رەفتاری منداڵ یەکسانە بە رەفتاری خێزان

09:47 - 2023-08-24
هاوژین عەبدولواحید
486 خوێندراوەتەوە

ئاکار یان رەفتار بریتییە لەو جوڵانەوەیەی مرۆڤ وەک پەرچەکردارێک دەیکات جا دەرەکی بێت یان ناوەکی، ئاشکرا بێت یان شاراوە، وشیارانە بێت یان ناوشیار، خۆویست بێت یان خۆنەویست پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ.
زۆرکات دایک و باوکان بەشێک لە رەفتارەکانی منداڵەکانیان بە نێگەتیڤ دەزانن و بەدڵیان نییە و بێزار و ناڕازین  وابیر دەکەنەوە ئەو رەفتارانە لادانە لە بەهاکان و یاساکانی خێزان، چەندین رێگە و تەکنیکی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، بەڵام لێی بێئومێد دەبن و ناگەن بە سەرچاوەیەکی باش بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆیه رەنگە زۆرجار دایک و باوک بێ ئاگابێت لەوەی کۆنترۆڵکردن و گۆڕینی رەفتارەکانی خۆیان بەشێکی گەورەی چارەسەری رەفتارەکانی منداڵەکانیانە، چونکە هەڵسوکەوتی دایک و باوک گەورەترین کاریگەری هەیە لەسەر رەفتاری منداڵ، بۆئەوەی چارەسەری هەڵسوکەوتە هەڵەکانی منداڵ بکرێت، گرنگە ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکرێن کە دەبنە هۆی ئەو هەڵسوکەوتانە.
ئەو  هۆکارانەی کاریگەری دەکاتە سەر رەفتاری منداڵ
یەکەم/ کاریگەری ژینگەی خێزان: هەڵسوکەوتی دایک و باوک دەگرێتەوە، چونکە منداڵ کاتێک چاو دەکاتەوە خۆی لەو ژینگەیەدا دەبینێتەوە کە کاریگەرییەکی بەهێز و راستەوخۆی هەیە لەسەر رەفتاری منداڵ.
دووەم/ کاریگەری ژینگەی دەرەکی: هەموو ئەو کەس و شوێنانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی خێزانن. وەک هاوڕێ، مامۆستا، قوتابخانە، دراوسێ، گەڕەک، ماڵی خزمان...هتد، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ بنچینە و بناغەی پەروەردە بریتییە لە خێزان، چونکە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ رەفتار و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ منداڵ بەتایبەت هەڵسوکەوتی دایک و باوک پەروەردەیەکی هێمن و بێدەنگ و کاریگەرە بۆ منداڵ.
هەڵسوکەوتی دایباب بەسە  بۆ  رێبەری
بۆیە زۆر کات پێویست ناکات دایباب هەوڵبدات منداڵەکەی بە قسە و ئامۆژگاری تیۆری ئاڕاستە بکات تەنها هەڵسوکەوتەکانی خۆی بەسە بۆ رێنمایی و رێبەری.
بە نموونە دایکێک حەزناکات منداڵەکەی شیرینی بخوات پێی دەڵێت تۆ شیرینی مەخۆ خراپە بۆ دانەکانت کەچی خۆشی سڵ ناکاتەوە لەشیرینی خواردن، بۆیە منداڵەکە بەقسەی ناکات و بەردەوام دەبێت و گوێ بەقسەکانی نادات.
یاخود دایباب خۆیان کەسانێکی بەخیلن و رق و کینەیان هەیە بۆ خزم و دۆستانیان زمانیان راهاتووە بە قسەی ناشیرین و جنێو و بێڕێزی داوای خۆشەویستی و کۆمەڵایەتی بوون و زمان پاکی لە منداڵەکانیان دەکەن.
چۆن منداڵ بپارێزین لە رەفتاری نێگەتیڤ لەناو خێزاندا؟
دایک و باوک هەرشتێک پێیان ناخۆشە لە رەفتاری منداڵەکانیاندا هەبێت دەبێت سەرەتا لەخۆیاندا ئەو رەفتارانە کەم بکەنەوە یان وازی لێبهێنن.
شەڕ و ئاژاوەی نێوان ژن و مێرد لەناو خێزاندا پێویستە هەر لەناو خۆیاندا بێت و منداڵ تێوە نەگلێنن، هەروەها سزادان هەبێت لەکاتێکدا رەفتاری خراپ دەکەن.
خێزان دەبێت رازیبێت، دان بەوەشدابنێن ئەو رەفتارە نێگەتیڤە لەوانیشدا هەیە و منداڵەکە چاو لەوان دەکات کوردەواری وتراوە (گەورە ئاو بڕشێنێ بچووک پێی لێ دەخشێنێ).
پێویستە دایک و باوک بەشێک لە رەفتار و گوفتارەکانیان لەبەرچاوی منداڵ نەکەن.
پێویستە لەکاتی هەبوونی رەفتاری خراپ لە منداڵەکەتدا ئاگاداری بکەیتەوە ئەو رەفتارەیت بەدڵ نییە و دووبارەی نەکاتەوە.
دایک و باوک پێویستە بە بەردەوامی لێپێچینەوەی ورد بکات لە رەفتارەکانی منداڵەکەی.

پێویستە شەڕی نێوان ژن و مێرد لەبەرچاوی منداڵ نەبێت

وتارەکانی نوسەر