ناسنامەی شاری رانیە

10:00 - 2024-10-22
رامیار جەمال
68 خوێندراوەتەوە

شار و دێهاتەکانی کوردستان پڕن لە سروشتی دڵڕفێن، لانکەی ئازادی، مەڵبەندی شۆڕش و خەڵکی دلێر. هەر شارێک ناسنامەی خۆی هەیە، سلێمانی خاوەنی نووسەر و شاعیر و داهێنانن، هەولێر خاوەنی بازرگان و کۆمپانیا و بینای بەرزن، رانیەش خاوەنی راپەڕین، شۆڕش، ئازادی و میوان دۆستین، بۆ ئێمەی خەڵکی رانیە و دەروازەی راپەڕین مایەی شانازیمانە هەموان بە ئازا و چاونەترس دەمانناسن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم شارە پێویستی بە خزمەت و ئاوەدانی زیاترە و وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە.

بەراورد بە ناوچە و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، رانیە پشکی شێری لە نەبوونی هەلی کاردا بەرکەوتووە

بەراورد بە ناوچە و شارەکانی تری کوردستان، رانیە پشکی شێری لە نەبوونی هەلی کار بەرکەوتووە، گەنجەکانی لە بێئومێدی و رەشبینیدا شارەکە جێدەهێڵن و روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەداخەوە لەم رەهەندەوە چەندین گەنجی جوان و خوێن گەشی ئەم ناوچەیە بوونە خۆراکی ماسییە قرشەکانی دەریای ئیجە. ئەمە لە کاتێکدایە شاری رانیە ناوەندی ئیدارەی راپەڕینە، دوو قەزا سەر بەم ئیدارەیەن، لەگەڵ 16 ناحیە و سەدان گوند، رووبەرێکی زەوی بەرفراوانی هەیە، دەشتێکی بەپیتی هەیە کە دەرفەتی گرنگی وەبەرهێنان هەڵدەگرێت بە داهاتی زۆرباش.
دەگێڕنەوە جاران لە کەرکوکەوە خەڵک سەردانی (دەشتی بیتوێن)1 یان کردووە بۆ کشتوکاڵ کردن، لەبەر بەپیتی دەشتەکەی، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێم گوێ ناداتە هیچ یەکێک لەم کێشە گەورانەی لەم شارەدا هەیە، هەروەها نەیتوانیوە سوود لەم خاکە بەپیت و سامانە مرۆییە وەربگرێت کە لە شار و ناوچەکەدا هەیە. 
دەسەڵاتداران و رۆشنبیرانیش پێویستە وەبەرهێنان لەم ناوچەیەدا بکەن نەک هەر لە رەهەندە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکەوە، بەڵکو لەلایەنی مرۆییشەوە.
پێویستە لێکۆڵینەوە لە کاراکتەری خەڵکی ئەم ناوچەیە بکرێت کە دەکرێت ئەمە کاری کۆمەڵناسان بێت. ئاخر خەڵکی راپەڕین دژی رژێمی بەعس وەستاو شێلگیرانە شۆڕشیان دژی کرد، هاووڵاتیانی راپەڕین بوونە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویەکی تازە بۆ هەرێمی کوردستان کە کورد دەیان سەدە بوو چاوەڕێی بوو، ئەویش دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. بەڵێ رانیە خاوەنی راپەڕینی هەرێمی کوردستانە، داینەمۆی چرای ئاشتییە، هەڵگری مەشخەڵی ئازادییە، ئازادییەک کە ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان لەبەری دەحەسێتەوە.

1: دەشتی بیتوێن یان حەوزی بیتوێنیشی پێدەوترێت کە شارەکانی رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا و بۆسکێن دەگرێتەوە، ناوچەکە وەک حەوزێک وایە کە ئەم شارانەی تێدایە.

وتارەکانی نوسەر