دکتۆر سمکۆ کەرکوکی
ساڵی 1984، گفتوگۆی یەکێتی و رژێمی رووخاوی عیراق، ساڵێکی تا رادەیەک خۆش بوو، خەڵک و پێشمەرگە تێکەڵاوببوون و پێکەوە ئاهەنگیان دەگێڕا.
بەهاری ئەو ساڵە، بۆنی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی مافەکان تێکەڵ بە بۆنی گیاو گوڵی بەهار ببوو.
کاتی مانگرتنەکە وەفدی یەکێتی لە بەغدا ببوون، کە هەواڵی دەستگیرکردنی ئێمەیان بیستبوو، داوایان لە سەرانی رژێم کردبوو ئازادمان بکەن و ئەوانش کردبوویان بەبروسکە و بەو هۆیەوە ئازادکراین
حیکایەتی جەیشی شەعبی
رژێم دەیویست هەموو گەلی عیراق بەناوی جەیش شەعبییەوە چەکداربکات، بۆ ئەوەش گوشار دەخرایە سەر فەرمانبەران و ئەو کەسانەی تەمەنی سەربازییان بەسەرچووبوو یان هێشتا مابوویان تەمەنی سەربازییان بگاتێ.
مەشقی هاوینەی خوێندکاران
ساڵی 1984 لە کۆتایی خوێندندا رژێم گوشاری خستە سەر خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان تا لە پشووی سێ مانگەی هاویندا مەشقی سەربازی بکەن، بەڵام خوێندکارانی کورد لەو سەروبەندی دانوستانەدا بەشێوەیەکی یەکگرتوانە و بە یەکدەنگی ئەو گوشارانەی رژێمیان رەتکردەوە، بەو شێوەیەش زۆربەی خوێندکارە کوردەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەولێر و موسڵ و بەغداش، لە خوێندن فەسڵکران، ئەگەرچی ژمارەیەکی کەم لە خوێندکاران ملیان بۆ داواکەی رژێم دا، بەڵام زۆرینە رەتیانکردەوە.
لیژنەی ئامادەکاریی مانگرتن
خوێندکارانی ئامادەیی و ناوەندییەکان بۆ رێکخستنی شەپۆلێکی ناڕەزایی و پشتگیری لە داواکاریی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان هەڵمەتێکی مانگرتنی سەرتاسەرییان دەستپێکرد.
ئەم هەڵوێستە هێمنانەیە لەلایەن یاساوڵەکانی بەعسەوە بە توندوتیژیی و چەک وەڵامدرایەوە، بۆیە ناڕەزاییەکە زۆربەی خوێندکارانی کوردستانی لەسەر ئاستی ناوەندی و ئامادەییەکانیش گرتەوە و خوێندکارانی کەرکوکیش لەم هەڵوێستەدا لە ئەرکی خۆیان و کوردایەتی کەمتەرخەمییان نەنواند.
بەندە ئەوکاتە لە لقی کەرکوکی یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان بووم، خوێندکاری سێی ناوەندی ئێواران بووم لە گەڕەکی ئیمام قاسم.
ئەو شوێنەش کە دیاریکرابوو لەلایەن لیژنەی ناوخۆی خوێندکارانەوە (اعدادیة الثورة) بوو، لە حەسیرەکە، مانگرتنەکەش لە 13/5/1984 واتە لە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەدا دەستیپێکرد، خوێندکاران داوای بینینی بەرپرسانی رژێمیان کرد تا پێیان بڵێن داواکاریمان هەیە و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکەن، یان بیگەیەننە ناوەندی بڕیار. داواکاریەکەش پێکهاتبوو لە خاڵێک وەک گەڕانەوەی خوێندکارە دەرکراوەکان و هەڵگرتنی مەشقی جەیش شەعبی و حیساب نەکردنی ساڵی کەوتن و...هتد .
من لەو ئامادەییە شانەیەکی رێکخستنی بەهێزم هەبوو، کامەران حاجی عوسمان فەقێ سەرپەرشتی دەکرد، سەرداری برای کامەران و فەلاح دوو ئەندامی ئەو شانەیە بوون و ناوی ترم نەدەناسی لەگەڵیاندا، بەڵام ئەمان کەسە سەرەکییەکان بوون، بۆیە منیش کامەران حاجی عوسمانم راسپاردبوو بۆ کات و ساتی مانگرتنەکە، کە پێشتر خوێندکارانی ئەو خوێندنگایە هەرخۆیان ئەو رۆژەیان دیاریکردبوو .
