ستران عەبدوڵڵا
پارێزگای هەڵەبجە سەرەتای گۆڕانکاری دەبێت لە کارگێڕی و دابەشبوونە ئیدارییەکانی عیراقدا.
لە عیراق کێشە هەر مەسەلەی کورد وناونیشانی سیستمی سیاسیی عیراق نییە کە چەقی بەستبوو، یا خود بە زەحمەت لە شوێنی خۆی دەجوڵا، بەڵکو جیهازی بیرۆکراتی و رۆتینی ئیدارییش وا ژەنگی هەڵێنابوو کە سنووری پارێزگاکانیش وەک سنووری دەوڵەت بە پیرۆز و دەستکاری نەکراوە لە قەڵەم دەدرا. بە جۆرێک ئیدارەی موسڵ یان دیالا و کەرکوکیش مەیلی خاوەندارێتیی پارێزگایان لا پەیدابوو.
رەنگە سپاردنەوەی خانەقین یان مەخمور بە کوردستان و کردنی بە بەشێک لە حکومەتی هەرێم زۆر گرفت نەبێ بۆ حکومەتی فیدراڵ، بەڵام بێگومان بۆ ئیدارەی دیالا و ئیدارەی موسڵ جۆرێک بوو لە کوردەناموسە و پرسی کەرامەتی ئیداریی نێوان پارێزگاکان. ئەگینا باوەڕ ناکەم قەرەهنجیر لای سلێمانی یان کەرکوک بێت هیچ گرفت بێت بۆ جوڵەی سیاسیی بەغدا، بەڵام ئیتر وەک راهاتنێکی ئیداریی لە سایەی جیهازی بیرۆکراتیدا بەربەست و پێناخۆشییەک هەیە و دیارە.
لە عیراق دەستووری نووسراوی وڵات هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و نەخشەرێگا بۆ پێکهاتن و داڕشتنەوەی هەیکەلی دەوڵەت و وڵات. بەڵام (دەستوور) بەمانای نەریت و دابودەستووری کۆمەڵگا هێشتا زیاتر ئەو حاکمە و رێنوێن. لەبەر ئەوەیە چەند ساڵە پارێزگای تر دروست نابێت، چ جای هەرێمی تر ببێتە دەستەخوشکی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا لە نیوەی دووەمی هەفتاکان و لەسەردەمی حوکمڕانی بەعس و ئەحمەد حەسەن بەکردا نەخشە و سنووری ئیداری چەند پارێزگایەک گۆڕان و دەستکاری کران. بێگومان ئەم دەستکاریانەش بە غەرەزی سیاسی وەک تەعریب یان لەبەر هۆکاری مەزهەبی و هۆکاری شارچێتی و تکریتچێتی کران، نەک بە هۆکاری زانستی، یان بە پێوەرەکانی گەشەی ئیداری و پێدراوی دانیشتوان و گەشەپێدانی ئابووری.
دوای کەوتنی رژێمی بەعس ئەم هەستیارییە ئیدارییە هەر ما و هەر بەربەست بوو لە دەستکاری ئیداری و پێکهێنانی پارێزگای نوێ. بە داخەوە عەقڵیەتی سەنتڕاڵی و رۆتینی راهاتن و سستیی گەشەی فیکری ئیداری بە قەدەر بیری شۆڤێنی و مەزهەبی رێگربوون.
ئێستا کە پارێزگای هەڵەبجە دروستکرا و ئەمر و ئیمزای بۆ دەرچوو دەشێت ئەم بڕیارە وێستگەیەکی تازە بێت لە رێی تێپەڕاندنی هەنجەتە پڕ و پوچ و سواوەکانی وەک خۆی هێشتنەوەی سنووری پارێزگاکانی وڵات کە قەت لەگەڵ دەستووری نوێ باو و پێدراوە دیموگرافییەکانی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی ئیداری و ئابووری یەک ناگرێتەوە.
وڵاتی تازەی عیراق ئیتر دەبێت خۆی راپسکێنێت و لە نێوان پرۆسەیەکی چالاکی سیاسیی و دیمەنێکی خاووخلیچی ئیداریدا باشەکەیان هەڵبژێرێت و نەخشەی ئیداری خۆی دەستکاری بکات.
با پارێزگای هەڵەبجە گۆڕانێکی چۆنایەتی بێت لە رێگای دوور و درێژەی سیستمی ئیداری. وەک چۆن وێستگەیەکی چۆنایەتی بوو لە ناساندنی مەزڵومیەتی کوردستان و عیراق لە سایەی حوکمی دیکتاتۆری حکومەتی مەرکەزی بەعسدا.
بێگومان هەڵەبجە شایانێتی کە ناونیشان بێت بۆ وەرچەرخانی بەردەوام.