گەمەکردن بە چارەنووسی نیشتمان

11:59 - 2023-05-03
عومەر قادر
481 خوێندراوەتەوە

سەردەمی شۆڕش کە ئەوسا یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان هێزی سەرەکی شۆڕشگێڕی کوردستانی باشوور بوو، دوا بەدوای ئاشبەتاڵ لەلاپاڵی شاخ و گوندە ئازادکراوەکانی کوردستان هەمیشە وەک چەتری کۆکەرەوەی گشت لایەنە بەرهەڵستکارەکانی عیراق و کوردستان رەفتاری کوردانەی دەنواند.
هاوکاریی و پشتیوانی  لایەنە کوردییەکان
 ئەو سەردەمە شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتی مامی مەزنمان (مام جلال) بەهەموو جۆرێ هاوکار و پشتیوانی گشت لایەنە سیاسییە عیراقی و کوردستانییەکانی دەکرد، بەپێدانی چەک و گشت پێداویستییەکانی تری پێشمەرگانە بەجۆرێک بەتانی و فیشەکی لە پێشمەرگەکانی یەکێتیی دەسەندەوە و پێشکەشی  پێشمەرگەی لایەنەکانی تری دەکرد، بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان بکەنەوە لەڕیزەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و هەمیشە لە هەوڵدابوو بۆ دروستکردن و پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان و یەکگرتوو لە گشت لایەنە کوردستانی و عیراقییەکان، کە دواجار ئاواتی لەمێژینەی  مامی رابەرمان بەدیهات و سەرجەم لایەنەکان لەبەرەیەکدا گردبوونەوە بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی رژێمی بەعس و بۆ رزگاربوون لەو کێشانەی کە یەخەگیری هاووڵاتیانی عیراق و کوردستان بوو لەسەر دەستی بەعسییەکان و بەمەبەستی رووخانی رژێم و جارێکی تر بیناکردنەوەی قەوارەی دەوڵەتی عیراق، هەروەها وەدیهێنانی ئاسۆیەکی روون و دەربازبوون لە کێشە و مەینەتییەکان، خۆشبەختانە دوای چەندین ساڵ لە فەرمانڕەوایی تاکڕەوانەی بەعس، کە بەزەبری ترس و تۆقاندن، گرتن و ئەشکەنجەدان دەسەڵاتیان قۆرخ کردبوو لەسەرتاسەری عیراق، جگە لە گوندە ئازادکراوەکان و سنوورەکانی کوردستان کەلەژێر دەستی پێشمەرگە و شۆڕش دابوون . 
دیارە ئەوکاتە دروشمی سەرەکی عەفلەقییەکان جگە لە (وحدة‌، حریة‌، اشتراکیة‌) دروشمی (کل شيء من اجل النصر) بوو، لەو پێناوەشدا سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان خستبووە خزمەت ئامانجە گڵاوەکانیان و بۆ چەواشەکردنی رای گشتی دەرەوە، ئۆتۆنۆمییەکی کارتۆنیان دامەزراندبوو لەگەڵ دروستکردنی چەندین پارتی کارتۆنی . 
رۆڵی یەکێتیی لە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمان
دوای راپەڕین،  هەرێمی کوردستان کرانەوەیەکی پۆزەتیڤانەی بەرەو دیموکراسی بەخۆوەبینی و هەنگاوەکان بەرەو فرەیی حزبی لەپێشڕەویدا بوون، لەسایەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، لایەنەکان لەپێشبڕکێ دا بوون بۆ سەرکەوتن و گرتنە دەستی دەسەڵات . کە ئەمجارەش یەکێتیی هاندەر و پشتیوان و خاوەن پڕۆژەی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بوو، بڕوای تەواوی بە فرەحزبی هەبوو کە لەسایەیدا کورد بە مافی فیدڕاڵی بۆ کوردستان گەیشت و حوکمی زاتی توڕهەڵدا بۆ زبڵدانی مێژوو.
 ئەوەی جێگای داخ و تێڕامانە ئێستا دەبینین فرە حزبی لە کوردستان نەبۆتە چارەسەر بەپێچەوانەوە بۆتە کێشە بۆ یەکڕیزی نیشتمانی بۆ سەقامگیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی وچەقبەستویی  پەرلەمان لەبەر چەند هۆکارێک : 
