دوورنما

بانگخوازانی ئیسلامی

11:22 - 2022-04-13
حەسەن یاسین
604 خوێندراوەتەوە

بە وردبوونەوە لە دیمەنی دینی و سیاسیی دینی لە کوردستانی عیراقدا، دەبینین ئەمڕۆ بانگخوازانی ئیسلامی، بەوانەی سەر بە حزبێکی ئیسلامین و بەوانەشەوە کە لە دەرەوەی حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدا چالاکن، جێپێیەکی دیاریان لەنێو ئەو دیمەنەدا هەیە و زۆر کەم، راستەوخۆ، لەبارەی سیاسەتەوە قسە دەکەن، بەڵام لەبارەی کاروباری دینی ئیسلام قسەیان زۆرە و هەندێکیان لەپاڵ کاری بانگخوازیی دینی، کاری خێرخوازیی کۆمەڵایەتیش دەکەن!
 مێژووی بانگخوازیی دینی، بەتایبەتی بانگخوازانی دینی ئیسلام، لە کوردەواریدا کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ پاش بە ئیسلامکردنی کورد و چەسپاندنی ئەو دینە وەک دینی زۆرینە لەنێو کوردەواریدا. هەموو مەلاکانی کوردستان، بمانەوێ یان نا، بانگخوازی دینی ئیسلامن، بەڵام لە دەرەوەی بیر و بازنەی هەڵسوڕانی حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدان، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی بانگخوازانی ئیسلامی، بەستراوەتەوە بە مێژووی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عیراقدا. هەروەها دەتوانین بڵێین بانگخوازانی ئیسلامی زادەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسین لەنێو کوردەواریدا و پێش پەیدابوونی ئەو بزووتنەوەیە هیچ بانگخوازێکی ئیسلامیمان نییە کە بووبێتە رێخۆشکەری پەیدابوونی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی.
 سەرجەم بانگخوازانی ئیسلامی لە کوردەواریدا، لە سەردەمی ئەمڕۆماندا کادیری حزبن و  سەربە حزب و رەوتەکانی ئیسلامی سیاسین، بە رەوتە جیاجیاکانی سەلەفییەکانیشەوە، کە ئەگەرچی خۆیان بە حزب دانانێن، بەڵام سەرەنجام، چالاکی و بانگەشەکانیان دەچێتە خزمەت ئیسلامی سیاسییەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین بانگخوازانی ئیسلامی، ئەگەرچی لە رواڵەتدا وا دەردەکەون کە کارێکی دینی دەکەن، بەڵام راستییەکەی بە کارەکەی خۆیان ئەرکێکی حزبی جێبەجێ دەکەن و هەموو ئەو بیر و ئایدیا و رێنماییە دینیییانەی بڵاویدەکەنەوە گوزارشت لە دینێکی (ئیسلام)ی تایبەت بە ئیسلامییەکان دەکات کە ئەگەر لەدەرەوەی بازنەی ئیسلامی سیاسی لێیبڕوانیت، بۆت دەردەکەوێ جیایە لەگەڵ ئیسلامەکەی موسڵمانان.
بانگخوازانی ئیسلامیی لای خۆمان بڵندگۆیەکی راگەیاندنن بۆ حزبەکانی خۆیان و هەموو ئەوەی دەیڵێن و هەموو ئەو چالاکییانەی دەیکەن، ئەگەرچی بە تارایەکی دینی پەردەپۆشیان کردووە، بەڵام دەچنە خانەی بەرفراوانکردنی جەماوەری دەنگدەری کوردەواری لە قازانجی حزبەکانی ئیسلامی سیاسی!
لەساڵانی رابردوودا، لەو هەڵبژاردنانەی کران، بانگخوازانی ئیسلامی، لە بەرژەوەندیی حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدا هاتنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و بەشێکیان خۆیان بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پاڵاوت و دەنگی باشیشیان هێنا و بوون بە پەرلەمانتار، بەمەش بوون بە فاکتەرێک بۆ باسک ئەستورکردنی حزبەکانی ئیسلامی سیاسی لەڕووی جەماوەرییەوە!
 بانگخوازانی ئیسلامی، لەو بانگەشانەی دەیکەن، لەو رێنماییانەی دینی ئیسلام کە لە روانگەی خۆیانەوە بۆ دیندارانی بڵاودەکەنەوە، لەو بەرنامە تەلەفزیۆنی و رادیۆییانەی لە دەزگاکانی سەر بە حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدا بڵاویدەکەنەوە، هیچ رۆژێك لە رۆژان هەڵوێستێکی مرۆڤانەیان، بۆ نموونە، بەرامبەر بە دڕندەیی چەکدارانی داعش بەرامبەر بە ژنان و منداڵان و پیاوان و پیرانی ئێزیدی پیشان نەدا و بە دوور و نزیک خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتە نەدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەهیچ جۆرێک رای جیاوازیان لەو بارەیەوە لەگەڵ داعش نییە و ئەوانیش لایەنگری پێکەوەژیانی دینەکان نین و باوەڕیان بەوە نییە مرۆڤ ئازادە لەوەی چ دینێک هەڵدەبژێرێت!

وتارەکانی نوسەر