‎بوومەلەرزەكەی 18 دیسەمبەر

‎كێ كەركوكی لە لێواری كەوتن پاراست؟

10:52 - 2023-12-28
مەریوان عەبدوڵڵا
235 خوێندراوەتەوە

مەریوان عەبدوڵا

‎لە دوای ئەنجامدانی ریفراندم و رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كەركوك بەخراپترین رۆژەكانیدا تێپەڕی و  لە لێواری كەوتن نزیك بوەوە، بەجۆرێك رۆژ لە دوای رۆژ رووبەڕوی بارودۆخێكی دژوار و نەخوازراوتر دەبوو كە ئەمە بۆ هەر كوردێكی خاوەن ویژدان و ناسنامەی كورد بوون ئەوپەڕی ماییەی ئازار و خەمێكی قوڵ بوو. 
‎ماوەی شەش ساڵە كەركوك چووەتە ژێر چەپۆكی دەسەڵاتێكی  خۆسەپێن و دوور لە هەناسەی پێكەوە ژیان شارەكە بەڕێوە دەبرێت،  دەسەڵاتێكی نامۆ بە شارێكی زیندووی خاوەن پرسێكی نشتیمانی و نەتەوەیی رەوا، ئەو دەسەڵاتەی كەركوك لەم چەند ساڵەدا ئەوەی پێیكرا بۆ دژایەتی نەتەوەی كورد دەستی نەپاراست و  بێ دڵی نەكرد لە بچوكردنەوە و لەقاڵبدانی پێكهاتەی كورد لە پارێزگاكەدا، دۆخێك بە تامی سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعس،روونە ئەگەر ئەم ئەقڵێتە بەردەوام بوایە لە شارەکەدا كورد لە سایەیدا چی دیكەی بەسەر دەهات و دۆخی بە كوێ  دەگەیشت !
‎كەم نەبوون ئەوانەی پێیان وابوو ئەستەمە جارێكی دیكە كورد بتوانێت باری لاری كەركوك راستبكاتەوە و دەسەڵاتی شارەكە وەربگرێتەوە، تەنانەت هەبوو دەیانوت جارێكی دیكە كورد ناگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەی كە لە پێش 16 ئۆكتۆبەر هەیبوو لە كەركوك، بەڵام بینیمان  لە ئان و ساتێکدا چی روویدا !

بوومەلەرزەكەی 18 دیسەمبەر

‎بوومەلەرزەكەی 18 دیسەمبەر كە خۆی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا بینییەوە كۆتایی بە هەموو ئەو  گرەو فاڵگرتنەوانە هێنا كە شەش ساڵ بوو گوێی هەمووانی پێ قان درابوو ، سەرەتای دەرکەوتنی خۆری هیوا هێواش هێواش  كۆتایی بەو زوڵمە دەهێنێت كە چەند ساڵێكە لە كەركوك دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوامی پێ دەدات بەرامبەر بە پێكهاتەی رەسەنی شارەکە ، كورد قۆناغێكی نوێی لە پارێزگاكەدا دەست پێكردووە و  وەک هەمیشە پێکهاتەی ژمارە یەك و خۆی خاوەنی ناسنامەی رەسەنی شارەكەیە. 

