گـــــمـــۆ

ملوانكە گەورەكەی باربارا و ئۆلبرایت

10:34 - 2023-05-17
فەرید دڵشاد
316 خوێندراوەتەوە

ژنێكی هێمن و لەسەرخۆ، تەمەنی بەرەو هەشتا ساڵی هەڵدەكشێ‌، بەڵام وزەیەكی لە رادەبەدەری هەیە، كاتێك تەماشای دەكەیت هیوا لە چاوەكانی دەبینرێت، لە گەنجییەوە قژی كورتكردۆتەوە، زۆربەی كات بە چاكەتێكی پەمەیی و ملوانكەیەكی گەورەوە دەردەكەوێت، هاوشێوەی مادلین ئۆلبرایت وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا.
ئەوەی باسی دەكەین باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو دیپلۆماتكارێكی بەهێزی ئیدارەی ئەمریكایە، هەر جارێك دێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای خۆی كاریگەریی گەورە بەجێدەهێڵێت، ئەمجارەش پشكی شێری بەركەوت لە كردنەوەی گرێكوێرەكانی هەرێمی كوردستان.
باربارا بە عەقلی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، چەندین پۆستی لە حکومەتی ئەمریكادا هەبووە، ئەو سیاسییەكی شارەزا و بەسەلیقەیە، دەكرێت بڵێین، كەسێكی وردە لە دیاریكردنی ئامانجەكانی و دواتر رامكردنی، هەركاتێك بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن لەناوچەكە بكەوێتە مەترسییەوە، ئەو راستەوخۆ بە چاكەتە پەمەییەكەیەوە دەردەكەوێت.
دوای قووڵبوونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ باربارا خۆی گەیاندە جێ‌، بەئاشكرا و نهێنی دەستیكرد بە  كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، رێگەخۆشكەر بوو بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆیان بكاتەوە و رازییان بكات تا ناكۆییەكانیان وەلا بنێن.
باربارا هۆشداریی دا لەوەی «گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم ناكۆكی ناوماڵی كورد خۆیەتی». دەكرێت ئەم وتەیەی باربارا وا خوێندنەوەی بۆ بكەین، كە تائێستا ئیدارەی ئەمریكا پشتیوانیی كورد و قەوارەی هەرێمی  كوردستانە، جگە لە پاراستنی لە هەڕەشە دەركییەكان، دەیەوێت چارەسەری مەترسییە ناوخۆییەكانیش بكات.
هەوڵەكانی باربارا وا لێكدەدرێتەوە، كە تائێستا كورد هاوپەیمانی متمانەپێكراوی واشنتۆنە لە ناوچەكەدا، سەرەڕای ئەوەی تێبینی قووڵیان هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تێكچوونی بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان نابینن و بارباراش لە چوارچێوەی پاراستنی ستراتیژی ئەمریكا هەوڵەكانی خستەگەڕ.
كەواتە كورد لەو شوێنەی پێی دەوترێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵێكی گرنگی هەیە، یەكەمین كارەكتەری نادەوڵەتییە كاریگەریی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێكی وەك ئەمریكاوە هەبێت، هەرچەندە لەچەند قۆناغێكی مێژووییدا ئەمریكا بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر كێشەكانی كورد، بەڵام هەنگاوەكانی باربارا ئەوەمان پێدەڵێن، ئەمریكا واز لە دۆستایەتی دێرینی خۆی ناهێنێ‌ لەگەڵ میللەتی كورد.
لێرەوە دەبێت كورد جارێكی دیكە خوێندنەوە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بكات، چونكە رەهەندی دەرەكی هەمیشە رۆڵی هەیە لە رەنگڕێژكردنی سیاسەتی ناوخۆی كورد دا، ئەمریكا كوردستانێكی بەهێز و گەشەسەندووی لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا دەوێت، نەك دابەشبوون و لاوازبوونی.
ناكرێت باس لەوەش نەكەین، باربارا لەماوەی رابردوودا جگە لەوەی رۆڵی گەورەی هەبوو لە لێكنزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی عیراق تا پێكهێنانی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، هاوكات جێپەنجەی دیاربوو لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەتایبەتی لە دۆسییەی نەوتدا.
كورد نابێت ئەوە لەبیر بكات كەسانێكی وەك باربارا و ئۆلبرایت، كە ئەندازیاری كوژاندنەوەی شەڕی ناوخۆ بوو،  هەمیشە سەرەداوێك نین و بە ملوانكە گەورەكانیانەوە دەربكەون بۆ چارەسەری كێشەكانیان، رەنگە كەسایەتییەكی وەك جینین پلاسخارت دەربكەوێت، جگە لە هۆشداریی، هەنگاوێكی ئەوتۆ و لێهاتووییەكی وای بۆ چارەسەری كێشەكان پێ‌ نەبێت.

وتارەکانی نوسەر