کە مردی خەم مەخۆ

10:14 - 2023-05-10
هاژە باست
362 خوێندراوەتەوە

بە وردی دیقەتی ئەم چەند وشەیە بدەن، (کە مردی خەم مەخۆ! ئێمە پرسەکەت بۆ بەڕێوە دەبەین)، ئەمە ریکلامی کۆمپانیایەکە بۆ پرسە و مردووی خەڵک!،  بیزەبت دیارنییە پەیامەکە ئـاڕاستەی کێ کراوە؟ من؟ کە مردم؟ خەم نەخۆم لەوەی شێوازی پرسەکەم چۆن بەڕێوە دەچێت؟ یان کە کەسێکم مرد بەوان بڵێم؟
ئاخر یەعنی رونی بکەنەوە بۆمان چۆن؟ پێش ئەوەی بمرم بە چەند رۆژێک، بێم و پەیوەندی بە جەنابتانەوە بکەم و بڵێم تکایە پرسەیەکی شاهانەم بۆ بەڕێوە بەرن، با برنجەکە پیازی تیابێت و دەنکەکانی رەق نەبن؟ یان شلەکە جوان کوڵابێت و خەست و خۆڵ بێت؟ یان گۆشتەکە باش کوڵابێت و کەم نەبێت؟ توخوا من هەر دەمرم دەمرم با ئەو خەڵکە برسی نەبێت؟
خۆ ئەگەر بابەتەکە لەسەر ئەوەبێت ئەو بەڕێزانە بێن و پرسەمان بۆ بەڕێوەبەرن بەبێ کەم و کورتی ئەوە فکرەیەکی باشە، لەجێی بۆڵە بۆڵ و منەتی خزمان و فریا کەوت و فریا نەکەوت، کورد وتەنی پارەی خۆت بەو قنج هەڵپەڕە، بەڵام ئەگەر قەرارە مردووەکە خۆی بێتە سەر خەت و خەمی پرسەکەی بخوات، ئەمەیان شتێکی ترە!
هەرچی ئەو نووسینەم خوێندەوە کە ریکلامی کۆمپانیاکەیە وای لێ تێگەیشتم، جا ئیتر نازانم چۆن بەئێوە گەیشتووە.
وەک خۆم هەمیشە پێم خۆش بووە، کە مردم، پرسەکەم نان و چێشتی باشی تیا بکرێت، هههههه ئیتر ئەمەش زەوقە، جارێک بە باوکمم وت، توخوا ئەگەر مردم خواردنی باش بەن بە خەڵک، برنج و فاسۆلیا و گۆشت، لەوەڵامدا وتی، حەدت چییە، خۆت دەمری و باریشمان گران دەکەیت؟ ئینجا مەسرەفی تەعزیەشی بێتە سەر.
دەی بەو موناسەبەیەوە جەماعەتی ئەو کۆمپانیا بەڕێز و خۆشەویستە با سەرەیەکم بۆ دانێن، ئیتر ئەوەش لە کۆڵ خێزانەکەم دەکەمەوە.

وتارەکانی نوسەر