یەکێتیی نەیهێشت كەركوك بكەوێت 
‎وەک رۆژی رووناک دیارە  كێ جادوی كەوتنی كوردی لە كەركوك بەتاڵ كردەوە ؟ بۆ مێژوو ئەو هێزە بە تەنیا یەکێتیی بوو كە دووبارە هیوا و ئومێدو ئیرادە و متمانە و توانا و پێگەی بۆ كەركوك گەڕاندەوە و نەیهێشت كەركوك بۆ هەمیشە بكەوێت، چونكە پێی وابوو كەوتنی كورد لە كەركوك واتا كەوتن و كۆتایی پرسێكی رەوای خاوەن هەزاران شەهید و قوربانی ، کەوتنی کورد واتا كەوتنی خەبات و شۆڕشی رەوای گەلێك كە زیاتر لە سەدەیەكە لەپێناو كەركوكدا خەبات دەكات ، 
‎هەڵکشانی بەرچاوی دەنگەكانی یەکێتیی لە پارێزگاكەدا بۆ  هەمیشە ئەو خەونەی نەیارانی كوردی كردە خۆڵەمێش و  هەمووانی توشی شۆك و بێ هیوای کرد. لە كاتێكدا ئەگەر ئەم جارە كورد لە شارەكەدا پێگەی لاواز ببوایە نزیك بوو بۆ ماوەیەكی دوورمەودا ئەم پارێزگا كوردنشینە گرنگە، لە دەست بدەین و بە ئاسانی نەتوانین بەدەستی بهێنینەوە ، چونکە هەڵبژاردنەکە نەخشەی  داهاتووی شارەکە دووبارە بنیات دەنێتەوە.
‎زۆر هۆكار هەبوون وایكرد یەکێتیی لە كەركوك دەنگەكانی بۆ دوو هێندە زیاد بكات بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021، كە دیارترینیان لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر یەکێتیی كەركوك و خەڵكی شارەكەی بەتەنیا بەجێ نەهێشت و لەپاڵ داوا و ئازار و خەمەكانیاندا مایەوە و هیچ گوشارێكی ناوخۆیی و هەرێمایەتی نەیتوانی ئەم حزبە لە كەركوك وخەڵكەكەی داببڕێت بەڵكو هەموو كاتێك كە گوشارەكان زیاتر دەبوون یەکێتیی توندتر دەستی بەوپەتەوە دەگرت كە ئەوی لەگەڵ كەركوك و خەڵكەكەیدا گرێ دابوو. هەروەها راستگۆبوو لەگەڵ پەیامەكانیدا بۆ پارێزگاریكردن لەماف و داخوازییە رەواكانی خەڵكی كەركوك و پێشتر زۆر هەوڵیدا كۆتایی بەو دەسەڵاتە بە وەكالەتە بهێنێت كە بەزۆر  و زووڵم، خۆی سەپاندبوو بەسەر شارەكەدا، ئەو تۆمەتانەش كە بەهۆی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە خرایە پاڵ یەکێتیی، هیچی لە بارودۆخەكەی نەگۆڕی  و نەیتوانی پێگەی یەکێتیی لە شارەکەدا لاواز بکات چونكە یەکێتیی راشكاوانە مامەڵە لەگەڵ ئەم تۆمەتانەدا دەکرد و بەهۆی نەسەلماندنیانی نەیتوانی خەڵكی كەركوك لە پشتیوانی یەکێتیی سارد بكاتەوە ، زۆر لایەنیش هەوڵیاندا ئەم بۆچونە لای خەڵکی شارەکە بچەسپێنن بەڵام بینیمان و دەرەنجامی هەڵبژاردنی 18 دیسەمبەر دەی خست بەهۆی 16 ئۆكتۆبەرەوە خەڵكی كەركوك نەك سزای یەکێتییان نەدا بەڵكو پاداشتیان كرد، ئەوەیان لەیاد نەكرد تەنیا پێشمەرگەی یەکێتیی بوو دەبابە بەسەر لاشەی رۆیشت.

تەكنیكێكی نوێ
‎جگەلەوەش لەم هەڵبژاردنەدا بەرپرسانی یەکێتیی زۆر هەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی كەركوكدا كرد و بەوپەڕی ووردی وریاییەوە هەموو ئەگەر و بژاردەكانیان  تاوتوێ كرد و لەبەرچاویان گرت و هەستی نەتەوەیی خەڵکیان تەواو جۆشدا ، ئەوشێوازی بانگەشەو  بەشداریكردنەی بەرپرسانی یەکێتیی تەكنیكێكی نوێبوو بۆ  بەخشینی گۆڕوتین و جۆشدانی هەست وسۆزی خەڵك بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا، لەسەرو هەمووشیانەوە بەشداری فراوان و گرنگی خودی سەرۆكی یەکێتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئامادەبوونیان و شێوازی بەشدارییكرنیان لە نێو ئاپۆڕای خەڵكی كەركوكدا ، ئەو پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەی كە سەرۆكی یەکێتیی ئاڕاستەی خەڵكی كرد و قسەی دڵی ئەوان و یەکێتیی كرد زۆر بوێرانەو راشكاوانە بوو کە وتی: ئێمە هیچ كات خەڵكی كەركوكمان بەجێ نەهێشتووە و بەجیایان نەهێڵین و بۆ هەمیشەش لە گەڵیان دەبین و تاگەیشتن بە  ماف وئامانجەكانیان دەجەنگین و کۆڵنادەین ئەوە ئێمەین خاوەنی راستەقینەی کەرکوک. 

