دوا وتەی سەرۆکی چین بۆ پوتین

11:48 - 2023-03-23
هیوا محەمەد
286 خوێندراوەتەوە

هەزاران شیکاری و لێدوان لەسەر پەیوەندی چین و روسیا دەکرێت و هەریەکە بەجۆرێک لە دیدی خۆیەوە یان لەسەر زاری کەسێکی دیکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، بەڵام دوا رستەی سەرۆکی چین کە لەکاتی جێهێشتنی مۆسکۆ بە سەرۆکی روسیای وت، دەکرێت بکرێتە باشترین سەرچاوەی هەڵسەنگاندنەکان و راستی رووداوەکان.
شی جین بینگ وتی: بە جۆرێک گۆڕانکاری دەبێت کە لە ماوەی 100 ساڵدا نەبووە، ئەگەر پێکەوە بین دەتوانین سەرکردایەتی ئەو گۆڕانکارییە بکەین، پوتینیش بە وشەیەک وتی: رازیم.
نزیکبوونەوەی ئەم دوو وڵاتە بۆتە سەرچاوەی دروستبوونی دڵەڕاوکێی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، ئەوان پێیانوابووە کە جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، روسیا تووشی شکست و لاوازیی دەکات و ناچار دەبێت پاشەکشە بکات و ئەوکات ئەوانیش هەرچی هێزی خۆیانە دەیخەنەگەڕ تا بەتەواوی لە بناغەوە لاوازی بکەن، بە جۆرێک نەتوانێت تا 100 ساڵی تر خۆی بگرێتەوە، بەڵام ئەم وتەیەی سەرۆکی چین بۆ پوتین ترسە گەورەکەی وروژاند و ئەوە دەردەخات کە دوو وڵاتی زلهێزی جیهان و درواسێی یەکتر و خاوەن پانتاییەکی گەورەی زەمینی و زۆریی ژمارەی دانیشتوان و زاڵبوو بەسەر ئابووریی جیهاندا، ئەگەر یەکبگرن، ئەوا روسیا نەک گرەوەکە دەباتەوە، بەڵکو کاریگەرییان دەبێت بۆ سەر وڵاتانی تازە پێگەیشتووی ئەفریقا و ئاسیاش و نزیکبوونەوەشیان لە هیند و بەرازیل هێندەی تر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێ ئومێد دەکات.
ئەمریکا کە لە هەوڵی چەسپاندنی خۆی و بە یەک جەمسەرییکردنی جیهاندایە، پێدەچێت بە بیستنی ئەم دیالۆگە راچڵەکێ  و سەری لێبشێوێت، چونکە ئەم هەوڵەی روسیا و چین ئەو خەونەی ئەمریکا لە بەدیهاتنی دووردەخاتەوە.
لە سەردانەکەیدا بۆ روسیا سەرۆکی چین ئەوەی دەربڕیوە کە پەیوەندییەکانی نێوانیان پێدەنێتە سەردەمێکی نوێوە، ئەگەرچی ئەوەش دەڵێن کە ئەم پەیوەندییە مەترسی بۆ سەر لایەنی سێیەم نییە.
چین ئەو وڵاتەیە کە ئەمریکا لە پێش روسیاوە حسابی بۆ دەکات، لای ئەمریکا چین بەرەو ئەوە دەچێت کۆنترۆڵی ئابووریی جیهان بکات، روسیاش پێشی بکەوێت لە خۆپڕچەککردندا، کە ساڵانێکی زۆر لە زەمانی یەکێتی سۆڤیەتیشدا لە ژێر ناوی شەڕی سارد و پێشبڕکێی خۆپڕچەککردندا بەڕێوەدەچوو.
چین بە کاوەخۆ هەنگاو دەنێت، هەر وەک کرمی ئاوریشم رێدەکات، خۆی خەریک نەکردووە بە هیچ جەنگێکەوە لە جیهاندا، بەمەش توانیویەتی کۆنترۆڵی بازاڕی تەکنۆلۆجیا بکات، بەڵام ئەمریکا لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا نەک هەر بەشداریی، بەڵکو سەرپەرشتی سێ جەنگی کردووە و لە هیچیشیاندا ئەو سەرکەوتنەی بەدەستنەهێناوە کە خۆی ویستویەتی.
لە 2003 لە رێگەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە رژێمی بەعسی روخاند لە عیراقدا و دواتریش خۆی ماوەیەک وڵاتەکەی بەڕێوەبرد و حاکمێکی بەناوی پۆل برێمەر بۆ دانا، دەوترێت زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لەم پڕۆسەیەدا کوژراون، ئەوەندەی کە ئەم سوپایە لەم وڵاتەدا بوون، رۆژانە رووبەڕووی بەرەنگاریی گروپی جیاجیا دەبوونەوە لەوانە قاعیدە.
لە ساڵی 2001 ەوە ئەفغانستانی داگیرکرد و دوای 20 ساڵ مانەوە، لێیدەرچوو لەژێر گوشاری هەندێک وڵاتی کەنداو و بەرەنگاریی تالیباندا.
لە2014وە سەرپەرشتی هاوپەیمانییەک دەکات لە دژی داعش کە تا ئێستاش بەردەوامە، راستە مەترسیی داعش زۆر لاوازترە لە سەرەتای دەرکەوتنیان، بەڵام بوونە مایەی گەیاندنی زیانێکی گەورەی ئابووری بە ئەمریکا و مەترسیشیان هەر ماوە.
چین لە سعودیە و ئێرانەوە دەستی پێکردووە، دەزانین کە ئێران و چین و روسیا دۆستایەتییان باشە، بۆ ئەوەش لەگەڵ سعودیە ئاشتیان بکەنەوە و ئەم ناکۆکییەی نێوانیان نەبێتە هەوێنی زیاتری دژایەتیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو ئەوەیان دەبەن کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، رەنگە ئەمەش بەرەو لێكتێگەیشتنیان بەرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لە یەمەندا هەیە.
لەدوای ئەم هەنگاوەش کە لە پایتەختی چینەوە دەستیپێکرد، سەرۆکی چین سەردانی روسیای کرد و دوا وتەشی کە بە سەرۆکی روسیای وت ئەوە بوو کە پێی دەڵێت ئێمە پێکەوە دەتوانین سەرکردایەتی ئەو گۆڕانکارییە بکەین کە بەڕێوەیە.
ئەمەش پەیامێکی گرنگی گورچکبڕە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا کە لە یەک سەنگەردان لەگەڵ ئۆکرانیا لە دژی روسیا.

وتارەکانی نوسەر