وەرزی هەموو جۆرەکانی ئەنفال

11:03 - 2025-05-12
د. شیلان فەتحی هەمەوەندی
73 خوێندراوەتەوە

لەسەرەتای بەهارەوە بۆ کۆتایی هاوین وەرزە خەمبارەکەی وێستگەکانی ئەنفالە، لە ئەنفالی قۆناغی یەک بۆ قۆناغی هەشت، ئەم خەم و پەژارەیە لەو ماوەیەدا هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و هەموو کوردستان دەگرێتەوە، بەتایبەتی پارێزگای کەرکوک. 
جەژنی راپەرین و نەورۆز و بەهار، زۆر ناخایەنێت و تووشی پەژارەی ئەنفال دەبین، ئەمە رەنگە ناخۆشترین ئاماژە بێت بۆ چارەنووسی گەلەکەمان کە بەهارەکەمان زۆر ناخایانێت و حەسرەت و فرمێسکی خەمی بەسەردا دێت.
ئەنفال کۆکتێلێکە لەو تاوانانەی بەعسی فاشی پێ ناسراوەتەوە، تایتڵی ئەنفال، بەڵام لە هەندێ شوێن راگوێزانە، لە هەندێکی تر سووتماکی خاکە، لە جێی تر زیندانی و دەستبەسەراگرتنە، لە شوێنی تر کیمیاباران و بە کارهێنانی غازی خەردەلە. تەعریب و تەرحیل لە پرسی ئەنفال زەقە، کوشتن و رفاندن، ئەزێتدان و هەڵاتن بەشێکی تری ئەنفالە، هەموو تاوانەکانی بەعسی لێ بێ بەش نەبووە. 
بۆیە یادکردنەوەی ئەنفال لەم وەرزەدا، چڕکردنەوەی هەموو جۆرەکانی کورد کوشتنە لە لایەن دوژمنانی گەلەکەمانەوە.
ئەنفال بە هەموو وێستگە و هەموو جۆرەکانی دژایەتی کردنی میللەتەکەمان، هەمیشە لە یادماندا دەمێنێتەوە و هەمیشەش وەکو پەژارەیەکی هەتا هەتایی دەمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر