گەشە و سەرکەوتن *

هەوراز و كێشەكانی تەمەن

11:30 - 2023-03-19
ئەرشەد تەحسین
409 خوێندراوەتەوە

تەمەن بە وێنەی مرۆڤێكە كە رۆژانە وەك گەڵای دار، وەك خۆڵ و خاشاكی كاتی گێژەڵووكە، كێشە و خەم و مەینەتی بەسەردا دەبارێت، بەڵام كەسانی بەتوانا، كەسانێك كە سەركەوتوون، ئەگەرچی گێژەڵوكەی خەم و ناسۆری ژیان بەرچاویشیان بگرێت، لەشەوەزەنگ و نەهامەتیەكان دا رێگایەك دەدۆزنەوە بۆ دەربازبوون و لەچاڵی مەینەتییەكان دێنە دەرێ، ئەوانە كێشە و خەمەكان دەنێنە ژێر پێیانەوە و خۆیانی پێ بەرزتر دەكەنەوە.
  سەركەوتن و شكست، خۆشی و خەم، خەندە و گریان، هەموویان كاتیین و تێدەپەڕن، هیچ كاتێك سەختییەكانی ژیان مەكە بەبار بەسەر خۆتەوە، هەمیشە شەوەزەنگ و ئەنگوستەچاو بەیانێكی روونی بەدواوەیە، رێگا سەخت و  هەورازەكان دژوار مەبینە و خۆڕاگربە و بەردەوام بە، سەرەنجام هەر دەگەیت بە لووتكە، هەموو هەورازێك تەختییەكی بەدوادادێت، هەموو ناخۆشیەكیش خۆشیەك.
ئەوە بزانە زۆركات خوودی خۆتیت سەرچاوەی بێ ئومێدی و رەشبینیی، هەركات بێ ئومێدیی باڵی بەسەرتدا كێشا ئەوە لەرووخان نزیك دەبیتەوە.
 سەختییەكانی ژیان وەك كلۆری ددان وان، هەركات ددانێكت كلۆرێكی بچووكی تێدەبێت و بەزمان هەستی پێدەكەیت وا دەزانیت كلۆرێكی گەورە و چاڵێكی مەزنە و ددانتی لەناوبردووە، بەڵام كاتێك دكتۆرەكەت بەچاوی هۆشەوە سەیری دەكات، پێت دەڵێت هیچ نییە كلۆرێكی بچووكە و بۆت پڕدەكاتەوە، ئەوكات  تێدەگەیت شتێكی چەند بچووك دەستەودامانی كردوویت و ژیانی لێ تاڵ كردوویت. 
 تەمەن پڕە لە هەوراز و نشێو، خواروخێچیەكانی ژیان وات لێنەكەن ژیانت لێ تاڵ بكەن، بیرت بێت لەهەر قۆناغێكی تەمەن دایت و لەهەر كونجێكی ژیان دایت چێژی لێوەربگرە و بزانە ژیان هەر ئەوچركە ساتەیە كە تێیدایت، رابردوو تازە گەڕانەوەی بۆ نییە.
 سەركەوتووەكان ئەوانە نین كە كێشەیان نییە، شكست خواردووەكانیش ژیانیان سیخناخ نییە لەكێشە، بەڵكوسەركەوتنی مرۆڤ لەبەرەنگاری و چارەسەری كێشەكان دایە، هەر كێشەیەك دەبێتە خاڵێكی بەهێز و وانەیەك كە توانای زیاترت پێدەبەخشێت بۆ چارەسەر، گەورەیی مرۆڤەكان بەئەندازەی كێشە گەورەكان و چۆنیەتی چارەسەركرندنیانەوە بەندە.

وتارەکانی نوسەر