رێکەوتنەوەی متمانەدارانە و بەرژوەندییە پیرۆزەکان

09:54 - 2023-05-16
‎‎سۆزان حەمە تاتە
297 خوێندراوەتەوە

بوونی کێشە و ناکۆکی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا سادە و ئاساییە، بەتایبەتی بۆ بارودۆخێکی وا کە وڵاتیك خاوەنی سیستمێکی سیاسی جێگیربێت و دامەزراوەی خۆی هەبێت، لەوێدا ناکۆکییەکان ناگەنە مریشکەڕەشە، چونکە کە گەیشتە ئەو قۆناغە، ئیدی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە سەنگی مەحەک و کێشەکان چارەسەر دەبن، بەدوای ئەوەشدا قۆناغێکی نوێی سیاسی دێتە کایەوە و هێزە سیاسییەکان رۆڵی خۆیان دەگێڕن، چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزسیۆن بێت.
بەڵام بۆ وڵاتانی دیکە، کە خاوەنی سیستمی جێگیر و دامەزراوەیی نەبن وەکو هەرێم، حزب تیایدا هەژموونی بەسەر کۆی کایەکانی سیاسی و کارگێڕیی و سەربازیی و بڕیارە چارەنووسسازەکانەوە هەبێت، کە بەو هۆیەشەوە زۆربەی جار کاروبارەکان بەباشی بەڕێوەناچن، بۆیە لە ئەگەری دروستبوونی هەر کێشەیەکدا تەواو فۆڕمێکی سیاسی وەردەگرێت و کلیلی چارەسەر بە ئاسانی نادۆزرێتەوە.
راستە هەرێمی کوردستان دامەزراوەکانی هەیە، بەڵام هێشتا دەڵەمەن و لە پەنای حزبدا ژیانی حکومەتداریی خۆیان بەڕێوەدەبەن. 
وەک بینیمان بەهۆی خراپبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، حەوت مانگی رابردوودا قەیرانێکی سیاسیی قووڵ بەرۆکی ژیانی سیاسیی و ئیداریی هەرێمی کوردستانی گرت و تاڕادەیەک دۆخەکە کەوتە مەترسیی یان لانیکەم دڵەڕاوکێوە، سەبارەی بە دروستبوونی مەترسیی جدیی بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی دوای چەقبەستووییەکی زۆر، دەرگایەکی خراپی داخست و بووە هۆی سەرەتایەک کە ئیتر لەبری لە دوورەوە یەکتر تۆمەتبارکردن، گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێبکەن، ئەوەش بۆ هەر کوردێکی باش و پاک، مایەی دڵخۆشییە.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکگرتوویی، چاکسازیی، گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان هێزە سیاسییەکانە، ئەمە لەبەر ئەوە نا کە بمانەوێت بڵێین جیاوازی نییە و دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان وەکو یەک بیربکەنەوە، نەخێر، هەرگیز ئەمە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی نییە، بەڵکو لەبەر بوونی دەیان مەترسی کە دەورەیان داوین.
 هەرێمی کوردستان پێویستیی بە یەکگرتوویی و یەکگوتاریی سیاسی بەرامبەر نەیارەکانی هەیە، پێگەی کوردستان لاواز دەبێت، ئەگەر جیاوازییە ناوخۆییەکان لە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیدا کۆنەکرێنەوە و پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرجەم هێزە سیاسییەکانێتی.
گرنگە لەکاتی روودانی هەر قەیرانێکدا، هێزە سیاسییەکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن، جگە لە دۆستە ناوخۆییەکان، لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق، هاوکات دۆستە جیهانییە گەورەکانی کوردیش هەر هەمان داوایان کردووە: مەترسییەکان زۆرن و بە گفتوگۆ بگەنە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

وتارەکانی نوسەر