رۆڵی سیاسی و پێشمەرگانەی گەورەی یە‌کێتی دوای نسکۆ

12:41 - 2023-06-01
عومەر قادر
302 خوێندراوەتەوە

مێژووی جیا لە رێگەی بەرەنگاری و روبەڕوبوونەوەی رژێمەکانی رابردووی عیراق ، گەلی کوردستان ئەڵتەرناتیڤێکی تری بەدینەکردووە، بنەماکانی دیموکراسی لە دۆڵی رافیدەیندا نەبووە، هەر لەبەرئەوە شۆڕشی چەکداریی دژی رژێمە یەکلەدوایەکەکان بەرپاکردووە. 

رێکەوتنی جەزائیر
رێکەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975دا شۆڕشی ئەیلولی تووشی نسکۆ کرد، شۆڕشێکی پڕ چەک و پێداویستی و خاوەن چەندین چەکی قورس و سوک، لە (کن فیکون)ێکدا بڵاوەی پێکرا، زۆربەی چەک و تەقەمەنییە جەنگییەکانیش یان لە کۆگاکاندا تەقێنرانەوە  بەبیانووی ئەوەی دەست رژێم نەکەون لەناوبران یاخود رادەستی رژێم کرانەوە.
هەر لەو کاتەدا رژێمی بەعسی رووخاو بە پیلانێکی دوژمنکارانە کەوتە خۆی و بەرنامەی سڕینەوەی چەند ناوچەیەکی لەسەر نەخشەی کوردستان دانابوو، زەمینەشی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانانە خۆشکردبوو، کە بریتیبوو لە جێبەجێکردنی بڕگەیەک لە رێکەوتننامەکەی جەزائیر کە بریتیبوو لە چۆڵکردنی 20 کیلۆمەتر بە قووڵایی «سنووری  نێودەوڵەتی» و راگواستنی خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی ئۆردوگای زۆرەملێ بۆ خەڵکەکەی بەناوی گوندی هاوچەرخەوە.
لەسەروبەندی رێکەوتنەکەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشدا سەرۆک مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو، ئاگای لە بەشێک لەو پیلانە ژەهراوییە بوو کە وەک گەلەکۆمەکێ دژ بە کورد و شۆڕشەکەی لەئارادایە و هەر ئەوکات  سەرکردایەتی کوردی لێ ئاگادارکردەوە و بۆخۆی لەگەڵ بەردەوامیدان بوو بە شۆڕش بەو هێزە مرۆیی و چەک و تفاقەی لەبەردەستدایە تا کرانەوەی دەروویەک لە شۆڕشەکە.

هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ

بەڵام شۆکی رێکەوتنەکە  هێندە بەهێزبوو کە سەرکرایەتی شۆڕش بڕیارێکی کتوپڕی دا بۆ کۆتایی هێنان بە شۆڕشەکە و نەیتوانی بەردەوام بێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.
 لەو دەمەدا کە ستەمکاریی بەعس لە لووتکەدا بوو، نیگەرانی و هەندێک لە نائومێدیی باڵی بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کێشابوو، مام جەلال و هەڤاڵەکانی نەیانهێشت ئەو نائۆمێدییە ببێتە ئومێدبڕاوی، بۆیە سەرەڕای جموجۆڵەکانی ناوەوەی وڵات، دەستەیەک لە هەڤاڵان وەک دەستەی دامەزرێنەر لە نەخشە رێگەیەک کۆبوونەوە کە ئەندازیاری نەخشەکە سەرۆک مام جەلال بوو  و لە ماوەیەکی کورت و بە کەمتر لە سێ مانگ بڕیاری دامەزراندنی ی.ن.ک-یان داو بڕیاریشیاندا پاش یەک ساڵ لە ئامادەکاری  شۆڕشێکی چەکداریی نوێ لە چیاکانی کوردستاندا هەڵبگیرسێننەوە کە چەخماخەکەی دڕ بەو شەوەزەنگە بدات کە ئاسمانی کوردستانی تەنیبوو.
هەرواش بوو لەدوای یەک ساڵ لە دامەزراندنی رێکخراوەکە، مەشخەڵی شۆڕش گوند بە گوند و چیا بەچیای باشووری کوردستانی لە گەرمەسێرەوە بۆ بادینان رووناک کردەوە. 
ئەم هەنگاوە ئەو نائومێدییەی گۆڕی بە ئومێد و هیوا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فیداکاری و گیانبازیی پێشمەرگە و رێکخستنەکانی ئاشنابوون.
یەکێتی لەو دەمەدا توانی ببێتە پێشڕە و  هێزی سەرەکیی شۆڕشگێڕ لە باشووری کوردستان، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هێشتا یەکێتی ترووسکەی هیوایە و رۆڵیشی لە دۆخە  هەستیارەکاندا بەتەواوەتی دەردەکەوێت.
یەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لەپێناوی مانەوەی کورد و بەردەوامیدان بە شۆڕش، هەوڵیدا سوود لەو یارمەتی و هاوکارییانە ببینێت کە وڵاتانی دۆست پێشکەشیان دەکرد بەبێ مەرج و بەبێ لەدەستدانی بڕیاری سیاسیی خۆی و پابەندبوونی بە پڕەنسیپە بنچینەییەکانییەوە، ئەوەش پاڵپشت بوو بە پشتیوانی رێکخراوە سیاسییەکانی گەلانی ئازادیخواز، هەر لەسەرەتاشەوە واقیع بینانە نەکەوتە داوی هەڵگرتنی دروشمی قەبەی بێ ناوەڕۆکەوە، هەر زوو بە خوێندنەوەی واقیعی جیۆ سیاسی دروشمی عیراقێکی دیموکرات و  گەیشتنی گەلەکەمان بە مافی چارەی خۆنووسینی لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمییەکی راستەقینەدا بەرزکردەوە، لەو پێناوەدا رۆڵەکانی گەلەکەمان بە پیر و گەنجەوە ئامادەی خۆبەختکردن بوون لەپێناو‌ی ئامانجە روون و رەواکانیدا،  کە خۆی لە ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنوسیندا دەبێنێتەوە. 

پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان
لە دۆخی دوای ئازادبوون لە داگیرکەر، ئیدی پێویست بوو پەرۆشیی بۆ ئازادیی سیاسی و مافی مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر میتۆدی سەرکردایەتی و کادران و ئەندامانی یەکێتیدا، هەربۆیە لەدوای راپەڕینەوە و لە هەرچوار کۆنگرەی یەکێتیدا ئەو دروشمانە جەختیان لەسەر کراوەتەوە و ئۆرگانی تایبەتیش بۆ هێنانەدییان دروستکراوە بەمەبەستی پارێزگاریی لە ئازادییە گشتییەکان و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و رەچاوکردنی دۆخی خراپی ئابووریی کۆمەڵانی خەڵک. 
هەربۆیە لەم قۆناغەشدا  یەکێتی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ و وەک ئاڵاهەڵگری ئەم قۆناغەش زۆر جار قوربانیدانی بە دەستکەوتە حزبییەکانی خۆی بەلاوە ئاسایی بووە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و تەبایی ریزەکانی کوردایەتی و کوردەواری، بەڵام ئەوەی بەلایەوە ئاسایی نییە پێشێلکردنی مافی رەوای تاکی کوردە لە پیادەکردنی ئازادییەکانی و جیاکارییە لە نێوان خەڵکی ناوچە جیاجیاکاندا.

 

کاک نەوشیروان و پۆلێک پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

وتارەکانی نوسەر