کورد و ئەمازیغ

12:07 - 2023-05-18
ئەسعەد جەباری
399 خوێندراوەتەوە

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 3-5-2023 پادشای مەغریب محەمەدی شەشەم بە بڕیارێکی مەلەکی بۆ یەکەمجار بە رەسمی بڕیاریدا سەری ساڵی ئەمازیغی ببێت بە رۆژێکی رەسمی و نیشتمانی، وەک سەری ساڵی ئەمازیغی بۆ هەموو مەغریب رۆژێکی شکۆدار بێت. ئەمەش لەپاڵ ناسینی زمانی ئەمازیغی دوو دەسکەوتی گرنگی ئەمازیغییەکان بوو کە هەشت ساڵە ئەمازیغییەکان کاری بۆ دەکەن.
13ی ئایاری هەموو ساڵێک، سەری ساڵی ئەمازیغییەکانە و ئەمساڵیش دەبێتە ساڵی 2973 لە رۆژمێری ئەمازیغیدا، ئەم هەنگاوەی «شا محەمەد» بە یەکێک لەهەنگاوە گەورە و مەزنەکانی نەتەوەیەکی بن دەست دەژمێردرێ، بە تایبەتی لە رۆژئاوای میسر هەتا باشووری جەزائیر و بۆ باکووری مەغریب و زۆرێک لەو وڵاتانەی ئەمازیغی تێدا نیشتەجێن، لە رابردوودا ئەمازیغییەکان بەر لە ساڵانی زاینی و هاتنی ئیسلام نەتەوەیەکی جێگیر بوون، دەوترێت ئەوان بنەچەی خەڵکی ناوچەکەن، بەڵام بە حوکمی سەردەستی ئیسلام و شەڕەکانی ئەو ناوچەیە ئەوانیش تەعریبکراون و بە ناچاری ملیان بە رووداوەکان داوە.
بڕیاری رەسمی پاشای مەغریب محەمەدی شەشەم لە چوارشەممەی رابردووەوە وەک مەرسوومێکی مەلەکی و دەوڵەتی دەبێت جێبەجێ بکرێت، پادشا سەرۆک وەزیرانی وڵاتی راسپاردووە رێوڕەسمی بڕیارەکە وەکو خۆی بخاتە خانەی جێبەجێکردنەوە، لەمەولا سەری ساڵی ئەمازیغی (13ی مایۆ-ئایار)ی هەموو ساڵێک وەک جەژنێکی نیشتمانی شانشینی مەغریب هەژمار بکرێت لە وڵاتدا، ئەوە جگە لەوەی زمانی ئامازیغیش بە رەسمی شانبەشانی زمانی عەرەبی دەبێتە زمانی دووەمی وڵات و بە رەسمی کاری پێدەکرێت.
ئەم دوو هەنگاوە رەسمییەی مەغریب لەلایەن پادشای وڵاتەوە بە رەسمی گەورەترین دەسکەوت و هەنگاوی مەزنی مێژووییە کە ئەمازیغییەکان بەدەستیان هێناوە، ئێمە وەکو کورد لێرەوە دەبێت پیرۆزبایی بنێرین بۆ ئەمازیغییەکانی مەغریب و دەوروپشتی مەغریب، ئەوانیش وەکو نەتەوەیەکی بندەست دابەشبوون و هەتا ئێستاش بێ دەوڵەتن وەکو کورد، قوربانییەکان و خەبات و تێکۆشانی ئەمازیغییەکان وەکو خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد وایە، ئێمە لە رۆژهەڵاتی دەوڵەتانی عەرەبی دەچەوسێنرێینەوە و دابەشکراوین بەسەر وڵاتاندا، ئەمازیغییەکانیش لە رۆژئاوای دەوڵەتانی عەرەبی بەهەمان شێوەی ئێمە چەوساوەن و دابەشکراون بەسەر چەند وڵاتێکی عەرەبی ئەفریقاوە، واتا هەردوو نەتەوەی (کورد و ئەمازیغی) یەک چارەنووس و هاوخەم و خەباتین لە قوربانیدان لە مێژوودا.
جێی دەستخۆشییە پادشای مەغریب ئەوهەنگاوەی ناوە بە رەسمی، پیرۆزبایی لەبرایانمان لە ئەمازیغ دەکەین زمان و سەری ساڵی خۆیان بە رەسمی ناسێنرا.
لە کۆتاییدا با رەخنەیەکیش لە میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردی بگرین، ئەوە سێ رۆژە بە وشەیەکیش باسی ئەم بابەتەیان نەکردووە و بێ ئاگابوون لەم رووداوە گەورە و مەزنەی ناو شانشینی مەغریب.

وتارەکانی نوسەر