رێکخستنی ئەم مانگرتنە جگە لە قۆڵی ئێمەوە، لە قۆڵی تریشەوە کاری بۆ کرابوو.
چۆن بەشداریم کرد؟
کاتی چوونە پۆل و تاقیکردنەوە کەس نەچووە ژوورەوە، ماوەیەکی پێچوو بەڕێوەبەری ئامادەیی ثورة هات و داوایکرد کە خوێندکارەکان بچنە ژوورەوە، بەڵام کەس رازی نەبوو هەرچەندە زۆر ئامۆژگاریی کردن و پێی وتن: ئەمەی دەیکەن ئەنجامەکەی باش نابێت.
ئیتر لە ماوەیەکی کەمدا هەموو سەربانەکانی دەوروبەری خوێندنگاکە بەهێزی ئەمن گیرا و ئەو ناوە پڕبوو لە پیاوانی رژێم، پاشان لێپرسراوی (طلبة والشباب)ی بەعس لێمان هاتەپێشەوە و هەندێک قسەی کرد، وەک پێشتر دیاربوو رێکەوتن کرابوو کە یەک دوو خوێندکار دیاری کرابوون وەک نوێنەر قسە بکەن و داواکارییەکەیان تەسلیم بکەن، بۆیە هەروا کرا، من کەسیانم نەدەناسی، بەڵام دوایی بۆیان گێڕامەوە کە یەکێک لەو خوێندکارانە شەهید نەجات سلێمان بوو.
دوای ئەوە ئەوان ریزیان کردین و کەوتنە پشکنینمان، لەکاتی پشکنینماندا کۆپییەکی داواکارییەکان لە گیرفانمدا بوو پێم گیراو ئەو کەسەی دۆزییەوە لێی پرسیم ناوت چیە؟ منیش ناوێکی هەڵەم وت و لەسەر کاغەزێک ناوەکەی نووسی و کە پشکنینی خوێندکارەکانی ترکۆتایی هات؛ بە کێبڵ و دار کەوتنە گیانمان و ژمارەیەکی زۆریان لێ دەستگیرکردین. من لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاردا بردیانین بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی کەرکوک و ئیتر کەوتنە لێدان و جیاکردنەوەمان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، هێشتا لە دەرەوە بووین، یەکێک ئامۆژگاریی کردین و وتی: من ئەمە دووەم جارە دەمهێننە ئێرە هیچ مەدرکێنن، چونکە ئیتر دوای داننان بە شتێکدا دەرەوە نابیننەوە، ئێستاش نازانم کێ بوو، بەڵام قسەکانیم وەکو سەرکردەیەک هاتە بەرچاو.
ئەوکاتەی لە ژوورە تاکەکەسییەکەدا بووم، گوێم لێبوو بە دوای ئەو ناوەدا دەگەڕان کە من بە هەڵە دابووم، هاتنە ژوورەکەی ئێمەش و سۆراغی ئەو ناوەیان کرد.
دواتر یەک یەک بردیانین بۆ لێکۆڵینەوە، هەموو ئەو پرسیارانەی لە من دەکرا لەکاتی لێدانەکان و کارەبا لێدان و فەلاقە و لێدانی ژێرپێدا ئەمانە بوون: (کێ بەرپرسەکەتە لەم مانگرتنەدا؟ پەیوەندیت هەیە بە یەکێتییەوە؟ کێ دەناسی پەیوەندیی هەبێت؟ تۆ کە خوێندکاری ئەو ئامادەییە نیت چۆن هاتوویت بەشداری لەو مانگرتنەدا بکەیت؟ مادام خوێندکاری ئەبو ئەیوبی شەوانیت دانی پێدابنێ کە خۆت رێکخەری ئەم مانگرتنەیت ...هتد.
هەموو وەڵامەکانی من ئەمانە بوون: من لەو خوێندنگایە نەگیراوم لەسەر جادەی حەسیرەکە دەستگیرکراوم، لەوکاتەدا من دەمویست بچم بۆ باخچەکەی ئیسکان بۆ سەعیکردن لەوێ دەستگیریان کردم من هیچ نازانم و ئاگام لە هیچ نییە و کەس ناناسم و پەیوەندیم بە هیچ حزبێکەوە نییە و کەسیش ناناسم لەناو یەکێتی و پەیوەندیم پێیانەوە نییە.
