ببە بە باخەوانی منداڵەكەت نەك دارتاش!

10:28 - 2023-06-27
هاوژین عەبدولواحید
367 خوێندراوەتەوە

پەروەردە بریتییە لە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی پیرۆز لەسەر شانی دایكان و باوكان بۆ دروستكردنی مرۆڤێكی كامڵ پڕ لە رێز و شكۆ و كەسایەتی و بەهای جوان بۆ خێزان و كۆمەڵگە، هاوكات ئەو ئەركە قورسەیە لەپێناویدا دەبێت كۆڵنەدەین و بجەنگین و تێبكۆشین و باج بدەین تاڵی و هیلاكی بچێژین بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی باش.
بەشێوەیەكی گشتی جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان بەرهەمهێنانی منداڵ و پەروەردەكردنی منداڵدا، ئەو جیاوازییەش لە دەرەنجامەكەیدا دەردەكەوێت ئایا ئەو منداڵە پەروەردە كراوە یاخود تەنها گەورە كراوە.
دابینکردنی کات
گرنگترین شت لە پەروەردەدا دابینكردنی كات و لەخۆ بووردوییە، باشە كەواتە دابینكردنی كات چییە؟ 
دابینكردنی كات بۆ پەروەردە ئەوەیە كات بدە بە مناڵ لەپێناو داهاتووی خۆت و مناڵەكانتدا، ئەگەر دایكێكیت، لەو كاتانەی خەریكی مۆبایلی و منداڵەكەت خەریكە بێڕێزی بەرامبەر كەسێك دەكات عەزیەت بكێشە و لەكاتی خۆت بگرە و مۆبایلەكەت دانێ و فێری بكە هەڵەیە نابێت جارێكی تر دووبارەی بكاتەوە پێویستە داوای لێبووردن بكات.
هەروەها پێویست ناكات ئەوەندە هەستەكانت بۆ منداڵ دووپات بكەیتەوە و خۆشەویستی زۆری بۆ دەربڕیت بەتایبەت لەبەرچاوی خەڵك و میوان و میوانداری، چونكە ئەمە وادەكات قسەكانت سەنگیان كەم بێتەوە لەلای ئەو هەیبەتەت نەمێنێ كاتێك پێی بڵێیت ئەو كارە مەكە گوێی پێ نادات و بەردەوام هەڵەكانی خۆی دووبارە دەكاتەوە.
یاخود هیچكات رازی نیت لە منداڵەكەت و هەمیشە هەست دەكەیت ئەو منداڵە بەدڵی تۆ نییە دەتەوێت بەو شێوەیە بێت تۆ دەتەوێ وابیر بكاتەوە تۆ مەبەستتە بەردەوام گلەیی ئەوە دەكەیت لە كەسانی تر ناچی نایەڵیت ئەو منداڵە ببێت بەخۆی هەردەم ئارەزوو دەكەیت كۆپی ئەوانی تر بێت كاتەكانت لەبری ئەوەی بۆ ئامۆژگارییەكان دابنێیت بە سەركۆنە و شكاندنەوە خەساریان دەكەیت هەمیشە وەك دارتاش بیر دەكەیتەوە ئەو جۆر شێواز و شكڵ و كەسێتییەی لە هزرتدایە دەبێت وادەرچێت، كەواتە دایك و باوك رۆڵی زۆر گرنگ دەبینن لەم پڕۆسەیەدا.
ئازادکردن و چاودێریکردن 
ئەوەی جێی سەرنجە رۆڵبینینە وەك باخەوان هەروەك چۆن کەسێک ئەوكاتەی دارێك دەچێنێت چاودێری دەكات و كاتی پێدەدات و پڕ بەدڵ گرنگی پێدەدات و خۆشی دەوێت، دەیەوێت بیكاتە بەرهەمێك هاوشێوە و هاوشانی هیچ بەرهەمێكی تر نەبێت.
ئازادی دەكات و پێشبینی باشی لێدەكات تا دەگاتە بەرهەم ناچێت گلەیی لێبكات بۆچی لقیكی خوارە؟ بۆ لەدارێكی تر ناچێت؟ بۆچی گەڵایەكی وەری؟ بۆچی قەدەكەی داخوراوە؟ بۆ درەنگ بەرهەمی پێدەگات و وەك داری تر نییە؟ باخەوان ناچێت وەك دارتاش ئەوەی لە مێشكیدایە ئەوە دەربچێنێتەوە.
لە پەروەردەشدا هەمان شتە پەروەردەكار نابێت منداڵ ناچار بكات ببێت بەو شكڵ و شێوەیەی خۆی دەیەوێت ناتوانێت تاكێكی وا بەرهەم بهێنێت هاوتای خواستەكانی ئەو بێت، بەڵام دەتوانێت رۆڵی باخەوانێك ببینێت چاودێری باشیان بكات و بهێڵێت ببێت بە مرۆڤێكی باش و جیاواز و كۆپی هیچ كەسێكی تر نەبێت.

وتارەکانی نوسەر