کورسی پێکهاتەکان بە تەوافوق

09:54 - 2023-03-15
هیوا محەمەد
378 خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوودا و دانوستانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی، چەند خاڵێک کە لەلایەن یەکێتی و چەند حزبێکی دیکەش کە لەسەری هاوڕا بوون، خرانە ژێر باسەوە، هەر زوو لایەنی پارتی ئامادە بوون بۆ ملنان بۆ خاڵی چوار بازنەیی، بەڵام تۆپی کورسیی کۆتاکانیان خستۆتە گۆڕەپانی کۆتاکان خۆیانەوە و دەڵێن دەبێت ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

با خۆیان نوێنەر دیاریبکەن
یەکێتییش پێیوایە دەبێت ئەو پێکهاتانە خۆیان بەربژێری خۆیان دیاری بکەن، هەموو حزبەکانی دیکەش هەر ئەمەیان پێ باشە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەمە، قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە لەگەڵ هەمان ئەو نوێنەرانەیان گفتوگۆ دەکەن کە ئێستا لە پەرلەماندان و دەمێکە بژاردەی پارتین و دەنگدەری پڕۆژە یاساکانی ئەوانن.
ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، یان پارتی بیەوێت لە رێگەی کەسانی نزیک لە خؤیەوە قسەی لەسەر بکات کە بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە بیروبۆچوونمان لە پارتییەوە نزیکە و لەگەڵیشیدا ئەوانە بە چەواشەکار ناودەبان کە باسی کورسی پێکهاتەکان و چوار بازنەیی دەکەن و دەیەوێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

دوو ئیدارەی دەسەڵاتمان هەیە
هەرێمی کوردستان ئەگەرچی بە ئاشکرا بە دوو ئیدارەیی رانەگەیەندراوە، بەڵام بە کردە دوو ئیدارەییە و ئەگەر سیاسییانەش بۆی بڕوانین ئەوا بێگومان دوو ئیدارەی سیاسییە کە دوو حزب لەهەر یەکەیان دەسەڵاتی هەیە، هەموان گلەیی و گازندەی ئەوەمان هەیە کە ماوەیەکی زۆرە سلێمانی لە لایەن حکومەتەوە پشتگوێخراوە و سەدان پرۆژەی وەستێندراوە، لەبەرامبەردا لە هەولێر و دهۆک زیاتر پەرەی پێدراوە، کەوابوو ئێمە بێ وەرگرتنی نیوەی پێکهاتەکان دەچینە هەڵبژاردنێکەوە کە دەرنەچوونی بە پێی پێویست مسۆگەر نییە، ئەگەر دوو ئیدارەی سیاسیین، ئەوا دەبێت کورسییەکان دابەشی دوو بکرێن.

لە تورکمانەکانیشدا سەربە یەکێتی هەن
ئەگەر پارتی بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی تەوافوق لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، ئەوە جیاواز لەوەی کە هەر حزبە خۆی هەوڵی خۆی دەدات و دەنگی خۆی بەدەستدێنێ، بەڵام کورسیی پێکهاتەکان بە هۆکاری ئەوەی کە چۆن تێیاندا هەیە سەر بە پارتین، ئاواش هەیانە سەر بە حزبی دیکە و یەکێتین، بۆیە دەبێت نوێنەری سەر بە یەکێتیشیان تێدا بێت.
دەکرێت لە هەر دوو کاندید لە پێکهاتەکان یەکێکیان سەر بە یەکێتی بێت ئیتر لە هەر شوێنێک بێت و ئەوان بە یەک بازنەییش دەنگبدەن هەر دەبێت، یان ئەوەی کە دەبێت لە خانەقین و کفری و ناو سلێمانی هەریەک لە تورکمان و کریستیانەکان کاندیدیان هەبێت و سەر بە یەکێتییش بن.

دابەشکردنی لەو جۆرەی کورسییەکان هەڵەیە
ئەوەی دەوترێت گوایە ژمارەی کورسییەکان دابەشبووی سەر چوار پارێزگا کراوە و دهۆک 25 کورسی و هەولێر 35 کورسی سلێمانی 39 کورسی و هەڵەبجە 2 کورسی، بە رەوای نازانم.
هەر پارێزگایەک سەنگی خۆی هەیە، ناکرێت هەڵەبجە وەک پارێزگایەک تەنها دوو نوێنەری لە پەرلەماندا هەبێت، پارێزگا هەر پارێزگایە بۆچی دهۆک 25 نوێنەری هەبێت کە بە روونی دیارە لانیکەمی 20 ی بۆ پارتی دەبێت، بەڵام هەڵەبجە 2 دانەی هەبێت.
ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردن بە شێوەیەک بکرێت کە لەسەرەتاوە رێگریی لە دروستبوونی کێشە بکرێت، ئەوا پێویستە بەپێی ژمارەی دانیشتوان نەبێت یان تەوافوقێک لەسەر هەڵەبجە بکرێت، چونکە سلێمانییش دوو ئیدارەی دیکەی لەسەرە، هەروا هەندێک لە شارۆچکە و ناحیەکان دەچنە سەر هەڵەبجە.
ئەگەر بەم جۆرە دابەش بکرێت، ئەوا هاوسەنگیی لە دروستبوونی فراکسیۆنەکانیشدا و دواتر دروستبوونی حکومەتێکی نوێدا کاریگەریی پۆزەتیفی دەبێت بۆ سەر هەرێم و خەڵکەکەی.

پێشنیازێکی نوێ
پێویستە کورسییەکان بە سەر پارێزگاکاندا بەم جۆرە دابەش بکرێت، پارێزگای هەڵەبجە 10 کورسی، سلێمانی 40 کورسی لەمەش ئیدارەی راپەڕین 5 کورسی و گەرمیان 5 کورسیی بەردەکەوێت و بۆ سلێمانی و دەوروبەری 30 کورسی دەمێنێتەوە، 30 کورسی بۆ هەولێر و 20 بۆ دهۆک بێت، کۆتاکانیش لانیکەم نیوەی بدرێتە یەکێتی و دەڤەری سلێمانی، یان ئەگەر وەک خۆشی دابەشبکرێت، دەبێت کادیدەکان نیوەیان سەر بە یەکێتی بن. 
ئەوکات دەنگەکانی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تر ئەو هاوسەنگییە یەکلادەکەنەوە کە هەریەکەیان لە دەڤەری ئەوی تردا بەدەستی دەهێنێت، جیا لە دەنگی حزبەکانی تر.

کەنیسەی مریەمی عەزرا لە سلێمانی کە لە ساڵی 1868 دامەزراوە

وتارەکانی نوسەر