ئەوان دەیانویست بە فرتوفێڵی ئەوەی دانوسانیان هەیە لەگەڵ یەکێتی، بۆیە دەیانوت ئەگەر پەیوەندیت بەوانەوە هەبێت ئازادت دەکەین و کێشەت نامێنێ، بەڵام من رەتمدەکردەوە کە پەیوەندیم پێیانەوە هەبێت، ئەوەش لەسەر ئامۆژگاریی ئەو کەسەبوو کە بەرلە ئەشکەنجەدانمان هۆشداریی پێداین، هەر ئەوە نکوڵییەش بووە مایەی ئازدبوونم.
پاش تاقیکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە لەگەڵمدا کە زۆرترین ئازارم لە لێدانی ژێرپێ و کارەبا لێدانەکەدا بینی، ویستیان بە جۆرێکی تر ئەشکەنجەم بدەن و لەپڕ یەکێک هات و وتی: کەسێک لە یەکێتییەوە هاتووە دەڵێت ئەوە سەربە ئێمەیە، من نکووڵیم لەوەشکرد، چونکە گومانم هەبوو فێڵ بێت، ئیتر کە لەوەش بێهیوابوون.
بۆ بەردەمی دادوەر
لەو سەروبەندەدا یەک دوو کەس هاتن و پەلیان گرتم و بە پاڵ و جنێوباران بردمیان لە شوێنێک دایاننیشاندم، هەستم بە رووناکی دەرەوە کرد هەستمکرد کەسانی تریش وەک من هێنراون و یەک یەک کەوتنە پرسیارکردن، پرسیارەکان دیاربوون، هەندێک ماقوڵتربوون لەو پرسیارە بێ سەروبەرانەی کاتی ئەشکەنجەدان لێیان دەکردین، یان لەو هەموو جنێوانەی پێمان دەدرا، دواتر زانیم ئەو پرسیار و وڵامدانەوەیە لەلایەن دادوەری ئەمنی کەرکوکەوەیە، دادوەر بۆ وەرگرتنی دوا وتەمان هاتبوو تا پەسەندی بکات و بڕیاری لەبارەوە بدات.
کەسێک وتی من ئەمە دەناسم
پاشان یەکێک هاتەلامەوە بە عەرەبی پێی وتم: ناوت چییە؟ منش ناوی خۆم پێوت، وتی لەکوێ کار دەکەیت؟ وتم: لە فڕنی سەمونی ڤیڤیان لە جادەی ئەڵماس، هەر ئەوەندەم وت گوێم لێ بوو بە دەنگێکی هەندێک بەرز وتی: گەورەم من ئەوە دەناسم و ئیتر هەموو قسەکانی خۆمی بە عەرەبی بە دادوەرەکە وتەوە، منش هاتمە دەنگ و وتم: گەورەم ئەو قسانە ئێستا خۆی هاتەلامەوە و پرسیاری لێکردم و وەڵاممدایەوە. ئیتر باش بوو هەستمکرد دووریان خستەوە لێمان .
نۆرە گەیشتە سەر من و کەوتە پرسیار، هەر وەڵامە کۆنەکانم دانەوە. وتی: ئەی تۆ دەڵێن سەربە یەکێتیت؟ وتم: نەخێر، بەڵام گەورەم بیستوومە و لە رۆژنامەی الثورة لێدوانێکی بەڕێز سەعدون حەمادیم خوێندەوە تێیدا نووسرابوو لەگەڵ کوردەکاندا بە قیادەی یەکێتی گەیشتوینەتە رێکەوتن، بەڵام بڕوابکەن من هیچ پەیوەندییەکم بە سیاسەتەوە نیە و شەو و ڕۆژ خەریکی کرێکاری و خوێندنم، هەر بەچاوبەستراوی پەنجەمۆریان پێکردم، کە نەشمزانی چی تێدا نووسراوە.
ئەم لێکۆڵینەوە سەرپێیە تەواوبوو کردمیانە ژوورێکەوە کە جگە لە خۆم، نزیکەی 20 بۆ 25 کەسی تری تێدابوو، دوای راوێژ لەناو خۆماندا بۆم روونبۆوە کە ئێمە نە دانپێدانانمان هەیە و نە کەسیش دانپێدانانی لەسەر کردووین، کامەرانی هاوڕێم لەو ژوورە لەگەڵ خۆماندا بوو.
