نەخوێندەواری لە زەمەنی مۆدێرندا

10:36 - 2023-04-05
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
554 خوێندراوەتەوە

رەنگە هەندێک بەلایانەوە سەیربێت، لەم سەردەمەدا  باسی نەخوێندەواری دەکەین، چونکە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری خەڵکی لە جیهاندا خوێندەوارن، بەڵام ئەو نەخوێندەوارییەی کە من باسی دەکەم، جیاوازە لەو نەخوێندەوارییەی کە پێش سەد ساڵ هەبوو.  
پێش سەدەیەک یەکێک لە کێشە گەورەکانی جیهان بەگشتی  نەخوێندەواریی بوو، بەتایبەتی لە وڵاتانی ژێردەستەی عوسمانی، ئەمە بە یەکێک لە کێشە گەورەکان دادەنرا، چونکە داگیرکاری تورکی عوسمانی نەک پشتگیری خوێندەواری نەدەکرد، بەڵکو بە هەموو شیوەیەکیش دەیویست وڵاتانی ژێردەستی، بە نەخوێندەواری بمێننەوە. وڵاتانی پاش کۆڵۆنیالیزم، هەوڵ و بودجەیەکەی زۆریان تەرخانکرد بۆئەوەی رێژەی نەخوێندەواری کەم بکەنەوەو رێژەی خوێندەواری زیاد بکەن. لە هەموو جیهاندا حکومەتەکان کاریان بۆئەوە دەکرد، کە باشترین سیستمی پەروەردە و فێرکردن دابنێن، هەزاران زانکۆ و قوتابخانە، پەیمانگەی هەمەجۆر دروستکراوە. ئەمەش تاڕادەیەکی زۆرباش کاریگەری هەبووە بۆ کەمکردنەوەی ریژەی نەخوێندواری لە جیهانی تازەپێگەیشتوودا. 
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین نەک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەڵکو لە تەواوی جیهاندا بە وڵاتانی پێشکەوتوو و پاشکەوتووشەوە، تەوژمێکی نەخوێندەواری بەڕێوەیە، کە تاڕادەیەکی زۆر مەترسیدارە. دەڵێم مەترسیدارە، چونکە ئێستا ئێمە وەکو سەدەکانی پێشوو، تەنها نوخبەیەک بەتەنگ خۆفێرکردن و کتێب خوێندەنەوەو خۆڕۆشنبیرکردنەوەن، زۆرینەی خەڵکیش لەرێگەی تەکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە، پشتیان لەگەڕان بە دوای زانیاریی و سەرچاوەکانی مەعریفە کردووە. ئەمەش وا دەکات کە تەنها نوخبەیەک ئاگاداری هەمووو شتێک بێت، زۆرینەش لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە، ئاگای لە خۆی نییە، یان لەناو تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا بیهۆشکراوە، بەجۆرێک مەترسی ئالوودەبوونی جیهان هەیە، بە پارچەیەک ماتریاڵ کە خۆی لە تەلەفونی زیرەکدا دەبینێتەوە. ئەم ئالوودەبوونەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی بە منداڵ  و گەورە ، ژن و پیاو، گەنج و پیرەوە، پشت لە زۆر سەرچاوەی مەعریفە بکەن، ئینتەرنێت بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سایت و  کۆمپانیاکانییەوە، ئەوان  ببنە تاکە سەرچاوەی مەعریفە. بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی جیهان وەکو منداڵێکی شیرەخۆریان لێهاتووە، هەر داوای ئەو چێژە شیرینییە دەکەن، کەلەناو تۆڕە ئینتەرنێتییەکاندا هەیە. 
مرۆڤ هێندە تەمبەڵ بووە، کە خەڵكی تر بەچەندین شیوە نمایشی ڤیدیۆیی بۆدەکەن و دەیخەنە گریان و پێکەنین، ئەمیش تەنها کاری ئەوەیە کە سەیری ئەو شتانە بکات کە لە تەلەفونەکەیدا هەیە، رۆژانە سەدان و هەزاران هەواڵی درۆ بڵاودەکرێتەوە، کەسیش تاقەتی ئەوەی نییە بەدواداچوون بکات بۆی. 
مەسەلەکە ئەوە نییە کە من خۆم حەزم بە خوێندنەوەیە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و جیهانیشدا دەگوزەرێت، شتێکی تەواو تایبەت و مەترسیدارە، نەک بۆ ئەم نەوەیە، بەڵکو بۆ نەوەکانی تریش. راستە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری خەڵكی توانای خوێندنەوەیان هەیە، بەڵام زۆرینە ناخوێننەوە، ئەمەش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو کەسانە نییە کە نازانن بخوێننەوە، ئەمەش جۆرێکە لە نەخوێندەواری، لە داهاتووشدا هەموو کۆمەڵگە باجی دەدات، چونکە ئەگەر تەنها نوخبەیەک زانیاری لەلابێت ئاگاداری رەوشی وڵات و جیهان بێت، ئەوا ئاساییە زۆرینە بکاتە ملکەچی خۆی و بیانچەوسێنێتەوە. ئەم مەسەلەیە نەک لەلای ئێمە، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا بۆتە کێشەی گەورەو ساڵانە سەدان کتێب و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە، بەداخەوە هەتا ئێستاش هیچ رێگە چارەیەک بۆ ئەم کێشە گەورەیە نەدۆزراوەتەوە.

وتارەکانی نوسەر