خەرامان

هەڵۆ سوورەکانی بەغدا

11:52 - 2023-05-10
ستران عەبدوڵڵا
499 خوێندراوەتەوە

-13-

بەغدا گەرمە و تەختانییە، لەبەر فیدرالی ناڵێم بیابان نییە، دەنا خۆی وایە. بیابانی سەراب و سیحر و خەنجەری ژەهری قەبیلەكانە، بە تایبەتی بەغداکەی بەعس.
بەڵام ناو جەرگەی بەغدا بۆ هەڵۆی سوور دەبێتە شاخی سەركەشی كوردستان. لەهەر جێ ویستی ئازادی و ئازادیخوازی هەبێت كوردستانە، جا لە باخچە هەڵواسراوەكانی بابل یان سێدارە هەڵواسراوەكانی بەغدا بێت.
هەڵۆی سوور هەر ناوی دیوانی شیعری موقاوەمەتی زمانی شیرینی كوردی نییە. لە بەغدا هەڵۆی سوور ناونیشانی درامای سیزیفی گەرمەسێرە.
 مولازم جوامێر و  هاوڕێكانی دواپەردەی خوێنینی تێكۆشانی گەرمەسێری و فەیلی نمایش دەكەن. 
پایتەخت زیندانە کە کلیلەکەی لای جەلادە و سەری كۆڵانی سیاسەتی بەغداد گیراوە،  بەحاڵ و ئەستەم جێی فەیلی و دیموكراسی و دادی تێدا دەبێتەوە. نە بازاڕ ماوە، نە شۆرجە. نە مەدرەسەی سانەوی فەیلی هەیە و نە لەیلا قاسم لەگەڵ وەسفیە بەنی وەیس دەچنە ئادابی بەغدا.
هەیە و نییە گوللەی تایفەگەری  و گوللەی تەسفیر و تەرحیل. فەسڵی (بێژەن و کەیخەسرەو و کامبیزە)، گێڕانەوەی پەژارەیە و ئەلمەنسوور دیسان لە ئەبو موسلیمی هەڵپێچاوە و گەرەكێتی عەهد و پەیمان پێشێل بكات. هەڵۆ سورەكان بۆ كورد و كوردستانێك كە یەك بست زەوی و یەك قروشیان تیا نییە، زنجیر دەپسێنن و لەسەر كوردستان و فەرهەنگەكەی دێنە جواب و دەستڕێژ لە بەعسییەکی زمان لووس دەكەن کە رۆشنبیری کوردی گڵاو کردووە. 
ئەمە داستانی هەزار دەستانە و باقی شانامەی فیردۆسی سەدە، شمشێری عەلی و پەڵەخوێنی رۆستەم و زۆراب لە كەس شاراوە نییە و دەماودەم دەگێڕدرێتەوە.
ئەمە كورتەی هەڵۆی سوور و كورتەی نەفرەتی بەرامیكەیە كە یەخەی سیزیڤی كوردی بەرنەداوە.
ئەم چیرۆكە بەغدای قەرەباڵغە كە تا ئێستاش لە كورد عاسێیە. ئەمە بەسەرهاتی هەڵۆ جوامێر و رەفیقە شەهیدەکانێتی کە لە ناو عمومی مەملەکەتا فازڵ بەراکیان هەراسان و مام جەلالیان سەربەرز کردبوو.

وتارەکانی نوسەر