شاڤاسانا (Savasana)
شاڤاسانا دەستەواژەیەکی سانسکریتییە و لە دوو وشە پێکهاتووە، «شاڤا» بە مانای جەستەی بێ گیان و «ئاسانا» بە مانای شێوەی جەستەیە. ئەم دەستەواژەیە یەکەمجار لەسەدەی پانزدەدا لە کتێبی «هاتایۆگا پرادیپیکا»دا لە نووسیندا بەکارهاتووە و باسکراوە، یۆگی گەورە «سوات ماراما» لە کتێیی «هاتایۆگا پرادیپیکا»دا دەڵێ: (راکشان لەسەر پشت لەسەر زەوی و لەش خاوکردنەوە دەبێتە هۆی حەسانەوەی جەستە و ئارامبوونەوەی زەین.)
بە سێ مەبەست بەکار دەهێنرێ
شاڤاسانا شێوەیەکی جەستەییە و بە سێ مەبەست دەتوانین بەکاری بێنین، یەکەم: بۆ پشووپێدانی جەستە و زەین و دڵ و دەروون، دووەم: بۆ رێککردنەوەی چاکراکان و جیاکردنەوەی ئاگایی و هۆش لەجەستەی فیزیکی، ئەزموونکردنی جەستەی ئەتەری و گەشتی رۆحی، سێیەم: بۆ کردنەوەی چاوی سێیەم و وەخەبەرهێنانی کوندالینی (ئەقڵ و ئاگایی خەوتووی گەردوونی لە مرۆڤدا) و هێنانە سەرەوەی کوندالینی و رووناکبوونەوە. دیارە ئەم سێ خاڵەی لەسەرەوە باسکران، خاڵی یەکەم هەر یەکەمجار کە شاڤاسانا دەکەیت ئەزموونی دەکەیت، لەوانەیە هەندێ کەس هەر لە یەکەمجاردا دوو خاڵەکەیتریش ئەزموون بکات، بەڵام بەگشتی زۆرینەی خەڵک بۆ ئەوەی ئەم خاڵانە ئەزموون بکەن دەبێ تا ماوەیەک هەموو رۆژێ ئەم راهێنانە بکەن، هەرکەس دەیەوێ ئەزموونی ئەم خاڵانەی سەرەوە بکات، بەس راهێنانەکە وەک ئەوەی باسکراوە بکات و تەنیا هۆشی لەسەر خاوکردنەوە و سوکەڵەکردنی لەشێ بێت.
جەستە و زەین ئارام دەکاتەوە
ئەم راهێنانە لە یۆگادا بە ناوی «مریتاسانا»ش بە ناوبانگە، یانی جەستەی بێ گیان، لەبەر ئەوە ئەم ناوەیان لێناوە کەسەکە لەم شێوە جەستەییەدا وەکو کەسێکی بێ گیان دەردەکەوێ، واتە چاوەکانی دادەخات و خۆی بەتەواوی خاو دەکاتەوە، بە بەردەوامی خەریکی سووکەڵەکردنی لەشی دەبێت و جووڵە لە خۆی دەبڕێت، ئەگەر دەتەوێ کاریگەرییەکانی ئەم راهێنانە ئەزموون بکەیت هەر کاتێک هەستت بە ماندووبوون کرد «شاڤاسانا» بکە، شاڤاسانا نەک کاریگەریی لەسەر جەستە هەیە، بەڵکوو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زەین و دڵ و دەروون هەیە، سوودەکانی شاڤاسانا بێ ئەژمارن و هەموو رەهەندەکانی ئێمە دەگرێتەوە.
چۆن شاڤاسانا بکەین؟
بۆ کردنی شاڤاسانا پێویستە لەسەر زەوی لەسەر پشت پاڵ بکەویت، قاچەکانت بیست و بۆ سی سانتیمەتر لە یەکتری دوور بکەرەوە، پاشان دەستەکانت بیست بۆ سی سانتیمەتر لە لەشت دوور بکەرەوە و لەسەر پشتی دەست دایانبنێ، لەپی دەستەکانت خاو بکەرەوە، بە ئارامی دەست بکە بە خاوکردنەوە و شل کردن و سووکەڵەکردنی هەموو لەشت، بە بەردەوامی هەموو چرکەیەک ئەم کارە بکە، هاوکات هۆشت یان ئاگاییت لەسەر ناوچەوانت و لەسەر چاکرای شەشەم، واتە چاکرای چاوی سێیەمت کۆ بکەرەوە و لەسەر ئەم رەوتە بەردەوام بە، هەرچییەکت بینی و بیست، یان هەرچییەکت هەست پێکرد و بۆ هاتە پێشەوە تۆ بەس بینەر بە و لە راهێنانەکە بەردەوام بە، تا ئەو کاتەی چێژی لێ دەبینی لە راهێنانەکەدا بمێنەرەوە و پاشانان بە ئارامی پەنجەکانی دەست و قاچت بجووڵێنە و بە لای راستدا هەستەوە و دابنیشە. پشتت رێک بکەرەوە و دەستەکانت بە ئارامی گەرم بکە و بە نەرمی بیخە سەرچاوەکانت، ئەمەش ئەگەر هەموو رۆژێ بیکەیت بینایی چاوەکانت بەهێز دەکا و شێوەی چاوەکانت جوان دەکا و بیلبیلەی چاوەکان دەبریسکێنێتەوە و گەورەیان دەکاتەوە. دەستەکانت تا دوو خولەک بە هێمنی با لەسەر چاوەکانت بن، پاشان بە هێمنی دەست بە سەر و دەم و چاوتدا بێنە، دوای ئەوە دەستەکانت لەسەر یەکتری بە حاڵەتی ناماستێ دابنێ و چاوەکانت دابخە و خۆت شل بکە، بە هەموو بوونت، بە هەموو خانەکانت سوپاسی ژیان بکە، دوای ئەوە کۆتایی بە راهێنانەکە بێنە.
هەموو کەس دەتوانێ ئەم راهێنانە بکات، بەڵام ئەگەر کەسێک ملی ژان دەکا دەتوانێ گۆشەیەک یان سەرینێکی گونجاو بخاتە ژێر مل و سەرییەوە، یان ئەگەر کەسێک پشتی ئازاری هەبێت دەتوانێ گۆشەیەک یان سەرینێک بخاتە ژێر ئەژنۆکانی.