بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم ساتەوەختە هەستیارەی مێژووی خەباتی حزبەكەدا و لەم بارودۆخە سیاسییەی كە هەرێم پیایدا تێدەپەڕێ، بە تایبەتی كە بارودۆخی سیاسی هەرێم لە چوارچێوەی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا ئاڵۆزە و لەسەر ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان عیراق و هەرێم بە شێوەیەكی گشتی و یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی گۆڕەپانی سیاسی عیراق بە تایبەتیش ئاڵۆزە، بە گرنگترین و بوێرانەترین هەنگاو دادەنرێت، بە تایبەتیش كە ئێمە لەبەردەم دوو پڕۆسەی هەستیاری هەڵبژاردنداین لە عیراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بەدوور نازانرێ هەڵبژاردنی پێشوەختی نوێنەرایەتیش لەسەر ئاستی هەموو وڵات بكرێت.
دەتوانین چەند خاڵێكی گرنگ هەڵهێنجین و تیایاندا گرنگی بەستی كۆنگرە لەم ساتەوەختەدا بخەینە روو.
لەسەر ئاستی ناوخۆ بەستنی گۆنگرە، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی دیموكراسی لە ناو ریزەكانی یەكێتیدا، چونكە بەستنی كۆنگرەكە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بنەماكانی دیموكراسی ناو حزب و باشتركردن و پتەوكردنی پڕۆسەی بڕیاردان و بنەمای شەفافیەت، هەروەها گومانی تێدا نییە كە كۆنگرە دەبێتە هۆی نوێكردنەوەی ئامانجە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و دانانی پلان و ستراتیجی نوێشی لێدەكەوێتەوە، كە نەخشەڕێگای نوێ بۆ سەركردە و كادرانی حزب روون دەكاتەوە، تا بگەنە ئامانج و حزب بگەیەنن بە پێگەیەكی سیاسی شایستە، ئەو پێگەیەی كە پێشتر و بەر لە لێكترازان و جیابوونەوەكان و پێش زیاتر لە 10 ساڵ هەیبووە، ئەو پێگەیەی هەموومان مەبەستمانە پێی بگاتەوە، تا بتوانێ رۆڵی كاریگەری خۆی بە جوانی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان بگێڕێت.
بیرمان نەچێ، دروشمی كۆنگرە (نوێبوونەوە لە كردار و كۆدەنگی لە بڕیار)، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتییەكەی باوەڕیان بە یەكێتیی رێزەكانی حزب هەیە و دەیانەوێت خوێنی نوێ بەبەر گیانی حزبدا بكەنەوە و بە هزری سەركردەی نوێ بیبووژێنێتەوە، تا لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتی بتوانێ شانبەشانی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەكە هەنگاو بنێت و نەوەكانی داهاتوو لە ژێر چەتری یەكێتی و رێكخستنەكانیدا كۆبكاتەوە، ئەویش لە رێگەی كۆنگرەوە دەبێت، چونكە كۆنگرە دەبێتە مینبەرێكی هاوبەش بۆ سەرجەم ئەندامانی یەكێتی، بە هەموو توێژ و تەمەنەكانەوە، هەر لە پێشمەرگە دێرینەكانەوە تا دەگات بە ئەندامی نوێ.
لەسەر ئاستی عیراق، دەتوانین ئاماژە بە دوو لایەن بكەین، یەكەم كاریگەریی سیاسییە، كە یەكێتی دەتوانێ لە رێگەی بەستنی كۆنگرە و ئەو بەرنامانەی تیایدا پێشكەش دەكرێن و دەنگیان لەسەر دەدرێت، جەخت لەسەر بەهێزكردنی هاوكاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حزبەكانی دیكەی عیراقدا بكاتەوە، بە مەبەستی سەقامگیریی زیاتر و بەكارهێنانی ئەو پەیوەندییە پتەوەش لەپێناوی مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و دابینكردنی مافی هاوبەشیكردنی راستەقینە لە عیراقدا. ئەوەشمان بیر نەچێت كە سەركەوتنی كۆنگرە رۆڵی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا بەهێز دەكات و بەوەش دەتوانێ هاوسەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا بەدیبهێنێت.
لەسەر ئاستی جیهانی، سەركەوتنی كۆنگرە دەبێتە هۆی راكێشانی زیاتری پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئامانج و ستراتیجەكانی حزب و دۆزی رەوای كورد، لەگەڵ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا بە گشتی.
لەبەرئەوە، بەستنی كۆنگرە و سەركەوتنی بۆنەیەكی گرنگە بۆ چالاككردنەوەی سیاسەتی حزب و ستراتیجەكانی و بەرنامەی نوێ بەرهەم دەهێنێت، بە ئاراستەی بەهێزكردنی پێگە و رۆڵی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراقی و نێودەوڵەتی.
* مامۆستای زانكۆ
و: فاروق سەعید حەسەن