رێگەمەدە بتڕوخێنن

09:31 - 2024-03-12
هاوژین عەبدولواحید
154 خوێندراوەتەوە

چۆن بگەین بەو بڕوایەی متمانە بە خۆمان و تواناکانمان بکەین؟ چی بکەین بۆئەوەی قسە نەرێنییەکانی خەڵک کارمان تێنەکات؟ بۆچی لە قسەی خەڵک بترسین؟ بۆچی هەر لە یەکەم هەنگاوەوە ئەنجامی شکست دەخەینە مێشکمانەوە؟ کێن ئەوانەی بەرهەڵستیی بیرۆکەکانمان دەکەن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنەکانماندا؟ کێ بکەین بە هاوڕێمان بۆئەوەی وزەی ئەرێنیمان پێبدات؟
هەموو ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لە هزری هەریەکێکماندا دەخولێنەوە، هەموان دەگەڕێین بەدوای نهێنیی رێگای سەرکەوتن و هونەری داڕشتنی بەرنامەیەکی جوانتردا بۆ ژیانمان.
ئەوەی کە ئێمە بەرەو بێهیوایی و نائومێدی و شکست دەبات، زۆربەی جار بیرکردنەوە نەرێنییەکانی خۆمانە بۆ خودی خۆمان، یان کارەکانمان. یاخود بیرکردنەوە نەرێنییەکانی چواردەورمانە بەرەو ئاراستەیەکی ترمان دەبات، بۆیە رەنگە زۆرکات بە قسەیەکی بچووک شێوازی ژیان و بەرنامە و  بیرکردنەوەمان بگۆڕین و دەستبەرداری ئامانجەکەمان ببین. 
قسەی خەڵک گەورەترین رووخێنەر و لەناوبەری هەموو حەزو ئامانجەکانمانە، هیچ کات رێگە بەخۆت مەدە بێهیوا بیت، یاخود بێهیوات بکەن تا لە هەنگاونان سڵ بکەیتەوە یان بووەستیت، بۆیە بەوپەڕی ئیرادەتەوە بڕیاربدە و هەنگاوبنێ، دوێنێت لەکیس چووە و بەیانی نەهاتووە و ئەمڕۆ کاتێتی بۆ کارکردن لەسەر ئامانجەکەت، بۆیە زۆر گرنگە بزانین مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەین.
مەولانەی رۆمی دەڵێت: «بولبول دەتبات  بۆ لای  گوڵ و  قەلەڕەشیش  بۆ لای  زبڵدان».
بۆیە زۆر گرنگە ئێمە بزانین هاوڕێیەتی کێ دەکەین، چونکە زۆرکەس تەنها لەپێناوی رووخاندنتدا لێت نزیک دەبێتەوە تا ئیرادەت لاواز بکات، هەروەها بەردەوام وزەی نەرێنیت پێدەدات تا بتگەیەنێت بەوپەڕی بێئومێدی و رووخاوی و بێ ئەنجامی لەسەر ئامانجەکەت و دوودڵ بوون لە هەڵبژاردنی ئەو رێگایەی کە دەتەوێ بیگریەبەر.
قسەی خەڵک کارم تێناکات
ئەو رستەیەی کە هەموو کەسێک بەشێوەیەکی تیۆری بەکاری دێنیت، بەڵام کەم کەس هەیە بەشێوەیەکی پراکتیکی کاری بۆ بکات، چونکە هەر ئەو کەسەی کە ئەو قسەیە دەکات، رەنگە بچووکترین گومان بخەیتە مێشکی، ئەوا تەواوی هزری کۆنترۆڵدەکەیت و ئامانجی ژیانی ئاوەژوو دەکەیتەوە.
بەشێک لەو کەسانەی کە ئەو قسەیە دەکەن، تەنها بەیەک گفتوگۆکردن لەگەڵی و تێکەڵکردنی دیدەکانت لەگەڵی، دەکرێت وایلێبکرێت ستۆپ بە هەنگاوی بکەیت و ئامانجی بگۆڕیت یاخود لە رێگەی وشەی نەرێنی قەلەقی بکەیت و هەنگاوەکانی پێ لەرزۆک بکەیت و پاشەکشەی پێ بکەیت. 
بۆیە هەمیشە ئەوە بکە بە یاسای ژیانت نهێنی سەرکەوتن ببەستەوە بە سەرکەوتنی نهێنیییەوە.
کار بکە بە شێوەیەکی نهێنی با هیچ کەس وردەکاریی ژیانت نەزانێت و رێگە بەکەس مەدە تێکەڵیان ببێت، دووربکەوەرەوە لەو کەسەی زمانی خراپە، هەمیشە هەر دەم بکاتەوە، قسەی ناخۆش دەکات، وشەیەکی خۆشی لێ نابیسترێت، هەرگیز گوێ لەو کەسانە مەگرە کە دەزانیت بەخیلیت پێدەبەن، چونکە قسەی باشیان لێنابیستیت، بەردەوامبە لە هەوڵەکانت ئەو کەسانەی چاویان پێت هەڵنایەت و سەرکەوتنەکانت دەبێتە گورزێک بۆیان.
 ئەم جۆرە کەسانە کۆسپی راستەقینەن لەبەردەم سەرکەوتنەکانت، جا یان ئەوەتا بە قسەکانیان دەتڕوخێنن و دەبنە کۆسپ بۆ سەرکەوتنت، یاخود بە شێوازی جیاواز و لە رێگای جۆراوجۆرەوە کاردەکەن بۆ شکست هێنانت، بێگومان رووخاندنی هێز و ئیرادەت گەورەترین دەستکەوتیان دەبێت، بۆیە هەمشە سووربە لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجەکەت و رێگە بە هیچ کەسێک مەدە بتڕووخێنێت.

وتارەکانی نوسەر