ته‌مه‌ن بوونی نكوڵی لێنه‌كراوی تۆیه، بوونت واته ته‌مه‌ن و ته‌مه‌نیشت پێوه‌ر بۆ مانه‌وه‌ت، ئه‌وه تۆیت چۆنیه‌تی ته‌مه‌نت دیاریده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ی له‌ته‌مه‌نت دا ده‌یگوزه‌رێنیت بناغه‌ی بوونته، ده‌توانیت ته‌مه‌ن بكه‌یت به‌بارێكی قورسی سه‌رشانت و مایه‌ی نه‌هامه‌تی و ناخۆشی، یان بیكه‌یت به هۆكارێك بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ریی.
سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی ته‌مه‌نت به‌ده‌ست تۆوه‌ن و تۆ دیاریان ده‌كه‌یت، ده‌توانیت ته‌مه‌ن بۆ كاری باش به‌كاربهێنیت و ژیانت ئاوه‌دان بكه‌یت، ده‌شتوانیت بیكه‌یت به مایه‌ی وێرانكاریی و كاولكاریی ژیانت.
ته‌مه‌ن و ژیانت ره‌نگدانه‌وه‌ی كار و كرده‌وه‌كانتن، كاروكرده‌وه‌كانیشت ره‌نگدانه‌وه‌ی بیركرده‌وه‌كانتن، بێگومان هه‌ركرده‌وه‌یه‌كیش زۆر دووباره‌بێته‌وه ده‌بێته خوو، خووه‌كانیش زۆركات وایان لێ دێت كه داگیرت ده‌كه‌ن و ده‌بنه بارێكی قورس به‌سه‌رشانته‌وه و كۆنتڕۆڵی ئاڕاسته‌ی ژیانت ده‌كه‌ن، بۆیه له‌ژیانتدا هه‌وڵبده باشترین خووه‌كان بكه به‌هاوڕێی ته‌مه‌نت.
ته‌مه‌ن ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌یه كه ده‌بێته هۆی دنیا بینیت، خووه باشه‌كان بكه چاویلكه و دنیا جوانتر ببینه، ئه‌و كات به‌چاوی گه‌شبینی و بڕوا به‌خۆ بوونه‌وه هه‌نگاو بۆ ژیان ده‌نێیت، به‌ڵام كاتێك چاویلكه‌ی ره‌شبینیت له‌چاوه و ره‌شبینیی بووه‌ته خوویه‌ك و له‌گه‌ڵتدایه، ئه‌وا به‌وێنه‌ی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده هه‌رچی خاڵی رووخێنه‌ر هه‌یه له‌ژیانتدا ره‌نگ ده‌داته‌وه، خووه خراپه‌كان هه‌میشه به‌ڵایه‌كن به‌سه‌ر سه‌رته‌وه و هێواش هێواش له‌ناوت ده‌به‌ن.
خووه‌كان ئه‌و تۆوه‌ن كه ده‌یچێنیت، بێگومان هه‌رچی بچێنیت ئه‌وه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌ربۆیه خووی باش له‌ناختدا بچێنه وبه‌بیركردنه‌وه‌ی باش ئاودێریی بكه، بۆ ئه‌وه‌ی كرداری باش و گفتاری باش به‌رهه‌م بهێنیت، خووه‌خراپه‌كان له‌ژیانت وه‌لانێ، چونكه هه‌میشه خووه خراپه‌كان سووتێنه‌رن و ئاگر له‌خه‌رمانی ته‌مه‌نت به‌رده‌ده‌ن، خووه باشه‌كان له‌بیركردنه‌وه‌ی باشه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و دواتریش ده‌بنه نه‌ریتی ژیانت و ناسنامه‌ی بونت، هه‌رمرۆڤێكیش باشی و چاكه ناسنامه‌ی بێت خۆشه‌ویستی و رێزی كۆمه‌ڵگه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ت و سامانی دونیایه كه شایانی ئه‌وه بێت مرۆڤ
هه‌وڵی بۆ بدات.