ئەو هەڵبژاردنەی یەكێتی دەیەوێت بكرێت

09:28 - 2023-03-13
د.شیلان فەتحی
217 خوێندراوەتەوە

یەكێتی هێزێكی گەشەسەندووی قۆناغە جیاوازەكانە، هەر بۆیە لە سەرەتای دروستبوونیەوە جیاواز لە هێزەكانی تر هاتەناو خەباتی سیاسی و فیكری و چەكدارییەوە، هەمیشە بۆ هەلومەرج و بارودۆخ و هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، پێشبینی و خوێندنەوەی پێویستی هەبووە، بە ئاڕاستەیەك یەكانگیر بێت لەگەڵ ئامانج و ئاڕاستەی سیاسی حزبەكە و ویستی خەڵكی كوردستان، هەڵبژاردن و بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگە و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری پێویست، لەتەك پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا لە گرنگترین پلان و ستراتیژی ئامانجگیری یەكێتین.
توندیی و سازشنەكردنی ئەمجارەی یەكێتی وەك هەموو قۆناغەكانی پێشوو لەمەڕ پێداگری گەیشتنە ئەنجامی ویستراو، هەڕەمەكی نەبووە. ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا بە ئێستاشەوە هەندێ لایەن هەن بۆ بابەتێكی دیاریكراو یان ئەجێندایەكی سەپێندراو كە خزمەتێكی سنوورداری مەرامی تەسكی حزبی دەكات، بۆ تام و چێژی هەوای عینادی و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی توندبوونە و سازشیان نەكردووە. هەڵبژاردن ویستی هاووڵاتیانە، پێویستییەكی گرنگی نوێكردنەوەی گرێبەستی حوكمڕانییە. سەركردایەتیی یەكێتی و سەرۆكەكەی بە روونی و بە شانازییەوە بانگەشەی بۆ دەكات و داوای شەفافییەتی تەواوەتی دەكات لە پڕۆسەكەدا.
جەماوەری یەكێتی بەتایبەتی و هاووڵاتیان بەگشتی، بەهۆی سازشكردنی یەكێتییەوە بەزۆر شێواز لە پێشوودا، لە چەند قۆناغێكدا سزای یەكێتییان داوە، تەنانەت تانەلێدان و لۆمەكردنی یەكێتی هەموو لایەك پێی دەزانێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا یەكێتی هێزێكی كاریگەری خاوەن مێژووە، خاوەن ستراتیژی خزمەتكردنە بە داهاتووی خاك و گەلەكەی. هەربۆیە كاتێك پرسێكی گرنگی وەك هەڵبژاردن دێتەپێش، جوامێرانە بە روونی لە پەیامی سەركردایەتییەكەی و خودی سەرۆكی حزبەكەوە داوا و پێداگری هەڵبژاردنێكی پاك دەكات كە تیایدا مافی دەنگدەر و لایەنەكان و كۆتاكان پارێزراو بێت.
پاكی تۆماری دەنگدەران، سیستم و شێوازی پڕۆسەی هەڵبژاردن هاوشێوەی عیراق، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پێداچوونەوە بە ژمارەی كورسی كۆتاكان، خاڵی گرنگ و شایان بە پێداگری تەواوی یەكێتیبوون، دواجار ئەوەی بەهۆی ساختەكاری و تەڵە و تاكتیكی سیاسی و بەكارهێنانی لایەن و كورسی كۆتاكان ببێتە حكومڕان، گومانی تێدا نییە حكومڕانییەكی ساختە و بێ ناوەڕۆكی هاووڵاتیان و دۆزی رەوای گەلەكەمان دەكات.
بۆیە ئەركی هێزە نیشتمانی و مەدەنیخوازەكانە لەپاڵ یەكێتی بن و ببنە پشتیوانی ویستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن، چونكە ئەو هەڵبژاردنەی یەكێتی لەماوەی رابردوودا تا ئێستا شەڕی سیاسی لەسەر دەكات هەر خزمەت نییە بە هێزێكی دیموكراتخوازی وەك یەكێتی، بەڵكو خزمەتە بە هەموو دەنگدەران و زۆربەی لایەنەكانی گۆڕەپانی سیاسی.
خودی شەڕە سیاسییەكەی ئەمجارەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و راست، دەرخەری ئەوەیە كە بەڵێ یەكێتی هێزی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێك كە لە ئاست ویستی دەنگدەردا بێت لە رووی پاكییەوە، لە ئاست ویستی سیاسی هێزە دیموكراتخواز و مەدەنییەكاندا بێت، لە پێناوی گەیشتن بە ئەنجامێكی وەها كە هاووڵاتیان لەسایەیدا بحەسێنەوە.

وتارەکانی نوسەر