هەر ئەوەندە ئاگام لە خۆم بوو یەکێک لە خوێندکارەکان کە لەدوای ئازادبوونم سەردانی کردم و زانیم ناوی عەلییە و خەڵکی ئیمام قاسمە، سەرمی خستە سەر رانی و گرنگی زۆری پێدام و ژەمە خواردنی ئێوارەیان بۆ هێناین و وتیان ئەمە عیشایە، ئینجا زانیم درەنگانی شەوە و ئەمە خواردنی ئێوارەیە دەماندەنێ، خوادنەکە شلەی تەماتەیەکی روون و سارد و سەموونێکی رەقی عەسکەری بوو، من هێزم تێدانەبوو هیچ بخۆم.
هەندێک لێدانیان بەرنەکەوت
هەندێک لە خوێندکارەکان لێدانیان بەرنەکەوتبوو، نەک لەبەرئەوەی خاتریان گرتوون یان خەت مائیل بوون، بەڵکو لەبەرئەوەی لەبەر زۆریی خوێندکارەکان سەرەیان بەرنەکەوتبوو، هەروەها ئەمنەکان زیاتر تەرکیزیان کردبووە سەر ئەو خوێندکارانەی گومانیان لێیان هەبوو دەستیان لە هەڵگیرساندنی مانگرتنەکەدا هەبووبێت .
ئەو شەوە لەو ژوورە تا بەیانی من خەوم نەبوو، بە ئازارەوە دەتلامەوە و خۆزگەم دەخواست خولەکێک زووتر گیانم دەربچێت.
״بڵێ لە پۆڵۆنی بەربوومەتەوە״
دوای بەرچایی لە چاوەڕوانیی چارەنووسماندا ماینەوە، نیوەڕۆی ئەو رۆژە من و کامەران حاجی عوسمان بانگکراین بۆ ئازادکردن، دوای ئەوە بەدوای کەسوکارمانیاندا نارد بۆئەوەی ببن بە کەفیلمان و ئێمەیان رادەست بکەنەوە، من و کامەران پێکەوە بانگکراین و پێکەوە ئازادکراین، لەبەرئەوەی باوکی هەردووکیشمان پێکەوە هاتبوون بۆ وەرگرتنەوەمان و پێش دەرچوونمان لەبەردەم باوکماندا هەندێک هەڕەشەیان لێکردین و وتیان ئەمجارە بەختتان هەبوو لە بەغداوە بروسکە کرا بۆ ئازادکردنتان و ئیتر کاری وا دووبارە بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە دەرەوە نابینن، بەتایبەتی رووی کردە من و وتی تۆ لەملاو لەولا نەڵێی گیراوم و لێم دراوە، ئەگەر پرسیارت لێکرا بڵێ : بەربوومەتەوە یان بڵێ لە پاسی پۆڵۆنی بەربوومەتەوە، گرنگ ئەوەیە نەڵێی لە ئەمن لێیان داوم، خۆم و باوکم وتمان بەسەرچاو، بۆیە ئەو قسەیەی بە تایبەتی رووبەڕووی من کردەوە، چونکە من هەموو جەستەم لەگەڵ لێداندا شین و مۆر ببۆوە، ئیتر ئەوێمان بەجێهێشت و تەکسیەکمان گرت و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتین .
بروسکەکەی بەغدا چی بوو؟
هەروەک پێشتر باسمکرد کە ئەوکاتەی ئێمە خۆپیشاندان و مانگرتنمان کرد و دەستگیرکراین، یەکێتی لەگەڵ رژێمدا لە دانوستاندا بوو، بەڕێکەوت وەفدی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کاک نەوشیروان لە بەغدا ببوون، کە هەواڵەکەیان بیستبوو، لەوێ داوایان لە سەرانی رژێم کردبوو بۆ ئازادکردنمان و ئەوانش کردبویانە بروسکە بۆ ئازادکردنمان، چ ئەوانەی دانپێدانانیان هەبوو یان لەسەریان هەبوو چ ئەوانەشی وەک ئێمە بوون و دانمان بەهیچدا نەنابوو.
ئەوانی تر شەهیدیان هەبوو
لە قۆڵی رێکخستنەکانی ئەوبەرەوە کە زیاتر سەربە قۆڵی حەمە کەلارە بوون، ئەوان شەهیدیان هەبوو، کە شەهید نەجات سلێمان بوو کە من دواتر و دوای ئازادبوونم باسەکەم زانی.
دیمەنێکی شاری کەرکوک