چەک دابنێت و رێگایەکی دوور و درێژی گفتوگۆ بگرێتەبەر، ئایا ئەوکات هەر بە چاوی پەکەکە سەیری هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ناکرێت؟ 
جارێ نازانرێت بەنهێنی چی دەگوزەرێت، ئەگەر لە ژێرەوە شتێک هەبێ ئەوە جیایە، دەنا ئەوەی دیارە پێناچێت هیچی لێ سەوز بێت.
*ئەندامی سەرکردایەتیی (ی.ن.ک)

وتارەکانی نوسەر