دژوارە بەڵام زەحمەت نییە

10:07 - 2023-03-16
ستران عەبدوڵڵا
252 خوێندراوەتەوە

گۆڕانکاری و ئەپدەیتکردنەوە لە هەموو بوارێکدا نەیاری هەیە، هەیە لەبەر رانەهاتن، هەیە لە ترسی ئایندە و هەشە لەبەر بەرژەوەندی. رانەهاتوو پێویستە نیگەرانی بڕەوێنیتەوە و روونکردنەوە مافێتی و مافێکی رەواشە. ئەوەشی ترسی ئایندەی هەیە ئەویش هەقێتی بۆی روونبکەیتەوە کە  ئایندە باشتر دەبێت و ئەویش دەتوانێت بەشێکی ئەم پڕۆسەیە بێت. 
ئەوی بەشی بەرژەوەندیش دیسان هەقێتی کە بۆی روونبکەیتەوە تەنانەت چەمکی بەرژەوەندیش وەکو جاران نەماوە. بەرژەوەندی تەسک و شەخسی و هی ناڕەوا و مفت، باوی نەماوە و ئەمڕۆش نەبێ سبەی هەر دەپوکێتەوە و ئایندەی نییە، چونکە لەگەڵ سروشتی شتەکاندا یەکناگرێتەوە و زوڵمێکی فازح و شەنیعە خواش قبوڵی ناکا و بۆ بەندەکانیشی قووت نادرێت، تەنانەت ئەهلی بەرژوەندیش ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەبێ تاریفێکی تر بۆ بەرژوەندی خۆیان بکەن کە شتێک، زۆر ناڵێین، نزیکیان بکاتەوە لە بەرژوەندییەکی گشتی و بەردەوام و تاسەر. ئەمە باشترە لە بەرژوەندی قەبەو مفتەخۆری، ئەمما ناڕەوا و تەوەزەل کە زەحمەتە تاسەر بێت و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی کەوتن و پوکانەوەدایە. تەخشان و پەخشان و حیلەبازی رۆژێک هەر دێت و  دەوەستێت و ماشێنی بیروکراتیش ناتوانێت بۆی ببێتە پەرژین و بەرگی نەخشین. ئەگەر تەوژمێکیش نەبێت رایبگرێت ئەوا (دۆیە هەر دەبڕێت و تەواو دەبێت).
جگە لە پەیوەندیداران هەقە کەس بە حیکایەت هۆنینەوە سەغڵەت نەفەرمێ، چونکە هەموو کەیسێک حەیسیەتی خۆی هەیە و هەموو کەسێکیش بەشێکە لە هەڵسەنگاندن و هەموو هەڵسەنگاندنێکیش بۆ کەش و فش و جاڕدان نییە. لە کار و ئیدارەداندا هەمیشە کۆی دیمەنەکە گرنگە و نیشانەی بەدەستهاتن و گەیيشتنە بە کەناری  ئارامی.

ئەپدەیت و گۆڕانکاری بۆیە خاو و لەسەر خۆیە چونکە ناوی بەخۆیە، بەڵکو ئەگەر لە سەر رێی پڕۆسەکەدا کەموکوڕیش هەبێ زوو چارەسەر بکرێت و بە جیا نرخاندنی بۆ بکرێت، پێش هەموو شتێک بۆ قازانجی گشتی، نەک بۆ هەڵڵای گشتی.
لە هەموو حاڵێکدا کاروانەکە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت. چونکە چانسێکی شیاو و روو لە چاکەی گشتییە، هەر بۆ رۆژ بەرێکردن و بۆ مانەوەی پەتی و پێ پەتی نییە، بەڵکو بۆ بوژانەوەی بەپیت و بەتینە. جا ئێمە لە دێر زەمان و گەلێک وێستگەدا بەرهەمی قەڕەباڵەغیمان دیت کە هەر بۆ کۆڵانی داخراو و دۆخ خراپمان دەبات، ئێ بەڵکو پوختکردنەوە و رێکخستنەوە و ئاڵوگۆڕی شێنەیی قسەیەکی تر بکات؟

هەندێک جار لەبەر ئازار و ئێشی بەرژوەندی تەسکە کە مەیووە و قاڵبی گرتووە و تەکەلوسی کردووە. ئاخێک لێرەو لەوێ دەبیستین، هەندێک جار کە هەڵا لە قاو نادرێت لەبەر بەرژوەندی گشتییە و لەبەر ئەوەش کە راستی روون و زەلالە و هەروەها دەنگیشی زوڵاڵە.
چەکوشکاری پێویست بە قسە خۆشە، بەکردەوە ئاخر و بەڵامی پێچە بەدەورە بە دوای خۆی دەهێنێت.

وتارەکانی نوسەر