گرنگی ئەم هەڵبژاردنە

‎هەڵبژاردنی حكومەتی خۆجێی كەركوك كە 18 ساڵ بوو ئەنجام نەدرابوو، زۆر شتی گۆڕی و زۆرێك لە مەترسی و هەڕەشەو ئەگەرەكانیشی پوچەڵ كردەوە،  ئەگەر كورد دەنگێكی كەمی بهێنایە و بە جیاوازییەكی زۆر پێكهاتەی عەرەب و توركمان پێش كورد بونایە، ئەوكات دەمانبینی عەرەب و توركمان چەند بێ باك و كوردیش چەند سەركز و زەلیل .
‎لەكاتێكدا كورد سەنگ و بوونی خۆی لەم ناوچانە تا رادەیەكی زۆر پاراست كە بۆ لایەنە عەرەبی و توركمانەكان تا ئێستاش جێگەی تێڕامان و شۆكێكی گەورەیە، جێگەی سەرسوڕمانە لە نێوخۆی خۆمان هەندێك حزبی بچووكی هەرێمی كوردستان (بەروویەكی زەردەوە) لەبری دان نان بەشكست دوای هەڵبژاردنەكە كەوتونەتە قسەی بێ بنەما و بێ بایەخ كردنی ئەوەی بەدەست هاتووە، لە كاتێكدا خۆیان بەهەموو هێز و بانگەشەی قەبەیان و پەنجە راوەشاندنیان نەک نەیانتوانی خەونی گەیشتن بە کورسی پارێزگای کەرکوک وەدی بهێنن بەڵکو نەیانتوانی   تەنیا یەک کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاکەش بەدەست بهێنن  ! حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی دەبێت  ئەوەیان لە بەرچاوبێت ئەگەر یەکێتیی نەبوایە كەركوك دەبووە چیرۆكێكی ئازار بەخشی دیكەی میلەتەكەمان،  بۆ ئەمە دەبێت سوپاسی یەکێتیی بكەن كە توانی ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە و بۆ لەمەودوا دەتوانن بەجلی كوردییەوە و بەبێ ترس سەردانی كەركوك بكەن و روویان بێت بڵێن  كوردین .

دوور لە بەرژەوەندی حزبایەتی

‎تەنیا بۆ ساتێکیش بێت وەك كوردێك دوور لە چاویلكەی بەرژەوەندی حزبایەتی بیهێننە پێشچاوت، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی هاوشێوەی پارتی دوو كورسی بەدەست بهێنایە نەك پێنج كورسی و بە هەموو پێكهاتەی كورد خاوەنی چوار كورسی بوایە نەك حەوت کورسی، ئەو كات كورد پێگەو سەنگی لەكەركوك چۆن دەبوو رووبەڕووی چی دەبویەوە  ؟ بەدڵناییەوە هەر بە رۆژی رووناك كورد لە شارەكەدا نەك پەراوێز دەخرا بەڵكو ئەستەم بوو بە ئاشكرا بە كوردی قسە بكەیت نەك شەڕی گەڕانەوەی كەركوك و بەدەستهێنانەوە ناسنامە دزراوەكەی بكەین، ئەوەتا كورد زۆرینەیە لە شارەكە دا هەر دوای ئەنجامەكان تەنیا لەبەرئەوەی گەنجێكی كورد جلی كوردی لەبەردایە چۆن لە ناوجەرگەی شارەكە هێرش دەكرێتە سەری و ئازار دەدرێت و سوكایەتی پێ دەكرێت ،بەداخەوە ئەمە دۆخی راستەقینەی كەركوكە دوای ریفراندرم و لە دەستدانی دەسەڵاتی شارەكە لەلایەن كوردەوە ،  
‎هەرچۆنێك بێت ئێستا كە كورد قۆناغی دژواری لە كەركوك تێپەڕاندووە، كاتی ئەوەیە لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێندراوەكان، دەستبادان و ململانیەی سیاسی وەلا بنێن ،  بەتایبەت پارتی و یەکێتیی یەك هەڵوێست بن لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە و راستكردنەوەی هەموو ئەو زوڵم و نادادییەی كەدەسەڵاتی خۆسەپێنی شارەكە بەرامبەر بە كورد كردوویەتی و هاوشێوەی دوای ساڵی 2003 پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێن و كار لەسەر گەڕانەوەی متمانە بكەنەوە لەنێوان هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی شارەكە « كورد و عەرەب و توركمان « بۆئەوەی ئەو كەلتوری پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە دووبارە زیندوو بكرێتەوە و هەر پێكهاتەیەك بە هێندەی سەنگ و قورسایی خۆی، پێگە و رۆڵی بۆ بگەڕێتەوە  وهەموو پێكهاتەو دەنگ و رەنگە جیاكانی شارەكەش بە ئاشتی و ئارامی پێكەوەبژین و سەردەمێکی نوێ لە بوژانەوە و ئاوەدانی لە پارێزگاكەدا دەست پێبكات و خەڵكی كەكوك بە ئارامی و خۆشگەزەرانی و دوور لە ململانیەو ئاڵۆزی ژیان بەڕێ بكەن، تەنیا بەمە كەركوك دەبێتەوە بە خاوەنی ئەو ناسنامەیەی كە بەشێكی دانەبڕواو زیندووە لە مێژووەكەی لەم ساڵانەی دواییدا بەزوڵم و سەتەم لێی زەوت کرا.

وتارەکانی نوسەر