وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق لە بڕیارێکیدا سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژ و زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بە نەکەوتوو دادەنێت، واتا سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ بۆ ساڵی 2022-2023 دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریس وەردەگرن ئەمە گورزێکی کوشندەیە لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا لە عیراق لە داهێنان و داهاتووی خوێندکاران. مەترسی ئەم بڕیارە لەوەدایە خوێندکار سبەی داوای کار دەکات دەستی ناکەوێت، بازاڕی کار داوای زمان و کارامەیی لێدەکات نایزانێت. جگە لەوانە ئەم دەرچوانە ناتوانن دەرفەتی خوێندن لە زانکۆ باشەکانی دەرەوە پەیدابکەن، چونکە وەها بڕیارێک ئاستی ئەکادیمی زانکۆ عیراقییەکان دادەبەزێنێت. بیریشمان نەچێت هەرێمی کوردستانیش باجی ئەم بڕیارە دەدات، ئێمەی هاووڵاتیانی کورد هەڵگری رەگەزنامەی عیراقین، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێشکەوتووش بن هێشتا وەکو زانکۆ عیراقییەکان دەخەمڵێنرێن. گرفتێکی گەورەی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عیراق ئەوەیە بڕوانامە بە ئاسانی دەدەن بە خوێندکار، خوێندکار بە هەڵسەنگاندنێکی دروستدا ناڕوات. بە پێچەوانەشەوە رەهەندێکی گرنگی پێشکەوتنی زانکۆ نێودەوڵەتییە خۆرئاواییەکان ئەوەیە خوێندکار زێدە ماندو دەکەن، نمرە زۆر سەخت دەدرێت بە خوێندکار بەلایانەوە ئاساییە خوێندکار دەرنەچێت و بڕوانامە وەرنەگرێت.
بیریشمان نەچێت خوێندن لە زۆر وڵات تێچوویەکی زۆری هەیە، چەندین کەس تائێستا لەبەر تێچووی مادی نەیتوانیوە بخوێنێت. بەپێی راپرسییەک ژمارەی ئەو کەسانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە نزیک بە لە %50ن ئێستا ملیۆنان کەس بێ بڕوانامەن و دەرفەتی خوێندنیان نەبووە لەبەر هۆکاری مادی و هەژاری ئەو وڵاتانەی خەڵکەکەی دەرفەتی خوێندنیان نەبووە وڵاتە نیمچە گەشەکردووەکان دەگرێتەوە لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین، بەڵام جێگەی باسیشە ئەوە بڵێین لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەزاران کەس بێبەشن لە خوێندن بەو هۆکارەی خوێندن لەوێ زۆر گرانە و تێچووی زۆری هەیە. خوێندکار لەوێ پارە قەرز دەکات لە زانکۆ یان حکومەت، دوای چەندین ساڵ خوێندن و خۆ ماندوکردن دەبێت چەندین ساڵ ئیش بکات تا بتوانێت پارەی خوێندنەکەی بداتەوە.
ئەمەیە سەختی و نەهامەتی خوێندن لە دەرەوە و ئاسانی دابەشکردنی بڕوانامە لە عیراق و وڵاتانی نیمچە گەشەکردو. پێشنیاز بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەم ئەگەر خوێندکار شایەنی بڕوانامە نییە تکایە پێی مەدە! خوێندکار بە وەرگرتنی بڕوانامە وێنەیەکی خودی هەڵە بۆ خۆی دروست دەکات. تۆ هەروا بە ئاسانی بڕوانامەی پێدەدەی، سبەی بە مافی خۆی دەزانێت داوای کار و ژیان و گوزەرانی خۆش لەتۆ بکات. وەزیری خوێندنی باڵا خۆی ماوەیەک لەمەوبەر لە بۆنەیەکدا وتی 1/3 ی ئەوانەی تەخەروج دەکەن کاریان دەست ناکەوێت، من دڵنیام رێژەکە لەوە زیاترە.
*مامۆستای زانکۆ