وردتر

هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان و هەناردەکردنەوەی نەوت

09:57 - 2023-05-30
لەشکر حەمە ساڵح
388 خوێندراوەتەوە

مانەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەك سەرۆكی توركیا تا ئاستێكی زۆر چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو سووربوونی بوو لەسەر هەمان رێچكەی سیاسەت و كارنامەی خۆی كە لە ساڵانی رابردوودا وڵاتەكەی و ناوچەكەی تووشی گرفتی جۆراوجۆر كرد.
بی بی سی بەریتانی راپۆرتێكی هەمەلایەنی لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان كردووە و رای هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری ئەنقەرەی وەرگرتووە كە زۆر خۆشحاڵە بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان. ئەو هاووڵاتییە بەناوی (سیهان) ناسێنراوە و دەڵێت، "ئەوەی لەبارەی خراپی بارودۆخی ئابووریی توركیاوە دەوترێت هەمووی درۆیە، خەڵك برسی نییە و زۆرینە بەو بارودۆخە رازین كە ئێستا تێیدا دەژین" ... "سیاسەتی ئابووری لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا هەموو كێشە و لەمپەرەكانی بەردەمی تێدەپەڕێنێت".
گەشبینیی ئەو هاووڵاتییە پێچەوانەی رای بەشێكی زۆری خەڵك و واقیعی ئابووری و گوزەرانی گشتییە، هەروەك ناكۆكەكە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بۆ یەكەمجارە كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە بۆ دوو بەشی تا ئاستێكی زۆر یەكسان دابەشكردووە و یەكلاكردنەوەی ئەو مەسەلەیەی خستە خولی دووەم. تەنانەت رای ئەو هاووڵاتییە پێچەوانەی وتارەكەی خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانیشە کە دوای دڵنیابوونەوەی لە مانەوەی لە كۆشكی سەرۆكایەتی كاتێك وتی، كێشەی هەڵاوسان مەسەلەیەكە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
وتاری سەركەوتنی ئەردۆغان خاڵی نەبوو لە گەشبینی و گۆرانی، بەڵام جگە لە گاڵتەكردن بە كەمال كلیچدارئۆغڵوی ركابەری و جەختكردنەوە لەسەر مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان، بەشێكی زۆری بۆ خستنەڕووی چۆنێتی بەردەوامبوونە لەسەر رێچكەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتییەكەش، وەك چۆن دروشمەكەشی هەر بەردەوامبوون و درێژەپێدان بوو. پرسیارەكەش ئەوەیە، بەردەوامبوونی دۆخی گشتی وڵاتێك وەك خۆی، كە بەپێی خودی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكە، كۆمەڵگەی تا ئاستێكی زۆر دابەشی دوو بلۆكی یەكسان كردووە، چ دەرەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟
توركیا لە چەند مانگی رابردوودا، بەتایبەتی لە دوای بوومەلەرزەكە گەورەكە و پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانییەوە، وەك هەر وڵاتێكی تری خۆرهەڵاتی كە پڕۆسەی هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت، كەوتە ناو بارودۆخێكی تایبەتەوە. بارودۆخێك كە ئەوەندەی پەیوەستە بە گوشار و شەڕی سایكۆلۆژی و كەسپەرستی و زاڵكردنی گوتاری ئایینی و نەتەوەیی، پەیوەست نییە بە لۆژیك و بیركردنەوەی عەقڵانی، هەرنا رەچاوكردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی. رای هاووڵاتییەكەی ئەنقەرەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە، ئەو تایەی لەم چەند مانگەدا تووشی هاووڵاتییە سادەكانیان كرد، زۆر نابا و كۆتایی دێت، ئەو كات خەڵكەكە تێدەگات مانەوەی دۆخەكە وەك خۆی، نەك ئاسۆی چارەسەر نزیك ناكاتەوە، بەڵكو ئەگەری خراپتر بوون زیاتر دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری ئومێد و گەشبینی بە بارودۆخی گشتی توركیا پەیوەست بوو بە چاوەڕوانكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانییەوە.
هەر چۆنێك بێت هەڵبژاردنی توركیا تایبەتە بە خەڵكی وڵاتەكە، بەڵام دەرەنجامەكانی كاریگەریی جۆراوجۆری هەیە لەسەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە بەگشتی. كوردستان و عیراقیش بەدەر نین لەو كاریگەریانە بەتایبەتی لەو رووەوە كە هێشتا ئەنقەرە رەزامەندی نەداوە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە! 

وتارەکانی نوسەر