بەڵێ یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە

09:32 - 2023-07-12
پێشڕەو مەلا وەیسی
414 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیشە لەگەڵ یەکڕیزی و یەک وتاری سیاسی بووە بۆ ناو ماڵی کورد، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە، بۆیە سیاسەتی بێدەنگی و پاراستنی بەرژوەندییەکانی میللەتی بەرجەستە کردووە، بەڵام حزبی بەرامبەر ئەو نەرمی نواندن و گرتنەبەری سیاسەتە راست و دروستەی یەکێتی بە بەرژەوەندی خۆی شکاندووەتەوەو بەرژەوەندییەکانی میللەتی کردووەتە قوربانی بەرژوەندییەکانی خۆی، بۆیە دەڵێم سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هاودەنگتین، یەکێتی میژووە، یەکێتی خوێنی شەهیدانە، یەکێتی قوربانییە، یەکێتی هێزە.
بۆچی یەکێتی مێژووە؟
بۆ یەکێتی مێژووە؟ لەبەر ئەوەی یەکێتی لەوپەڕی نائومێدی میلەتەکەماندا بە دەنگێکی دلێر هاتەوە مەیدان و نەعرەتەی بەگژداچوونەوەی بە گوێی دوژمنانی میلەتەکەیدا داو ئاە و ئومێدی بۆ نا ئومێدبووەکان گێڕایەوەو دڕی بە شەوەزەنگی لەسەر جەستەو دڵی میللەت و باشووری کوردستاندا دا، هەروەها بووە هیوا بۆ بێ هیواکانی ئەوێ رۆژیی کاروانی خەبات و بووە چەتری کۆکەرەوەی ئەو تێکۆشەرانەی بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە چەکەکانیان رادەستی رژێمی بەعس کردەوە بە فەرمانی سەروی خۆیان، ئیتر لەو رۆژەوە بە رابەرایەتی یەکێتی و سەرکردەو تێکۆشەرەکانی مێژوو نووسرایەوە چۆکی بە سەرسەخترین دوژمنی میلەتی کورد دادا، لەبەر ئەوە بەڵێ یەکێتی مێژووە.

 


بەڵێ یەکێتی نەک هێز، حزبێکی نیشتمانییە، ئەو هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕ و خۆنەویستەیە کە ئەم هەرێمە ئازادەی خولقاند و چۆکی بە سەرجەم دوژمنانی میللەتەکەی و نەیارەکانی دادا

 

 

یەکێتی خوێنی شەهیدانە
یەکێتی خوێنی شەهیدانە؟ بەڵێ خۆینی شەهیدانە، مێژوو قوربانییەکانی ئەم حزبە لە پێناوی سەرفرازی و رزگاری میللەتەکەیدا شاهیدە، کراسی رەشی دایکی شەهیدان و گەردننی خوشکی شەهیدان بەوێنە نەخشراوی برای شەهیدی شاهیدە، فرمێسک و قرچەی جەرگ سوتانی باوکی شەهیدان شاهیدی رابردووی یەکێتی و قوربانییەکەیەتی، بۆیە لە مێژوی ناوچەکەدا یەکێتی تاکە حزبە زۆرترین قوربانی و شەهیدی داوە بۆ رزگاری گەلەکەیدا، بۆیە یەکێتی شەرەفی نازناوی حزبی شەهیدانی بە باڵادا کراوەو ناسنامەی لە خۆبردوویی و تێکۆشان و گیان فیدایی پێبڕاوە.
یەکێتی قوربانییە
یەکێتی قوربانییە؟ ئەمجارەش دەڵێم بەڵێ یەکێتی قوربانییە، ئەو دەمەی یەکێتی بەگژ قولەی قافدا چووەوەو ئاڵای سەربەستی میللەتی هەڵگرتبوو، لەو کاتەدا بەرپرسان و ئەندامانی لایەنێک لە کەمپەکاندا ژیانێکی زەلیلی و خۆشگوزەرانیان بۆ خۆیان و نەوەکانیان هەڵبژاردبوو، پێشیان وابوو یەکێتی ئاسنی ساردە کوتێت، وەک تەماشاکارێک لە دوورەوە سەیری گیانبازی یەکێتی و سەرکردەکانیان دەکرد.
لەبەرامبەردا بۆ یەکێتییەکان و سەروەری ئەم حزبە، بڕۆ بێ دوو دڵی گەیشتییە لوتکەی هەرشاخێک هەرگرد و دۆڵ و کانیاو و مزگوت و خوێندنگەیەک یان هەر کوچە و کۆڵانی گوندێک تاجە گوڵینەدانێ و سەری رێز نەوی بکە، چونکە یەکێتی لەو شوێندا رۆڵەیەکی شەهید بووە، ئەی ئەوە قوربانی نییە.
یەکێتی هێزە
یەکێتی هێزە؟ بەڵێ بێگومان ئەو هێزەیە کە بە تەنیا بەگژ هەموو نەیار و دوژمنەکانی میللەتی کوردا چووەوەو بووە هێز بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی تری کوردستانیش، کە تا ئێستاش بەردەوامەو باجەکەشی داوە، بەڵێ یەکێتی نەک هێز حزبێکی نیشتمانیەیە، ئەو هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕ و خۆنەویستەیە کە ئەم هەرێمە ئازادەی خولقاند و چۆکی بە سەرجەم دوژمنانی میللەتەکەی و نەیارەکانی دادا.
بۆیە دەڵێم سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە یەک دێڕ پێناسەی تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دا بە گویی هەمواندا و وتی یەکێتی ئەو حزبەیە دەژی و دەمرێ لە پێناوی خاک و خەڵک و نیشتمانەکەیدا، وە سیاسەتی خۆسەپێنیش لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکات.

 

حزبی شەهیدان خاوەنی قاعیدەیەکی جەماوەریی گەورەیە لە کوردستان

وتارەکانی نوسەر