پێشڕەو مەلا وەیسی
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان حزبى هەموو قۆناغەکانە، ئەمە زۆر لە مێژە وێردى سەر زمانى کادرەکانیەتى، چۆن؟
یەکێتى لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا چوار کۆنگرەى بەستووە جگە لە کۆنفرانسەکانی شاخ و پلینیۆمەکان، ئێستاش بڕیارى داوە لە 2023/9/27 کۆنگرەی پێنجەم ببەستێ، ئەمەش جۆرێکى ترى خەباتى سیاسییە کە بەشێکى زۆرى حزبە سیاسییەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست نەیان توانیوە وا بە جورئەتەوە بڕیارى کۆنگرەى حزبەکانیان بدەن، لەو پەڕى راستڕەو تا ئەو پەڕى چەپ، بەڵام یەکێتى بڕیارى بوێرانەى داوە و خۆى نوێدەکاتەوە تا بە گوڕ و تینێکى نوێوە جۆشى خەباتى سیاسى و مەدەنى نەک خۆى بگرە هەرێمى کوردستان بداتەوە.
رەچەشکێنى سیاسەت و بڕیارە قورسەکان
دەتوانین بڵێین یەکێتى وەک هەمیشە و رابردووى رەچەشکێنى سیاسەت و بڕیارە قورسەکان بووە، ئەو یەک دەنگى و یەک هەڵوێستییەى لە ئێستاى یەکێتیدا دەگوزەرێ، پێماندەڵیت کۆنگرەى پێنج کۆنگرەى تێکشکانى هەموو گرەوەکانە کە لەسەر یەکێتى و داهاتووەکەی دەکرێت. یەکێتى نوێدەبێتەوە، دەبێتەوە ئەو حزبە سیاسییە مۆدێرنەى لەپێناوى ئامانجە نیشتمانى و نەتەوەییەکاندا خەباتێکى دوور و درێژى تۆمار کردووە.
گۆڕانکارى جۆرێکى ترى خەباتە
یەکێتی گۆڕانکارى دەکات کە ئەویش جۆرێکى ترى خەباتە لەپێناوى بەرژەوەندییەکانى گەل و نیشتمان، بۆیە دەڵێم بڕیارێکى وا گرنگ و چارەنووسساز تەنها بە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و یەکێتییەکان دەکرێت.
هەر حزبێکى سیاسى نەتوانێت خۆى نوێبکاتەوە و لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکان خۆى بگونجێنێ، ناشتوانێت خزمەتى خەڵک بکات و ئومێدى لەسەر هەڵبچنرێت.
یەکێتى و یەکێتییەکان، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و بەسەرکەوتوویی دێینەدەرەوە، بە بەرگێکى نوێوە بەگوڕوتین و هێزێکى نوێوە خەبات دەکەین لەپێناوى خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و باشترکردنى ژیان و گوزەرانیان.
کۆنگرەى پێنجەم هەموو بەربەستەکان تێکدەشکێنێت و دەیکاتە بنیاتنانەوە و پێداچوونەوە و ئۆرگانەکانى نوێدەکاتەوە و جۆشیاندەداتەوە بۆ خزمەتکردنى زیاترى خەڵک و بنیاتنانى حکومەتێکى خزمەتکار و بوژاندنەوەى هەرێم
کێشە هەڵپەسێردراوەکان
چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی باشترکردنى پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە دواى کۆنگرە، کارى لە پێشینەى یەکێتى دەبێت، هەرچەندە لە رابردووش بە تایبەتی لەم دوو ساڵەى دوایدا هەنگاوەکانى سەرۆکى یەکێتى بەو ئاڕاستەیە بووە، بەڵام دواى کۆنگرەى پێنجەم هەموو بەربەستەکان تێکدەشکێنێت و دەیکاتە بنیاتنانەوە و پێداچوونەوە و ئۆرگانەکانى نوێدەکاتەوە و جۆشیاندەداتەوە بۆ خزمەتکردنى زیاترى خەڵک و بنیاتنانى حکومەتێکى خزمەتکار و بوژاندنەوەى هەرێم.
یەکێتی بە پێی قۆناغەکان کار دەکات
شێوازى کارى حزبى، بەپێی پێویستیى قۆناغەکە دەخاتەوە خزمەتى یەکێتى و یەکێتییەکان و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.
لەسەر ئاستى جیهان، حزب حکومەت پێکدەهێنێت، بۆیە حزبێکى یەک دەنگ و یەکگرتووى وەک ئێستاى یەکێتى، لەدواى کۆنگرەوە دەبێتەوە کوانووى خەبات و خزمەت و چەسپاندنى مافەکانى میللەتەکەى، سیاسەتى چەوتى حکومڕانیى لە هەرێمى کوردستان رێکدەخاتەوە و دەیخاتەوە سەر رێڕەوە راستەقینە و تەندروستەکەى خۆى، چونکە یەکێتى لە هەر قۆناغێکدا کۆنگرەى بەستبێت و بەرگى نوێبوونەوەى بە بەر خۆیدا کردبێت، کاریگەریى راستەوخۆى هەبووە لەسەر کۆى جومگەکانى هەرێمى کوردستان.
پیرۆزبێت کۆنگرەى پێنجەم و نوێبوونەوە و جۆشدانەوەى خەباتى سیاسى لەپێناوى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل.