کابینەی نوێ و یەکێتی و پارتی

07:24 - 2024-12-02
ئارێز عەبدوڵڵا
60 خوێندراوەتەوە

بەپێی یاسا و نەریتی دیموکراسی ئاساییە لایەنێک بە تەنیا یان چەند لایەنێک زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن و کابینە پێکبێنن، بەڵام لە کوردستان بە جۆرێکی ترە، چونکە دوو هێزی سەرەکی هەن، هەر یەکەیان هەژموونی تەواوی بەسەر بەشێکی کوردستاندا هەیە و هەلومەرجەکانیش بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی ئاسایی لەبار نین، بۆیە لەم قۆناغەدا تاقە رێگا رێکەوتنی ئەو دوو لایەنەیە.
ئەوەی زاندراوە یەکێتی ئامادە نییە وەک جاری جاران بەشداری لە حکومەتدا بکات و پارتیش هێشتا هەر فیزی زۆرینە لێدەدات. کەواتە ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێت. ئەگەر ئەو دوو هێزە عەرەب گووتەنی (عادَتْ حَليمة إلى عادَتِها القَديمة)بێ هەر خولانەوەیە لەناو ئەو بازنە خڕەی 32 ساڵە گەمارۆی دەسەڵاتی داوە.
ئەگەر بە وردی سەیری حکومەتی هەرێم بکەین دەبینین ئەوەندەی دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی چەکدارییە، نیو ئەوەندە حکومەتێکی دەوڵەتداری و خاوەن ڕەوایەتی یاسایی نییە!
ئایا ئەوە بۆچی؟
 چەندین ساڵە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت هەر لەناو ئەو بازنەیە دەسوڕێنەوە، کە نە دەرگای تێدایە و نە گەشەش دەکات. ئەگەر وا نەبوایە ئەوا دەبوو پێکهێنانی حکومەت کارێکی سەخت نەبوایە.
 یەکێتی داوای گۆڕانکاری لە سیستم و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەکات. دەکرێت ئەوە بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، بۆ ئەوەی بتوانین لە کابینەی داهاتوودا هەنگاوی گرنگ بنێین و کۆتایی بە قۆناغی راگوزەر بێنین. 
دیارە لەو سۆنگەیەوە پۆستە باڵاکان گرنگن، بەڵام پۆست هەر لەپێناوی پلە و پایە نەبێت، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە کە یەکێتی لە بەشدارەوە ببێتە هێزێکی هاوبەش.
 ئەگەر ئەمجارە لەسەر بنچینەیەکی نیشتمانی و  بە ئامانجی گۆڕانکاری ریشەیی نەبێت، کابینە زوو پێکبێت یان درەنگ هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر کابینەیەکی جیاواز پێکبێت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیشیان دەسەڵاتداری رەها و لەسەرووی لێپرسینەوەی پەرلەمانی و دادگایی نەبن، واتە ئەوانیش هەر تەنیا بەڕێوەبەر و فەرمانبەری دەوڵەت بن دەتوانین بڵێن شتێکمان بە شتێک کردوە و مەرجەکانی یەکێتیش لەو پێناوەدان.

وتارەکانی نوسەر