پەڵکانە و رێگرتن لە تەعریبی نوێ

09:51 - 2023-04-27
‎‎سۆزان حەمە تاتە
452 خوێندراوەتەوە

یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، لەبری پیرۆزبایی و دووپاتکردنەوەی پێکەوەژیان، عەرەبە هاوردەکان، کوتەکیان لە کوردی رەسەنی گوندی پەڵکانە بەرزکردەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی نەگریسی «تەعریبی نوێ»دا، راستە ئەمجارەش لەسەر ئاستی رەسمی و ناڕەسمی رێگرییان لێکرا، بەڵام پێناچێت ئەوە دوا هەوڵی عەرەبە هاوردەکانی ئەو سنوورە بێت لە پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە کوردانی گوندی پەڵکانە ئەمان و زەمانی زیاتریان دەوێت، ناکرێت لە بارودۆخی وادا تەنها جێبهێڵرێن، بگرە پێویستییان بە پشتیوانیی کرداری هەیە.
پەڵکانە و هێرشە چەندبارە بۆوەکانی سەر ئەو گوندە، هەوڵی ناوبەناوی تەنها عەرەبی هاوردە نییە، بەڵکو پێدەچێت پڕۆژەی هەندێک گروپ بێت و بیانەوێت لەو رێگەیەوە کورد خۆی لە خاکی رەسەنی خۆی بڕوات و زیاتر و زیاتریش کوردستان تەعریب بکەن، ئەگەر رێگەیان لێ نەگیرێت.
ئێستا کە خاکی هەرێمی کوردستان لەبەردەم کوتەکی عەرەبی هاوردەدایە، چەند ئەرکێکی نیشتیمانی نوێ هەن کە پێویستیان بە کارکردنی بەکۆمەڵە لەلایەن سەرجەم هێز و حزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ پاراستنی خاک و نەتەوەی کورد، وەکو:
یەکەم: چەند مانگێکی تر، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکرێت، عەرەبەکان سەرقاڵی دروستکردنی لیستێکی هاوبەشی عەرەبین، یار و نەیار لە خۆیان کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ببنە زۆرینەی پارێزگاکە، پێویستە هێزە کوردستانییەکان ئەو مەترسییە بەجدی وەربگرن و لەبەرامبەردا لیستی هاوبەشی کوردستانی دروستبکەن و رێگە لەو هەوڵە بگرن کە بۆ رەواجیپێدانی تەعریبی نوێ دەدرێت.
دووەم: هەوڵی بە سەربازگەکردنی زیندانی تۆپزاوا کە شوێنی سەرەکیی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوانی کورد بوو لە لایەن رژێمی بەعسەوە، هەوڵێکی دیکەی تەعریبە، هەروەها نیشتەجێکردنی کەسوکاری سەربازەکان لەسەر زەویی کورد، بەهەمان ئاراستە هەوڵێکە بۆ تەعریب بە رێگەیەکی تر، ئەمەش روبەڕوبوونەوەی دەوێت.
سێیەم: ئەو ناوچانە هەم هێڵی جیاکەرەوەی خاکی کوردستان و عەرەبن، هەم ناوچەی ستراتیژین بۆ قۆناغی ئاییندە، ئەگەر ئەو هەوڵانەی ئێستا سەربکەون، ئەوا لەگەڵ رۆژگار و گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی هێز، وردەوردە تەعریب بەرەو قووڵایی زیاتری خاکی کوردستان دەکشێت، پەرتەوازەیی کوردیش دەرفەتی زیاتر دەدا بە بەردەوامیی داگیرکاریی و تەعریبی نوێ.
 ئاسان مەزەندە دەکرێت، چ مەترسییەک لە پەڵکانەوە کەوتۆتە سەر خاکی کوردستان، لە بارودۆخی لەو شێوەیەدا دەبێت بەشداریی و پێگەی کورد لە بەغداوە بخرێتە خزمەت رێگریکردن لەو هەوڵانە، هەروەها پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کە دەبێت بخرێنە گەڕ، بەتایبەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەم ئاگادارە و هەمیش پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە مەترسیدارە پێشکەش کردووە.
لەبەر ئەم هۆکارانە، کەمتەرخەمی لە کێشەی پەڵکانە و ئەو تەعریبە نوێیە لە  بەرژەوەندیی کورددا نییە.

وتارەکانی نوسەر