بەرپرسیارێتی لە پاراستنی شکۆی راپەڕیندا

10:41 - 2023-03-13
زارا ئەحمەد جاف
266 خوێندراوەتەوە

شکۆی راپەڕین بۆ هەمیشە لەناو مێژوی نەتەوەکەماندا بە  پڕشنگداری و مەزنی دەمێنێتەوە.  
ئەگەرچی ئەو هەلومەرجانەی راپەڕین دوای خۆی هێناویەتییە  ئاراوە  ئەوە دەردەخەن کە ناکرێت ئەو خەونە رەنگاڵەییانەی کە ھیوامان لەسەرهەڵچنیبوون  بێنەدی، لەبەرئەوەی بەداخەوە کەلتورێکی زۆر و زەبەندمان بە میرات لە مەسەلەی بە گرنگ نەزانین  بۆ جێماوە  کە بەبەرنامە کاریان بۆ بڵاوکردنەوەی دواتر چەسپاندنی لەنێو هەست و هەناوی کۆمەڵگەی کوردی و هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە.
بەجۆرێک کە رێژەی بەشداریکردنی تاکی کوردی لە چالاکییەکاندا پێوانە بکەین، تێدەگەین کە دەستکەوتەکانی راپەڕین  نەک جێگەی شانازی و پیاداهەڵدان نین، بەڵکو ئایندەی هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە تێیدا دەژین پێویستە بخرێنە ژێر بەرپرسیارێتی مێژووییەوە، لەبەرئەوەی تاکی کوردی بەو ئاقارەدا ئاڕاستە کردووە کەلە زۆر جومگەدا بەها ئەخلاقییەکانی لەدەست بدات. 
لەبەرامبەردا تا رادەیەک تاکێکی  بێ ئیرادە و تەسلیم بووی لێدەربچێت کە بۆ هەمیشە ببێتە کەرەستەی مامەڵە و بازرگانی بەدەست دامودەزگا سیاسییەکانەوە، بەردەوام لەخەمی ئەوەدابێت کە زۆرترین قازانجی کەسێتی بکات لەسەر حیسابی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان، رایەڵەکانی وابەستەیی بۆ خاک و گەلەکەی لە دەست بدات.
ئەمە بوو بەھۆی داماڵینی بەها مرۆییەکانی گەلی کورد.

حکومڕانیی تەندروست، ئاڵا و نیشتمان لای هاووڵاتییان خۆشەویست دەکات

 لەدوای راپەڕینەوە تا ئەمڕۆ لە ئاست ئەو دەستکەوتە مەزن و پیرۆزەدا، کە بەهاکەی مێژوویەک لە قوربانیدانە، ئەرکێکی یاسایی و دەستووریی ئەخلاقیمان لە ئەستۆدایە کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بکەین.
پێویستمان بە ھۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی دیموکراسی و لیبڕاڵی لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتییەوە تا لە چوارچێوەی هەلومەرج و پڕەنسیپە نوێیەکاندا رووداو و  بەرژەوەندییەکان شرۆڤە بکەین.
لە هەوڵی ئەوەدا بین زۆرترین خاڵ لە بەرژەوەندیی خۆماندا تۆماربکەین، تا لانیکەم دەرەنجامەکانی راپەڕین بتوانێت گوزارشت لە رەوایەتی خۆی بکات و ئاڕاستەیەکی تەندروست وەربگرێت، بەو ئاقارەدا کە داخوازییەکانی سەرجەم پێکهاتەکان لە  ناو سروشت و فۆڕمی دەسەڵاتدا رەنگبداتەوە.

وتارەکانی نوسەر