1-خۆفرۆشتن و کلکایەتی بەشێک لە لایەنە سیاسییە بچوکەکان بە پارتی، کە ئەمڕۆ لە پایتەخت دەسەڵاتدارە و هەولێری ئیحتکار کردووە بۆخۆی، بەسەروەت و سامانی وڵات یاری بە عەقڵیەتی کورد و لایەنەکان دەکات و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکات، ئەزموونی دیکتاتۆری دووبارە دەکاتەوە و چەند حزبێکی سیاسی کارتۆنی لە کوردستان دروست کردووە، کە لە ژێر فەرمانی پارتی دان  و بە ئیمکانیاتی ماددی ئەو حزبە بەڕێوەدەچن. 
2-گردکردنەوە و سازدانی خەڵک، کۆکردنەوەیان لە دەوری دروشمە درۆزنینەکانیان، بزواندنی هەستی نەتەوایەتی ساختە و بزواندنی دەماری (پارتی سەرکردە) لەناویاندا . ئەم رەفتارە ناوازەیەشیان دیسان هەر لەڕێگەی تەخشان و پەخشانی سامانی دزراوی ووڵاتەکەمانە . 
3-ئەم شێوازی کارکردنەی پارتی (کۆمەڵگەیەکی ئەنجن ئەنجن) و دابەشی بەرهەم هێناوە، ئێستا گەمەی لێکترازانی نیشتمانی پەیڕەو دەکات و رۆژبەڕۆژ سەروەریەکانمان کە بەدست هاتوون رادەستی بەغدا دەکاتەوە و هەوڵی باڵادەستی و قۆرخکردنی دەسەڵات دەدا لەهەرێم، کە ئێستا زۆر بە زەقی لەلایەن باڵادەستانی ناو باڵێکی پارتی ئامانجیانە جارێکی تر ئەزموونی رژێمی پێشوو  لەم وڵاتە دووبارە بکەنەوە، لەپێناو رووتاندنەوەی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەوەی بەلاشیانەوە گرنگ نییە پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت رقی سیاسی خۆیان بە دانیشتوانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بڕێژن،   بەڵام پێویستە لەو راستییە تێبگەن کە مەرامەکانیان سەر ناگرن و دەبن بەبڵقی سەرئاو، چونکە مەحاڵە ئاواتەکانیان بێتەدی  بە هەیمەنەی تەواو بەسەر  کوردستاندا، چونکە زۆرینەی خەڵکی هەرێم، لە سیاسەتە چەوتەکانی ئەوان تێگەیشتوون و پێی رازی نیین، بۆیە هەرگیز هاووڵاتیانی هەرێم ناتوانن حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەوان قبوڵ بکەن.
کۆتا و کێشەی کەمە نەتەوەکان
جگە لە کێشەی کەمە نەتەوایەتییەکان کە پارتی دروستی کردووە و بەشێک لە ئەوانیشی لەڕێگە راستەکە لاداوە و وابەستەی خۆی کردوون، بە دەنگپێدانی لایەنگرانی پارتی  بە تورکمان کە لێرەدا جارێکی تر پارتی لەژمارەی دەنگ  سوودمەند دەبێتەوە، کە بە کەمترین دەنگ کورسی بەدەست دێنێت، لە دەنگدانی تایبەتیش دا ئەم هەوڵەیان دەچەسپێنن لەڕێگەی دەنگدانی زۆرەملێ (اجباری) بۆ نوێنەری تورکمانی سەر بە خۆیان، دیارە ئەو رەفتارە نابەجێیەش بۆ فێڵکردنە لە لایەنە سیاسییەکان و لەهەمانکاتدا کەمینەکانیش نابنە نوێنەری راستەقینەی خۆیان.
ئێستا خەڵکانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر کە ئەمڕۆیان دروستکرد، بە هەستێکی بریندار و پڕ لە تاسەوە سەیری رووداوە سیاسییەکان و رووداوە ناخ هەژێنەکانی هەرێم دەکەن و هەوڵ دەدەن کوردستان نەگەڕێتەوە خاڵی سفر و دەستکەوت و مافەکانمان لە دەست نەدەین، ئەمڕۆش لە هەموو رۆژێک زیاتر لە کوردستان پێویستمان بە یەکڕیزی نیشتمانییە و دەبێت وتە بەنرخەکانی (مام جلال) مان بیر نەچێت، کە تێیدا هەمیشە داوای یەکڕیزی گەلی کورد و  لایەنە سیاسییەکانی دەکرد.

یەکێتیی هاندەر و پشتیوان و خاوەن پڕۆژەی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بوو

وتارەکانی نوسەر