یەکێتی‌ بۆ لەگەڵ یەک لیستییە؟

09:58 - 2023-08-10
پێشڕەو مەلا وەیسی
482 خوێندراوەتەوە

یەک لیستی‌ بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان زامنی‌ سەرکەوتن و باڵادەستیی کورد و بەڕێوەبردنی‌ خۆماڵی‌ و گێڕانەوەی‌ خاکەکەیەتی‌ بە شێوەیەکی‌ مەدەنی‌ لە چوارچێوەی‌ یاسا و بنەما دەستورییەکانی‌ عیراق کە هەرێمی‌ کوردستان لەو چوارچێوەیەدا حکومڕانی‌ خۆیی بەرجەستە دەکات. ئەگەر لە رابردوودا بە شێوازی‌ شۆڕش و چەکداریی‌ خەباتکراوە لەپێناوی‌ گێڕانەوەی‌ کەرکوک و خاکی‌ کوردستان، ئەوا ئێستا شێوازەکە گۆڕاوە بۆدیاریکردنی کاندید و حزبەکەی لە رێگەی دەنگدانەوە. 
یەکێتی‌ تەنها حزبی‌ گۆڕەپانی‌ سیاسییە کە بە دەنگێکی‌ دلێر و خستنە ژێرپێی‌ خواستە حزبییەکانی‌ خۆی‌ و بە بیرێکی‌ نیشتمانی‌ و نەتەوەییەوە تەماشای‌ دۆزی‌ کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات، چونکە تێگەیشتووە کە تەنیا بە یەک لیستی‌ و یەک دەنگی‌ لایەنە سیاسییەکانی‌ کورد زامنی‌ گێڕانەوەی‌ دەکات و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەش پێناسەی راستەقینەی خۆیان بۆ دەگەڕێتەوە.
یەکێتی‌ لەو پێناوەدا هەوڵی‌ خۆی‌ داوەو و لە دەرگای‌ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکانی‌ داوە و ئاگاداری کردونەتەوە کە لە نەبوونی‌ یەک هەلوێستی‌ کورد و کۆکردنەوەیان لە یەک لیستدا بۆ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاکانی‌ عیراق، چ کارەساتێک بەسەر خاک و خەڵکی‌ ئەو ناوچانەدا دەهێنرێت! بەدەستی‌ کورد خۆی‌! بۆیە پێویستە تا کات ماوە حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەو مەغروری‌ و بەرژەوەندییە حزبییەکانیانیان وەلاوەبنێن و کەمێک کوردانە و  نیشتمانییانە بیربکەنەوە و کوردبوون و خوێنی‌ شەهیدان و قوربانییەکانی‌ میللەت لە بەرچاوبگرن و بەیەک لیستی‌ کوردی‌ بەشداری‌ بکەن و مێژوو بۆ خۆیان بنووسنەوە و ئاهێک بگێڕنەوە بۆ گەرووی‌ وشکی‌ خەڵکی‌ ئەو سنوورانە و ئاگر و گڕ و کڵپەی‌ بابەگوڕگوڕ زیاتر جۆشدەنەوە، ئینتیمامان  بۆ خاک و ئاڵا و شەهید و گەل و قوربانییەکان بگێڕنەوە، بە دۆست بڵێن یەکین، با نەیاریش شکستی‌ خۆی‌ ببینێ و هەموانیش لە دوای‌ سەرکەوتن ئەی‌ رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکەی‌ بڵێنەوە، ئاڵای‌ پیرۆزی‌ کوردستان لە کەرکوک بدەنەوە دەستی‌ پەیکەری‌ پێشمەرگە و با هەموانیش بچنەوە بەردەمی‌ و سەری‌ رێز نەوی‌ بکەین و هەرپێکەوە شانازی‌ بەو سەرکەوتن و دەستکەوتەوە بکەین ئەگەر نا مێژوو ناتانبورێت و دایکی‌ شەهیدانیش نەفرەتان لێدەکات و نەوەی‌ شەهیدانیش ئێوە بە میراتگری‌ خۆیان نازانن.

وتارەکانی نوسەر