رەوشی گەنجان و ئایندەیەکی نادیار

10:16 - 2023-05-14
نەسرین کوردە
488 خوێندراوەتەوە

گرفت و ئاستەنگەکانی  گەنجان لەم  وڵاتەی ئێمەدا  هەرگیز کۆتایی نایەت، رۆژ لەوای رۆژ بارودۆخیان ئاڵۆزتر دەبێت، بێکاری و نەبوونی دەروویەک بۆ خۆشکوزەرانی، تەنگی بە زۆرێکیان هەڵچنیووە،  حکومەتی هەرێم و ئیدارە خۆجێییەکان زۆر بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسەدا دەکەن کە ئەوەش وایکردووە هەندێک لە گەنجان لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە لابدەن و خۆیان بە کاری نابەجێ و دیاردەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرو جگەرەکێشان و خواردنەوەی مادە کهولییەکانەوە سەرقاڵ بکەن. ئەمەش بەشێکی لە ئەجامی  بێزای و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتەوەیە لەئاست بەدەنگەوەچوونیان و لاکردنەوەی جدی لە گرفتی گەنجان.
لە ساڵانی رابردوودا بە چەند قۆناغێک سەدان هەزار گەنجی کورد رووەو هەندەران رێی هات و نەهاتیان گرتەبەر و لەوانەش بە سەدان و بگرە هەزاران رووبەڕووی مەرگ بوونەوە چ بە گولـلەی قەرەوڵی سنوورەکان یان نقومبوون لە دەریاکاندا و هەزاران دایك و باوکیش  جەرگیان  سووتا و پشتیان شکا.
دەبێت حکومەت ئەوە لەخۆی بپرسێت کە گەنجانێک کە رۆژگارێک ئامادەبووبن گیانیان بۆ ئەم وڵاتە ببەخشن بڵێی دڵیان بێت بەبێ هۆکارێکی موقنیع بەجێی بهێڵن و لە رێی بەجێهێشتینیدا گیانیان بخەنە مەترسییەوە ئەگەر چاوی لەوە نەبێت کە لێرە مافەکانی پیشێل دەکرێت و لەو وڵاتانە لانیکەمی مافەکانی وەک مرۆڤ بۆ دابین دەکرێت و ژیانێکی شکۆمەندانەتری لە وڵاتێکی نەناس و نەدیودا بۆ دەستەبەر دەکرێت؟
دیارە دەبێت دەسەڵاتی کوردی لە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بکۆڵێتەوە کە بەردەوام گەنجان راپێچ دەکات  بەرەو نەهامەتی و دەردەسەری، دەبێت لەخۆی بپرسێت بۆچی بەپێی پێویست کارناکەن و ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ ناکەن و تا بۆیان بکرێت لە زانست و خوێندن دووردەکەونەوە؟ بە شتی لاوەکی و بێسوودەوە خۆیان سەرقاڵ دەکەن و خۆیان لە گرفتە رۆژانەکان قوتار دەکەن؟ 
گەنجان خۆشیان و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیش دەزانن ئەم هەڵسوکەوتانە تەنها خۆهەڵخەڵەتاندنە وهیچیتر. 
ئەگەر حکومەت بەجدی بیر لە چارەسەری زانستی و ئابووریی و دەروونی بۆ گەنجان نەکاتەوە، ئەوا ئایندەیەکی  ترسناک چاوەڕوانی ئەم گەنجانە و نەوەکانی داهاتووش دەکات، بۆیە بەرلە هەموان ئەرکی میدیاکان و لێپرسراوانی دەسەڵاتدار و قسە رۆیشتووە کە لینکێکی راستەوخۆ لەگەڵ گەنجاندا ببەستن و لە گرفتەکانیان شارەزابن و کاریان لەسەر بکەن، نەک هەر هەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکی تر بەڵێنیان پێبدرێت و هیچی جێبەجێ نەکرێت ، گرنگترین دەرفەتێکیش بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت، دەستەبەرکردنی هەلی کار و دەرفەتی یەکسانە تا خۆیان بتوانن خۆشگوزەرانی بۆخۆیان دابین بکەن، چونکە سەرقاڵبوون بەکارەوە رێگەی بیرکردنەوە و پیادەکردنی کاری خراپ  و نەشیاو دەگرێت  و بگرە لەگەڵ هاوپیشە و هاوتاکانیدا دەکەوێتە پێشبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی باشتر بەگوێری پسپۆڕیی خۆی، بەتایبەتیش ئەگەر پاڵنەر و هاندەر هەبێت بۆ ستایش و خەڵاتکردنی کاری باش و ناوازە، لەوێدا  دڵسۆزانی گەل و مرۆڤایەتی دەردەکەون و چیتر گەنجان پەنا نابەنە بەر کاری نەشیاو کە زیان بە جەستە و شکۆ و کەسایەتیی خۆیان بگەیەنن، وەک دەشبینین هەر ئێستا گەنجانێکمان هەن کە لە بواری تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا پەرە بە زمانی کوردی و هاوتاکردنی بە زمانە جیهانییەکان دەدەن، کە ئەگەری هەیە زۆر گەنجی ترمان هەبێت بتوانن داهێنانی گەورە بکەن ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت لە دەسەڵاتەوە و لە میدیاکانیشەوە فۆکس بخرێتە سەر داهێنانەکانیان، ئەوەش دەبێتە هاندەر بۆ گەنجانی تریش تا لە کاروانەکە دوانەکەون و لەبەر سەرقاڵییان بە داهێنان بیر لە مادەی هۆشبەر و رێگەری هاتونەهاتی دەریاڕەویی قاچاغ و سنووربڕینی ئایندە نادیار نەکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر