یەکبێژ

دانوستانی بێ بەرهەم کۆتایی بێت

10:51 - 2023-05-25
هیوا محەمەد
192 خوێندراوەتەوە

دانوستان شێوازێکی دیموکراسییانەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لە نێوان دوو لایەن یان زیاتری جیاوازدا، پێچەوانەی ئەمە یەکلاییکردنەوەی کێشەکانە لە رێگەی هێزەوە کە ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و زۆرێکیش لە خەڵکی بێتاوان دەبنە قوربانی و ئەوانەش کە ئاگرەکە خۆش دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، یان لەو ململانێ شەڕەنگێزییەدا دەیدۆڕێنن، یان دەچنە سەرەوە و لووتیان بڵند دەکەن.
تێڕوانین و هەڵسەنگاندن بۆ کێشەی نێوان دوو دەستە وەک یەک نییە، ناکرێت وەک یەک تاوانبار بکرێن، هەمیشە وابووە کە لایەک زیاتر خوڵقێنەری کێشەکان بووە و لایەنەکەی بەرامبەر خوازیاری ئاشتی و چارەسەر بووە، یان لانیکەم هێندەی بەرامبەرەکەی نێگەتیف نەبووە، بەڵام هەردوولا خۆیان وا پیشان دەدەن کە بێتاوانن.
 هەڵبەتە بێتاوانی راستەقینە مافی خۆیەتی خۆی بێ هەڵە بکات و ئەوە بۆ خەڵک ئاشکرابکات کە کێ تاوانباری سەرەکییە.
کوردەواریی ئێمە زۆر پشت دەبەستێت بە  ئاشتبوونەوە و ( سوڵحکردن) بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر جاریش مافخوراو حەقی پێنادرێت لە رێگەی (قەیناکە) وە و پیاداهەڵدانی ئەوەی کە دڵی گەورە و بەخشندە بێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لەو کێشانە بۆ ماوەیەک سڕدەکرێن و دواتر لە دۆخێکی تردا سەر هەڵدەدەنەوە.
سیاسییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیەش لەژێر کاریگەریی ئەم نەریتی سوڵحکردنەدان، بەڵام لەمەیاندا ئەوەی زیانی پێدەگات خەڵکە، چونکە کێشەی دوو لایەنی سیاسیی پەیوەندیی بە خەڵکەوە هەیە و ئەوان دەخزێنرێنە ناو ململانێکانەوە.
ئارامی نواندن لە چارەسەری کێشەکاندا لەنێوان دوو لایەنی سیاسیدا، خەڵک بەرەو ئارامی دەبات، بە پێچەوانەشەوە دەبێتە هۆکاری ئیفلیجبوونی ژیانی رۆژانە بەتایبەتی لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە.
کێشەکان بۆ کۆمەڵگە لەم سەردەمەدا هەرچی زیاتر باشکردنی بژێوییە، چیدی بەلای خەڵکەوە ململانێ لەسەر پۆست و پێگەی حزبی گرنگ نییە، بەڵکو خۆشگوزەرانی لە پێش هەر شتێکی دیکەوەیە.
خەڵک پێیوایە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، زمانی دایک و مافی نەتەوەیی دەبێت زانستانە هەنگاوی بۆ بنرێت، بەتایبەتی کورد لەوە تێگەیشتووە کە ناتوانێت لە رێگەی شەڕی ناهاوسەنگەوە بگات بە مافەکانی، کەوابوو پێیوانییە کە کێشە و ململانێ سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی گەل دان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خەتاکاری سەرەکی نەناسێت.
خەڵک چۆن لایەنێکی سیاسیی دروست دەکات، ئاواش دەتوانێت لەکاتی هەڵبژاردندا بیپووکێنێتەوە و دووری بخاتەوە لە گۆڕەپانەکە.
زۆرێك لەم خەڵکە تێدەگەن بۆچی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دۆخەکە دەبێتە ماستی مەییو؟ هەروەها هۆکارەکەشی دەزانن و بیریان ناچێت کە لایەنێک بۆ بەرەو سەر هەڵکشانی خۆی، چۆن رێگە نەگونجاوەکان دەگرێتەبەر.
زمانی ئێستای کۆمەڵگەکانی جیهان لە دەرەوەی خواستی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و فێڵبازەکان، زمانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە و تادێت خواست لەسەری زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە بەڵێنەکان بۆ چارەسەر جدی و بەرهەمدار بن، تەنها دەرەبڕینی ئامادەیی بەس نییە، هەنگاوی بنیاتنەر و خواست لەسەر چارەسەر لەوە گرنگترە، ئەمەش یەکهەڵوێستیی دەوێت نەک فرە قسەیی.

وتارەکانی نوسەر