یەکبێژ

سیاسییە دڵسۆزەکانی عیراق یەکگرن!

09:20 - 2023-05-11
هیوا محەمەد
296 خوێندراوەتەوە

کورد و شیعە و سوننە، لە خاڵە سەرەکییەکانی پەیوەست بە عیراق هاوهەڵوێستن، هەڵبەتە ئەو دروشم و رایانە کە لە کۆنگرەی حزبی و لێدوان و کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا دەیخەنەڕوو.
هەموان کۆکن لەسەر یەکپارچەیی خاکی عیراق  و پابەندبوون بە دەستوورەوە، پاراستنی ئەمنی و سەروەریی، رێزگرتن لە درواسێکانمان، پاراستنی خاک و سامانەکەی، رێگەنەدان بە دەستوەردانی دەرەکی، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان، نەهێشتنی گەندەڵیی ئیداری، ئاوەدانکردنەوە، ئەمانە و زۆری دیکەش.
لە بەرنامەی هیچکامیاندا بە ئاشکرا نەهاتووە لە دژی ئەوی دیکەیان کاربکات، واتا نە کورد دەڵێت یەک لەو پێکهاتانە دەسڕینەوە، نە بە پێچەوانەوە.
ئەگەر یەکێک لە پێکهاتەکان هەڵگری ئەم دروشمانە بوونایە، ئەوا دەمانزانی کە کۆسپەکە چییە؟
لە سەردەمی بەعسییەکان هەریەک لە شیعە و کورد و سوننەش تاڕادەیەک، یەک هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر بە دوژمنە سەرەکییەکە، چونکە باڵە جیاوازەکانی ناو پێکهاتەکان، دەخزێنرانە یەک زیندانەوە، هەمان ئەو ئەڵقە گوریسەش دەکرایە ملیان و پێی دەخنکێندران، هەرکەسیش لە ریزی ئەمانەدا خەباتی کردبێت، پێی نەبۆتە ملیۆنێر، بەڵکو ئازار و زیندان و کوشتنی هاتۆتە پێش.
دوای رووخانی رژێم، ئیتر فەرشە سوورەکەی ئابووریی (دۆلار) راخرا، ئامانجی سەردەمی شۆڕش لای زۆربە داخرا، دروشمەکان تەنها وەک رازاندنەوەی خود مانەوە.
ئاساییە کە پێکهاتەیەک لەناو خۆیاندا بیروڕای جیاوازیان هەبێت، بەڵام دەکرێت ئەو گروپ و دەستانە گوڵبژێر بکرێن کە بە راستی هەوڵ بۆ هێنانەدیی دروشمەکان دەدەن، لەوانەی کە خزمەتی راستەقینە بە وڵات دەکەن. 
ئەوکات لە هەرسێ بەشەکە دەردەکەوێت کە باشترینەکان کێن؟
خراپەکانی ناو باشەکان، بەشوێن بەرژەوەندیدا وێڵن، ئەوان چاوچنۆکیی وایان لێدەکات هەر خەریکی پاشقولگرتن بن لە هاوەڵەکانیان تا خۆیان ببەنە پێشەوە.
بەشە خراپەکە ئامادەیە بەشی بەرامبەرەکەی بفرۆشێت بە بێگانە، لەپێناوی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیدا تا پشکێکی زیاتر لە کێکەکە بەدەستبهێنێت.
ئێستا دەمێنێتەوە سەر دڵسۆزانی وڵات لەناو کورد و شیعە و سوننەدا تا بێنە پێش و گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی دەسەڵاتەکانیاندا بکەن، تا ئەم وڵاتە رزگار بکرێت لە دابەشبوون بەسەر چەندین حزب و گروپی جیاجیادا.
 کارێک بکەن تا ئەوانە لەسەروو یاساوە نەبن کە بۆ هەموو عیراق وەک یەکە، واتا یاسایەک لەناو عیراقدا دەیان تەفسیر و تەئویل و لێکدانەوەی بۆ نەکرێت. 
پێویستە بەشە دڵسۆزەکانی ناو حزبەکان پێکەوە دەربکەون و بیر لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نیشتمانیی بەرفراوان لە سەرتاسەری عیراقدا بکەنەوە، بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی لەو جۆرەش، ئەو حزبانە خۆیان دەتوێنەوە و رەواجیان نامێنێت.
دەکرێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەو پێوەرەی کە هەڵوێستە رەسمییەکانی بەرامبەر دۆخی عیراق نزیکە لە زۆربەی لایەنەکانەوە و توندڕەو و یاخی و پێداگر نییە، ئەو دەستپێشخەریی و بانگەوازە لە ئەستۆبگرێت بۆ دروستبوونی هاوپەیمانییەکی لەوجۆرە و کام لەو گروپ و لایەنانەی کە ئامادەبن لەسەر ئەو بەرنامەیە کاربکەن، بچەنە ناوییەوە و بۆ یەکەم هەڵبژاردن بەیەک لیست دابەزن، یان لانیکەم لەدوای هەڵبژاردن ئەو لایەنانەی تێڕوانینیان لەیەکترییەوە نزیکە،  بەمەش دەتوانن سەنگی خۆیان هەبێت و گۆڕانکاریی ریشەیی بکەن.

وتارەکانی نوسەر