چۆن رەخنە لە حزبەکەت دەگریت؟

10:18 - 2023-03-20
هیوا محەمەد
258 خوێندراوەتەوە

رەخنە هەمان گلەیی و گازندەیە کە لێرەو لەوێ لەسەر کەسەکان یان گروپەکان دەکرێت بێ ئەوەی رەخنە لێگیراو خۆی بیبیستێت یان ئامادە بێت.
رەخنە کاتێک بنیاتنەرانە دەبێت کە لە شوێنی خۆیدا و بەرەوڕووی کەسەکە یان حزب و گروپەکە بکرێتەوە، ئەگەر نا دەبێتە سەرزەنشت، ئابڕووبردن، تێکدان، کەمکردنەوە لە کەسایەتییەکەی، لەسەرووی ئەمەشەوە نەیاریی کەسەکە بۆ رەخنەلێگیراوەکە دەسەلمێنێ نەک دۆستایەتی.
هەموو ئەوانەی دەبنە ئەندام لە حزبدا، هاوشێوەی گرێبەستی کارکردن، پێویستە لەسەریان پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان بخوێننەوە و ماف و ئەرکەکانی خۆیان لەو حزبەدا بزانن ئەوکات بێن و واژۆی داواکارییەکەیان بکەن بۆ بە ئەندامبوون.
ئەگەر ئەندام ئەمەی کرد، ئەوا دەبێت بزانێت چۆن رەخنە لە کارەکانی حزبەکەی و هەڤاڵەکانی دەگرێت لە ناو رێکخستنەکاندا.
ئەندام هەیە دڵسۆز نییە
وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی مرۆیی، حزبیش جۆرەها خەڵک تێیدەخزێن و هەریەکە بە هۆکارێک، زۆرێک دوای دروشمەکە دەکەون، زۆریش هەن دەکەونە ژێر کاریگەریی کەسایەتییەکەوە یان گەورەی عەشیرەت و خێزانەکانیانەوە، هەشن بە ناچاری لە ئەنجامی دروستبوونی کێشەیەک بۆیان لەگەڵ لایەنێکدا. پەنادەبەن بۆ لایەنی بەرامبەر، ئەم جۆرە سوودی هەمیشەیی نابێت بۆ حزب، چونکە کارکردنی لە حزبەکەدا لە باوەڕبوونییەوە نییە بۆ دروشم و شێوەی خەباتی حزبەکە، بەڵکو ناچاری فڕێیداوەتە ئەوێوە.
ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە کار لە حزبدا دەکەن، حزبەکە بە هی خۆیان دەزانن و دەیپارێزن، هەروەک ئەوەی کەسێک ئۆتۆمیلەکەی خۆی دەپارێزێت و خزمەتی دەکات، ئەوانەش کە وتمان بە ناچاری لەو حزبەدان، نایانەوێت لە حزبدا بەردێک بنێنە سەر بەردێک، هەرئەمەشە وادەکات ئەوەی ئەوان هەستی پێدەکەن لە هەڵەی سیاسەتی حزب یان کەسایەتییەک، نایەن بە شێوازێکی باش و رێگەی دیاریکراو بیخەنەڕوو، بەڵکو لێی لە هەڵادەدەن و کێچێکی لێ دەکەنە فیلێک و ئابڕووی دەبەن، بەمەش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە نەیارەکانی حزبەکە دەکەن.
زۆر جار لە ناو گروپێکی هەواڵگریدا کێشەیەک سەر هەڵدەدات، هەست دەکەن ماوەیەکە پلانەکانیان سەرکەوتوو نابێت و پێس ئەوەی ئەمان کارە داڕێژراوەکە دەستپێبکەن، بەرامبەرەکەیان کەمینیان بۆ دادەنێت، نزیکترین هۆکارێک کە ئەو گروپە بیریان بۆی بچێت گومانکردنە لە خۆیان، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، ئایا دەبێت کێ لە ناو خۆماندا هەبێت و ناپاک بێت؟ لەم گومانەوە دەتوانن بگەنە راستییەکە و کەسە بەکرێگیراوەکە بدۆزنەوە.
ئەوەی لە پشتەوە رەخنەکانی دەکاتە سەرزەنشت و گازندەی نابەجێ لە کەسایەتییەکی حزب یان لە سیاسەتی حزب، هەمان رۆڵی ئەو بەکرێگراوە دەبینێت کە لەناو گروپە هەواڵگرییەکەوە خۆی فرۆشتوە بە دوژمنەکەی.

تێکدەر و بنیاتنەر
ئاراستەکردنی رەخنە لەناو رێکخستنەکانی حزبدا دەخرێتەڕوو، ئەگەر کەسایەتییەکی ناو حزبیش بێت بەهەمان شێوە دەبێت بە خۆی بووترێت. نە فەیسبووک و نە تەلەفۆنی کەسێتی و نە سایتی نەیاران( تەنانەت سایت و راگەیاندنەکانی خودی حزبەکەش) نابێتە جێگەی خستنەڕووی رەخنە و گلەیی، چونکە پێش ئەوەی حزب یان کەسی رەخنە لێگیراو بیبینێت هەموو ئەوانەی تر دەیبینن کە زۆریان لە دژی حزبەکەتن و نەیار یان دوژمنن.
دەکرێت بڵێین رەخنەگر کە لە شوێنی خۆیدا رەخنە دەگرێت، لەپاڵ ئەوەی دەیەوێت رەخنەکەی بکاتە هۆکار بۆ راستکردنەوەی هەڵەکە و بنیاتنان، کەسێکی بوێریشە و سڵ لەوە ناکاتەوە چی بەدوای رەخنەکەیدا دێت، ئەگەر زیانیشی هەبێت بۆ پێگەی خۆی لەو حزبەدا.
ئەوانەش کە بە پێچەوانەوە رەخنەکانیان دەکەنە سەرزەنشت و لێرەو لەوێ لە دەهۆڵی دەدەن کەسانی ترسنۆک و تێکدەرن.
رەخنە هۆکارە بۆ گەشەکردنی مرۆڤ و حزبیش بە گشتی، هیچ مرۆڤێک بێ هەڵە نییە، هیچ بەرپرسێک، سەرکردەیەک، بێ هەڵە نییە، ئەوانەی لە دەوریدا کار دەکەن، دەبێت هەر رەخنەیەکیان لادروست بوو پێی بڵێن، دەنا بەردەوام بوون لەسەر هەڵەکە، هەڵەی گەورەتری بەدوادا دێت، یان نەیارەکان سوودی لێدەبینن و لە هەیبەت و پێگەی  حزبەکە کەمدەکاتەوە.
هەندێک پێیان دەڵێن(ماستاوچی) ئەمانە سەرزەنشت دەکەن و ئابڕووی کەسەکە و حزبەکە دەبەن، کەچی لە رووی خۆیاندا بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن، بەجۆرێک واهەست دەکەیت ئەمە لە دڵسۆزترین کەسەکانە.
ئەمانە هەلپەرستن، حزب سوودیان لێنابینێت هەرکات بیانەوێت، چ خزمەتێکیان بە حزب کردووە دە هێندە زیانی پێدەگەیەنن.
دەکرێت بڵێین، باشترین سیفەتی ئەندام لە حزبدا ئەوەیە کەسێکی رەخنەگر و بنیاتنەر بێت< چونکە رەخنەگر ئەو کەسەیە کە ژیرانە درک بە هەڵە و کەمووکووڕییەکان دەکات، واتا کەسێکی هٶشیارە و دەکرێت لەناو حزبدا پێبگات و سوودی هەبێت. 

وتارەکانی نوسەر