بەداخەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێم گوێ ناداتە هیج یەکێک لە کێشە گەورەکانی شارەکە
بوونی کار لە ئەمڕۆدا بەستراوەتەوە بە رێز و بەهای مرۆڤەوە، واتا کەسێک ئیشی نەبێت ناتوانێت پارەی هەبێت، پارەشی نەبێت ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی دابین بکات. ئێمە لە سەردەمی جیهانگیریدا دەژین، ئەمە ئەو سەردەمەیە کە هەموو شتێک تیایدا بە بازرگانی کراوە بە رادەیەک مرۆڤ خۆشی بە کاڵا دەکرێت. شت زۆرە لەسەر ئەم باسە، بەڵام مەبەستی نووسینی ئەم وتارە باسکردنە لە نەبوونی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان بە گشتیی و زەقبوونەوەی ئەم دیاردەیە بە تایبەتی لە شاری رانیە (دەڤەری راپەڕین).
هەمووان کاتێک باسی رانیە دەکەن لە کوردستان یەکسەر راپەڕینەکەی ساڵی 1991 دێتەوە یادمان، ئاشکرایە خەڵکە قارەمانەکەی رانیە سەرمەشقی بوون و بوون بە هۆکاری هێنانەدی ئازادی بۆ کوردستان و هێنانەکایەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار دوای چەندین سەدە، لەگەڵ هەموو ئەم راستییانەدا بە داخەوە شار و دەڤەرەکە خزمەتیان نەکراوە، هەر لە نەبوونی هەلی کارەوە تا دەگاتە رێگەوبان، کارەبا و نەخۆشخانەی پێشکەوتوو و...هتد.
کۆچکردنی گەنجان
کاک بافڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانی وتارێکیدا لە شاری رانیە، ئاماژەی بۆ ئازایەتی و چاونەترسیی شاری رانیە کرد، کە مایەی شانازی و دڵخۆشی خەڵکی دەڤەرەکە بوو، ئەو ئازایەتی خەڵکەکەی گرێدا بە چاونەترسییان دژی سەدام حسێن. بۆ خەڵکی رانیە و دەروازەی راپەڕین مایەی شانازییە هەمووان بە ئازا و چاونەترس دەیانناسن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم شارە پێویستی بە خزمەت و ئاوەدانی زیاترە و وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە. بەراورد بە ناوچە و شارەکانی دیکەی کوردستان، رانیە پشکی شێری لە نەبوونی هەلی کاردا بەرکەوتووە، گەنجەکانی لە بێئومێدی و رەشبینیدا شارەکە جێدەهێڵن و روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەداخەوە لەم رەهەندەوە چەندین گەنجی جوان و خوێن گەشی ئەم ناوچەیە بوونە خۆراکی ماسییە قرشەکانی دەریای ئیجە. ئەمە لە کاتێکدایە شاری رانیە ناوەندی ئیدارەی راپەڕینە، دوو قەزا سەر بەم ئیدارەیەن، لەگەڵ 16 ناحیە و سەدان گوند، رووبەرێکی زەوی بەرفراوانی هەیە، دەشتێکی بەپیتی هەیە کە دەرفەتی گرنگیی وەبەرهێنان هەڵدەگرێت بە داهاتی زۆرباش.
زەوی بەپیت و دەستی کار
دەگێڕنەوە جاران لە کەرکوکەوە خەڵک سەردانی دەشتی بیتوێن1 یان کردووە بۆ کشتوکاڵ کردن، لەبەر بەپیتی دەشتەکەی، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێم گوێ ناداتە هیچ لەم کێشە گەورانەی لەم شارەدا هەیە و نەیتوانیوە سوود لەم خاکە بە پیت و ئەم سامانە مرۆییە وەربگرێت کە لە شار و ناوچەکەدا هەیە. زانستی ئابووری پێمان دەڵێت: پێشکەوتن و گەشەی ئابووری وڵات بە گرنگیدان بەم توانا مرۆییە دەکرێت کە لە خەڵکەکەدا هەیە، سەرئەنجام دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی تاکەکان بە گشتی، بەڵام ئێمە ئەوە نابینین سوود لەم توانا مرۆییە ببینرێت لەم شارەدا و هەرێمی کوردستانیش، بە پێچەوانەوە هانیان دەدرێت لە بێئومێدیدا شارەکە جێبهێڵن و توانا و کارامەییەکانیان لە وڵاتێکی دیکەدا بەکاربهێنن، کە ئەمەش دەبێتە مایەی سوود و قازانج بۆ خەڵکەکەی.
1: دەشتی بیتوێن یان حەوزی بیتوێنیشی پێ دەوترێت، شارەکانی رانیە، چوارقوڕنە، حاجیاوا و بۆسکێن دەگرێتەوە، ناوچەکە وەک حەوزێک وایە کە ئەم شارانەی تێدایە.
*مامۆستای زانکۆ
ناوبازاڕی رانیە