ژیان دوای پەسەندکردنی بودجە

10:24 - 2023-06-15
مەریوان عەبدوڵڵا
499 خوێندراوەتەوە

لەوە گەڕێن بودجە پەسەندکراوەکەی عیراق بەشێکی زۆری داواکاری و خواستەکانی کوردی تێدا جێنەکراوەتەوە و دەبوو باشتربێت لەوەی کە ئێستا هەیە، بەڵام ئەگەر بە چاویلکەی 10 ساڵی رابردووی کێشە و قەیرانە تاقەتپڕوکێنەکانی هەرێم تەماشای بکەین، ئەوکات تێدەگەین سەرباری کەلێن و کەموکورتییەکانی بودجەکە، کە بۆ سێ ساڵی داهاتووە، هیوایەکە بۆ بوژانەوەی ژیانی فەرمانبەران و بەگشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ساڵانی پێش قەیرانی دارایی یان راستتر بڵێم گەڕانەوە بۆ ژیانی ساڵانی خۆشگوزەرانی، ئەو کاتەی کە دابەشکردنی مووچە هەواڵی گەرمی میدیاکانی هەرێم نەبوو پێشینەی خانووبەرە و هاوسەری و پڕۆژەی گەورە و بچووک مافێکی بچووکی خەڵک بوو، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شار و شارۆچکەکان بێ گرفت جێبەجێدەکران و کار و کاسپی خەڵک بێ گرفت و بە گشتی زۆرینەی خەڵک لەخۆشیدا دەژیان. 
راستە بودجەی پەسەندکراوی عیراق کە بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) ە بە رادەیەکی زۆر خواستەکانی کوردی وەک پێویست تێدا جێنەکراوەتەوە و نادادپەروەریی تێدایە لە دابەشکردن و دابینکردنی بودجە بۆ گەلانی عیراق بەشێوەیەکی یەکسان، هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد هەوڵی زۆریاندا بۆ جێکردنەوەی مافەکانی کورد تێیدا، بەڵام وادیارە لەم دەستبادان و ژینگەی شێواوی عیراق و پێگەی لاوازی کورد لە بەغدا، هەر ئەوەندەیان پێکرا، رەنگە چنگەکڕێی ئەوان نەبوایە ئەوەش نەکرایە. لەوەگەڕێین ئەوە تازە بوو بە بەشێک لە رابروو ئەوەی ئێستا گرنگە پابەندبوونی هەردوو حکومەتی  فیدراڵ و هەرێمە بەجێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی بودجەکە بۆ ئەوەی بەبێ سەرئێشە و بێنە و بەرە لەمەودوا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و هیچ لایەک سەرئێشە دروستنەکات. 
ئەگەر وەک ئەوەی پەسەندکراوە بەشە بودجەی هەرێم بەبێ گرفت رەوانە بکرێت بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی گەورە و ریشەیی لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا دێتە ئاراوە و کۆتایی دێت بەو سەدان قەیران و گرفتە کە خەڵک ساڵانێکە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە. 
کۆمەڵێ کێشە کە جگە لە ژیانی هەندێک لە بەرپرسان و دەست رۆیشتووەکان، بەتەواوی ژیانی خەڵکی بەگشتی هەراسان کردووە، هەرچۆنێک بێت ئەوەی رۆیشت تێپەڕی ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک کەمێک بە ئارامی و دوور لەو هەموو قەیران و کێشانە بژی و تۆسقاڵێک هەست بە خۆشی و ئارامی بکات. 
خەڵکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ساڵە باجی سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و دەستبادانی بەشێک لە بەرپرسانی  هەرێم دەدات لەگەڵ بەرپرسانی عیراق، دوای ئەو هەموو ساڵە بینیمان هەرێم بە ناچاری گەڕایەوە بۆ سەر سفرە و بەڕەی بەغدا و بەهەموو داواکارییەکانی قایل بوو، پاش ئەو هەموو کێشەیە ئێستا کاتی ئەوەیە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاقە پەنجەرەیەدا دەکەین کە بەغدا بە رووی هەرێمدا خستوویەتە سەر پشت، گرنگە پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین و جارێکی دیکە سەرکێشی و ریسک بە ژیان و گوزەرانی میللەتەکەمانەوە نەکەین و لێگەڕێین بۆ لەمەودوا کەمێک بەبێ کێشەو قەیران بژین.

تێپەڕاندنی بودجەی عیراق، هەلی کار بۆ هەزاران کەس دەڕەخسێنێت لە هەر شارێک

وتارەکانی نوسەر