پرسیارە بێزارکەرەکان

10:17 - 2023-06-06
هاوژین عەبدولواحید
421 خوێندراوەتەوە

زۆرکات هەر یەکێک لە ئێمە زۆر لەو پرسیاره بێزارکەرانەی ئاڕاستەمان دەکرێن، دەبنە مایەی بێتاقەتی و تووڕەبوونمان ئەمانەش لەکاتێکدا دێن هەست دەکەین کەسانی چواردەورمان تەداخولی ژیانمان دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر ئەو شتە تایبەتانەی پەیوەندیدارن بەخودی خۆمانەوە، بۆیه زۆرکات بەناچاری وەڵام دەدەینەوە لەبەر شەرم و رێز یاخود نامانەوێ وەڵامێکی توند و زبر بدەینەوە بۆ بەرپەچدانەوەی فزولییەکانیان و پرسیارە بێماناکانیان. ئەوکەسانە بەبێ رەچاوکردنی ماهییەتی کەسێتی و ئینسانی و ویژدانی هەڵدەکوتنە سەر سنوورەکان. 
بۆیە زۆرکات پێویستە ئێمە بۆ هەریەک لە پەیوەندییەکانمان سنوورێکی باش دابنێین ئەگەر ئەو کەسە دۆستێکی ئازیز بوو یاخود هاوڕێ یان خۆشەویست، بۆی دیاری بکە و بڵێ «ئەمە سنووری تۆیه»  بۆت نییە بیبەزێنیت و ئاڕاستە و بناغەی پەیوەندییەکە بشێوێنێیت بە خۆخزاندن و خۆ خەریککردن بەژیانی تایبەتی منەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە هەموومان خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و نهێنین لە  ژیانماندا، پاراستن و پارێزگاریکردنیان گرنگترین شتە و ئەو کەسەش پێویستە پارێزگارییان لێبکات، بەڵام ئەگەر تۆ هیچ تایبەتمەندییەکت بۆ خۆت نەهێشتبێتەوە ژیانی خۆتت کردبێت بە پووشی دەم با چاوەڕێی ئەوه دەکەیت خەڵک باسی تایبەتمەندییەکانت نەکات؟
 تۆ خۆت قەڵغانەکەی خۆتت لادابێی چاوەڕێی ئەوەیت تیرە پرسیارەکان ئاڕاستە بگۆڕن؟
ژیانی خۆتت رۆشن و ئاشکرا و روون بۆ دەبێ خەڵک بەچاوی تەڵخ و ناڕوونی بڕوانێتە ژیانت.
ئاخر لە کوێی ئەم جیهانە هەیە تۆ خۆت نیشانەی پرسیار دروست بکەیت و گلەیی له خاوەن پرسیار بکەیت؟
هەر لەدوای پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنەلۆژیا و زۆربوونی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێندەی تر تایبەتمەندییەکان و نهێنییەکانیانی لە مرۆڤەکان داماڵی، بەجۆرێک هەموو شتە تایبەتییەکانیان بەگشتی کرد، بۆ نموونە، کاتی خەو،  نان خواردن، میوان و میوانداری، سەفرە و سەیران، چوونە دەرەوەی تایبەت، پێکەنین، دڵتەنگی، گەشبینی، بێ هیوایی، خۆشەویستی، رق و قین و تۆڵە، هتد.
هەموو ئەو شتانەی پێشتر تەنها موڵکی یەک کەس بوون ئێستا دەبێت هەموو کەس بیزانێت.
بۆ نموونە کەسێک دەچێت بۆ سەفەر و ڤیدیۆ و وێنە ی رێگاکە بۆ هاوڕێکانی دەنێرێت کە لێی دەپرسرن، بۆکوێ دەچی؟
دەڵێت: ئەم خەڵکە چەند بەتاڵە، چ کاری بەژیانی تایبەتی منەوە هەیه بۆ لێم دەپرسێت، ئاخر گەر تۆ خۆت دەرگای پرسیار واڵا نەکەیت خەڵک چۆن دەزانێت تۆ بەڕێگاوەیت تا لێت بپرسێت دەچیت بۆ کوێ؟

وتارەکانی نوسەر