ئیسرائیل ‌وەڵامی بۆ هێرشەکان دەبێت؟

10:01 - 2024-10-07
رامیار جەمال
91 خوێندراوەتەوە

رامیار جەمال



دواجار ئێران ئەو بەڵێنەی دابووی بەوەی تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە بە جێی گەیاند و 180 مووشەکی (Ballistic کیشوەربڕی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد. 
چاوەڕوانکراو بوون
لە راستیدا ئەم هێرشە مووشەکییانە چاوەڕوانکراو بوون، چەند مانگێکە جیهان و ناوچەکە چاوەڕێی ئەوەن کە ئێران هێرش بکات و ئەوەی ئەم وڵاتە هێرشەکانی بە چ جۆرێک بۆ سەر ئیسرائیل دەکات، بە چ میکانزمێک و تا چەند رووبەری هێرشەکان فراوان دەبن. ئەوەبوو شەوی سێشەممەی رابردوو باشووری خاکی ئیسرائیل کرایە ئامانج لەلایەن ئێرانەوە هەرچەندە ئەم هێرشانە کاردانەوەی زۆری دروستکرد و ئاستی حەماسەتی زۆر کەسی بەرزکردەوە، بەڵام تەنها زیانی ماددی و کوشتنی چەند کەسێکی لێکەوتەوە، ئەگەرچی ئەو وڵاتە دوای هێرشەکان رایگەیاند تۆڵەی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵای کردوەتەوە و چیتر هێرش ناکات، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هەبێت، ئەوا تاران ئامادەی هەر ئەگەر و روبەڕوبوونەوەیەکە.
بەڵێنی تۆڵەکردنەوە
لە هەمان شەوی هێرشی مووشەکەکانی ئێراندا، ئیسرائیل بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل کۆبوونەوەی ئەنجامدا سەبارەت بە هێرش بۆ سەر ئێران و لەو کۆبوونەوەیەدا گەیشتن بە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران بە شێوازێکی فراوان. بەڵام ئەوەی ئەم دۆخەی خراپترکرد، هێرشی گروپە چەکدارەکانی عیراق بوو بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیل.
 وەکو کاردانەوەش ئیسرائیل بریاری تۆڵەکردنەوەی دژ بە عیراقیشدا، لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر ئێران و عیراق، ئەمەش بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیلە.
ئەگەری وەڵامی ئیسرائیل
 لە راستیدا گروپە عیراقییەکان کارێکی قورسیان کرد کە بە درۆن ‌هێرشیان کردە سەر خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوان بەو کارە تۆڵەکردنەوەیەکی حەتمیان تووشی خۆیان کرد لەلایەن ئیسرائیلەوە، چونکە ئەمڕۆ 7ی ئۆکتۆبەرە، ئەوەش واتای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو هێرشەی کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە هەزار هاووڵاتی جولەکە لە ئیسرائیل و بەرپابوونی جەنگێکی خوێناوی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا، بۆیە پێویستە چاوەڕوانی هێرشی ئیسرائیل بین بۆ سەر ئێران و عیراقیش.
 بەپێی رۆژنامەکانی ئەمریکا، هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی عیراق نزیکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هەیە وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێرانیش بە شێوازێکی بەرفراوان بێت، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە کە لە ئامادەباشیدایە بۆ هێرش. 
جەنگێکی بەرفراوان روودەدات؟
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا شرۆڤەکاران چاوەڕوان ناکەن ئەم هێرشانە هیچیان ببنە هۆکاری جەنگێکی بەرفراوان،  بەڵام لەمەودوا ئەم جۆرە هێرشە مووشەکی و درۆنیانە دەبینین و بەداخەوە ئەگەری هەیە عیراقیش ببێت بە بەشێک لەم جەنگەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەرچەند هیچ کام لەم دوو دەوڵەتە نایانەوێت جەنگێکی بەرفراوان رووبدات لە نێوانیاندا و ئەوەی هەیە هێرشی کورت مەودا دەبێت.

وتارەکانی نوسەر