رێزلێنان بەلێشاو!

10:30 - 2023-05-17
عومەر قادر
400 خوێندراوەتەوە

کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان زۆر بەوردی و زانستیانە ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەن کەشایەنی رێزلێنان و خەڵاتکردن و بڕوانامەپێدانن بۆ هاندان، لەپێناو گەشەی وڵاتدا. 
رێزلێنان بە  داهێنەر و توێژەر
رێزلێنان بەشێوازە بابەتی و زانستییەکەی واتا دیاریکردنی کارەکتەرێک کە دەستپێشخەربووە لە پێشکەشکردنی پێشنیاز و توێژینەوە و رێوشوێنی داهێنەرانە و توانیبێتی دەستکەوتی گشتی بەدیبهێنێت لە بوارێکدا و توانای گەیاندنی خزمەتی جیاوازتر و باشتر پێشکەش بکات بە کوالێتی بەرز، دوای ئەوە پێویستە ساڵانە پێشبڕکێ سازبکرێت و لیژنەی تایبەتی هەڵبژادن، کەسە نموونەییەکە دیاریبکات لە پڕۆسەیەکی بێگەرددا و رێکارە یاساییەکان پەیڕەوبکرێت لە چوارچێوەی وێنەیەکی شارستانیانەشدا نمایش بکرێت و ببەخشرێت. 
ئەگەر بە راستی بەرژەوەندیی گەلمان مەبەست بێت، دەبێت هەموو توانا و ویست و بەرژەوەندییە تایبەتی و ئیدارییەکانمان لە بۆتەی توانا و ئاواتەکانی نەتەوەکەماندا بتوێنینەوە. 
بەداخەوە لەدوای راپەڕینەوە ئەم پڕۆسەیە لە هەرێم کەموکورتی زۆر لە پیادەکردنیدا بەدی دەکرێت، بەڕاددەیەک دەبینن سەرجەم جووڵە و تایبەتمەندییەکانی ژیانی تێدا شێوێنراوە.
شێوازی سەیر لە بابەتی رێزلێنانی بەناهەقدا بەرچاودەکەوێت بۆ کەسانێک کە کارێکی جیایان نەکردووە و به هیچ کلۆجێک ئەو تایبەتمەندییانەی کە پێویستە نایانگرێتەوە لەلایەن کەسانێکەوە کە ئەوانیش شیاوی پێبەخشین نین. 

 

کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان زۆر بەوردی و زانستیانە ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەن کەشایەنی رێزلێنان و خەڵاتکردن و بڕوانامەپێدانن

 

سەرنج و پێشنیاز
چەند سەرنج و پێشنیازێک دەخەمەڕوو، هیوادارم خەمخۆرانی ئەم هەرێمە و لایەنی بەرپرس و هەموو لایەکمان بتوانین رێوشوێنێکی گونجا تا رادەی سنووردارکردن بە مەبەستی رێگری لە رێزلێنانی بێ بنەما و مەبەستدار و هەنگاوی جدی بۆ بنرێت، لێرەوە داواکارم ئەندامانی پەرلەمان لە لیستی سەوز لەگەڵ هاوبەشەکانیان  لە ئەندامانی لیستە جیاجیاکانی تردا کۆدەنگییەک دروستبکەن و بتوانن پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن. 
تاکی کۆمەڵگەی کوردەواری ئێستا لە هەموو کاتێک هۆشیارترە، ئاستی رۆشنبیری و سیاسی و ئەزموونی زیاتری لەلا کۆبۆتەوە و لەوە تێدەگات کە پەیڕەوی ئەم جۆرە کارانە خۆڵ کردنە چاوی کۆمەڵگەیە، بەڵام توانای رەتکردنەوە و راستکردنەوەیان نییە.
لە رابردوودا ساڵانە کۆمەڵێک خەڵک لە بۆنەی جیاجیادا دەبەخشرا  کە تێیدا رەچاوی شیاویی کەسایەتییەکان دەکرا و تا رادەیەکی باش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا بۆنەی سەیر سەیر دروستدەکرێت و پەتای (رێزلێنان و خەڵات بەخشینەوە) رەش و سپییان لە خەڵک تێکەڵ کردووە،  هەر بابایە و خەڵات دەبەخشێ و خەڵات وەردەگرێ و خەریکە ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی کۆمەڵانی خەڵک نیگەران دەکات، بەشێوەیەک رایەکی دروستکردووە کە بەشێک لەوانەی رێزلێنانیان بۆ دەکرێت، شایانی سزادانن نەک خەڵاتکردن، رۆژانە دەبینین هەندێک کاربەدەست و بەڕێوەبەر دەیان بڕوانامەی رێزلێنانی ساختە لە پشتیانەوە و لەبەردەمیاندا دانراوە کە نازانرێت لەپای چی و لەسەر کام بنەما ئەو بڕوانامانەیان پێ بەخشراوە.
هەندێک لەو بنەمایانە کە پێویستە بۆ پڕۆسەی رێزلێنان و خەڵاتکردن لەبەرچاو بگیرێت؛ بۆ نموونە، مامۆستایەک یا فەرمانبەرێک بکرێت خەڵات و رێزلێنانی بۆ بکرێت، کە لە مەودای کارەکەیدا سزا نەدرابێت و کەمتەرخەم نەبووبێت و (غیاب)ی نەبێت و لە بوارەکەی خۆیدا داهێنەر بووبێت، تایبەتمەندیی جیای لە کەسانی تر تێدا بەدی بکرێت، لە بۆنە و ئاهەنگێکدا لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەستنیشان بکرێت بۆ رێزلێنان و خەڵات کردنی. دەکرێت ئەم شێوازە بۆ سەرجەم خاوەن پیشە و پۆستە جۆراوجۆرەکانی تر بکرێت بەپێوەر. 
بە پێی رێکاری یاسایی بکرێت
 ناکرێت و رەوا نییە تاکە کەسێک بەویستی خۆی یەکێک خەڵات بکات و رێزلێنانی بۆ بکات. زۆرجار رێدەکەوێت گەندەڵکار خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشراوە، لەلایەن هاوبەشەکانییەوە و مەبەست لێی دروستکردنی قەڵغانێکە تا کەس بوێری ئەوەی تێدا نەبێت  پەنجەی گەندەڵبوونی بۆ درێژ بکات، یاخود رێکەوتووە کۆنە خائین و خۆفرۆشێک خەڵات و رێزلێنانی بەخشیووە بە کەسایەتییەک کە تەنانەت هەناسەیەکی خیانەتی هەڵنەمژیووە، رێکەوتووە نەزان و نەخوێندەوارێک بڕوانامەی بەخشیوە بە دەرچوویەکی زانکۆ، دواجار و لە کۆتاییدا پێویستە ئەگەر بەڕاست بەرژەوەندیی گەلمان مەبەستە و خوازیاری پێشکەوتن و ئارامین، ماوە نەدەین بەو شێوازەی ئێستا مافی خەڵکانی شایستە  پێشێل بکرێت، چیتر گەندەڵکارێک بە رێزلێنانی نابەجێ و خەڵاتکردن رابردووی بسڕێتەوە و رێزلێنان و خەڵاتکردن بەپێی بنەما و رێکارە یاساییەکان جێبەجێ بکرێت، رێگە نەشیاوەکانی ئەو پڕۆسەیە قەدەغە و سنووردار بکرێت.

وتارەکانی نوسەر