کابینەی نوێ، هاوسەنگی و بەشداریی راستەقینە

09:43 - 2025-03-06
د. شیلان فەتحی هەمەوەندی
178 خوێندراوەتەوە

یەکێتی و پارتی وەکو دوو گەورەترین براوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی پەرلەمانی کوردستان، بژاردەی باشی بەردەمیان پێکەوە کارکردن و پێکهێنانی کابینەی تازەیە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز و بەشداربوونی راستەقینەیان، ئەوە دەرفەت بۆ بوونی ئۆپۆزسیۆنیش دەڕەخسێنێ کە شێوازی کارکردن و بەرنامەی خۆی لێ دیاربێت، رەنگە ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.

یەکێتی بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە ناهاوسەنگیی هێزی بڕیاردان و نایەکسانی لە کەرتی خزمەتگوزاریی هەیە، دەتوانێ  پێداگیریی لە پێگەی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمدا بکات، نەخشەڕێگەی خۆی بکاتە بنەمایەکی گرنگ بۆ کارنامەی حکومەت و لەوێوە هەم هاوسەنگی بۆ هێزی بڕیاردان بگەڕێنێتەوە، هەمیش رێگری بکات لە ناهاوسەنگی لە پێشکەشکردنی خزمەتکردنی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە یەکێتی زۆر پەرۆشێتی.
مەترسیی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵک و قەوارەکەی هەیە، بەشی زۆریان پەیوەندیی بە پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەکانییەوە هەیە، چونکە خراپی پەیوەندیی ئەوان دەرفەت دەداتە ئەوانی دیکە کوردستان لاواز بکەن، لەو رووەوە یەکێتی ویستی یەکگرتوویی و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەیە، تەنانەت بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری نێودەوڵەتیی بەغدا دەستپێشخەریی یەکگرتوویی و یەک لیستی هێزەکانی کوردستانی خستەڕوو، ئەو دەزانێت مەترسییەکان زۆر گەورەن، بۆیە وەکو هەمیشە دەیەوێت یەکێتیی بکاتە رزگارکەری کوردستان و خەڵکەکەی.
بۆ ئەوەی کوردستان بەهێزبێت، پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز گرنگە، هێزی یەکێتی یەکلاییکەرەوە دەبێت بەلەبەرچاوگرتنی مێژوو، بەشداری و خەباتی شاخ و شار، زۆنی سەوز و کورسییەکانی یەکێتی، هەموو ئەوانەیش هەر بۆ خزمەتی خەڵکە، چونکە یەکێتیی لە خەڵکەوە هەڵقوڵاوە و قەڵغانی پاراستنی مافەکانیانە.
زوو پێکهێنانی کابینەی دەیەم گرنگە، زیاتر لەوەیش چۆنێتی پێکهێنانەکەی گرنگە، چوار ساڵی داهاتوو حکومەت ئەرکی زۆری دەکەوێتەسەر، لەسەروویانەوە ئایا دەتوانێت ببێتە وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازییە رەواکانی خەڵک؟ برینەکان چارەسەر بکات و بەربەستەکان تێپەڕێنێت و لاسەنگییەکان راست بکاتەوە و دامەزراوەکان بەهێز بکات و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنێت؟
روونە یەکێتی، جێی چاوەڕوانییەکانی خەڵکە و هێزی ئەوەیشی هەیە بەرنامەکانی بکاتە کردار، نوێنەرەکانی لەناو حکومەت و پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن و بەکردار خزمەتیان بکەن، ئەوە دەبێتە سەردەمی حکومدارییەکی جیاواز کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.

وتارەکانی نوسەر